ئەنجامنامەی کۆنفرانسی پەرلەمانی ئەوروپا راگەیێنرا: دەبێت ئەردۆغان دادگایی بکرێت و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بناسرێت

لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسە دوو رۆژییەکەی پەرلەمانی ئەورۆپا باس لەوە کرا، تورکیا بەو تاوانانەی ئەنجامی داوە، چەندین پەیمانی نێودەوڵەتی بنپێ کردووە و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت.

ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە، لە ژێر ناوی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) کە لە ١١ و ١٢ی کانویی یەکەم لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوە چوو، بڵاو کرایەوە کە چەندین ئەندام پەرلەمان، سیاسەتمەدار، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لێکۆلەر و ئەکادیمی، یاساناس و رۆژنامەنووس، تێیدا بەشدار بوون.

لە ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی گۆتۆبێژ لەسەر چەندنین بابەتی تایبەت بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کراوە. بە تایبەت داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا کە بە یارمەتی گروپە تیرۆرستەکان ئەنجامی داون. هەروەها باس لەوەش کرا کە تورکیا بۆ رێگریکردن لە باسکردنی تاوانەکانی جەنگ، کەیسی کۆچبەران لە دژی ئەورۆپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەکار دەهێنێت، هەروەها لە دژی کورد، سوریانی، عەرەب و کەمینەکانی تر، تاوانی شەڕی، وەکو پاکتاوی نەژادی و داگیرکەری و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام داوە.

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە ئەو رووداوانەی روو دەدەن لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانن کە بە واتای بنپێکردنی مافی دراوسێیەتی و ئەمنی و ئاشتی نێوەدەوڵەتی دێت.

هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کرا لە دژی داگیرکەرییەکان هەڵوێستێکی جدیی بنوێنن.

لە ئەنجامنامەکەدا بەشداربووانی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکە، داوایان لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە دژی هێرشە نایاساییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) بە زووترین کات هەڵوێستێکی جدی بنوێنن.

ئەو پەیمانانەی دەوڵەتی تورک بنپێی کردوون

لە ئەنجامنامەکەدا باس لەو پەیمانانە کرا کە دەوڵەتی تورک بە تاوان و داگیرکەریی و کۆمەڵکوژییەکانی بنپێی کردوون و بەم شێویە باسی لێوە کرا:

پەیمانی نەهێشتنی تاوانی قڕکردن و سزادان: لە سەرێکانی و عەفرین ئەو تاوانانەی لە بەرامبەر کورد و عەرەب ئەنجام دراون، دەکەونە چوارچێوەی بنپێکردنی ئەم پەیمانەوە.

پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە هەر جۆرە پاکتاوێکی نەژادی- ساڵی ١٩٦٥: لە دژی گەلی کورد و کەمینەکانی دیکە، هەموو جۆرە جیاکارییەکی نەژادی کراوە.

پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی ئابۆریی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی ساڵی ١٩٧٦: لە سوریا لەو ناوچانەی داگیر کراون، تاوانەکانی دژی کورد و گەلانی دیکە دەکەونە چوارچێوەی بنپێکردنی ئەم پەیمانەوە.

پەیمانی دژی ئەشکەنجەو زۆرداریی تایبەت بە مامەلەی خراپ و سزادان و کردەوەکانی دژی مرۆڤایەتی.

پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی وەکو (چەکی بایۆلۆجی و سووتێنەر و چەکی کیمیاوی و هتد..): لە سەرێکانی و عەفرین چەکی فسفۆری سپی بەکار هێنرا.

پەیمانی تایبەت بە رێگەنەدان بە هیچ جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان: لەم چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنان بە تایبەت بوونەتە ئامانجی سوپای تورک و گروپە جیهادییەکان. وەک نمونەش باس لە سیاسەتمەدار هەڤرین خەلەف کرا کە چۆن ئەشکەنجە درا و شەهید بوو.

پەیمانی تایبەت بە مافی منداڵان: وەک نمونەی بنپێکردنی ئەم پەیمانەش باس لە رووداوەکەی ٢ کانونی یەکەم کرا کە چۆن ٨ منداڵ لە تل رەفعەت بە بۆردومانی دەوڵەتی تورک کوژران، لە هەمان کاتدا چەندین منداڵی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کوژراون.  

پەیمانی نێودەوڵەتی رێگریکردن لە پشتیوانی ماددی بۆ تیرۆر: تورکیا خۆی چەکداری توندڕەو و گروپی جیهادی دروست کرد. پەروەردەی کردن و هەموو جۆرە یارمەتییەکی دان، کە ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی بنپێکردنی ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییە.

پێویستە ئەردۆغان دادگایی بکرێت و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بناسرێت

لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە تورکیا بەو کردەوانەی ئەنجامی داون، بەرپرسیارە لە تاوانەکانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی. هەروەها جەخت کرایەوە کە ئەو تاوانانەی لە دژی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە کراون، بە دڵنییاییەوە پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رسواو شەرمەزار بکرێن و ئەم داوایە ئاڕاستەی پەرلەمانی ئەورۆپا و رێکخراوەکانی یەکێتی ئەورۆپا و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرا.

پێویستە سوپای تورک و لایەنگرە جیهادییەکانی لە  باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەت لە عەفرین و ئدلب بکشێنەوە.

ئەو کەسانەی لە سەر خاکی خۆیان ئاوارەو دەربەدەر کراون، پێویستە بە شێوەیەکی پارێزراو بگەرێنرێنەوە سەر جێگای خۆیان.

گروپە تورک و جیهادییەکان و ئەوانەی بەشداری داگیرکەرییەکە بوون و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە، دەبێت بخرێنە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە و میکانیزمێک بۆ پاراستنی داد و یەکسانی، دروست بکرێت.

بۆ دادگاییکردنی داعش و گروپەکانی دیکەی جیهادی و ئەوانەی گومانی بەشداربوونی تاوانی جەنگیان لێدەکرێت و تەنانەت تورکیاش، پێویستە لە باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بە یارمەتییەکی نێودەوڵەتی دادگایەک ساز بکرێت. پێویستە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش راپێچی بەردەم دادگاکە بکرێت، چونکە ئەو بەرپرسیاری یەکەمە لەم هەموو تاوان و بنپێکارییانە.

پێویستە  بەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) بەشداری پێ بکرێت لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا و دەبێت بەشدار بێت لە کۆمیتەی دەستووری سوریا کە بە پێشەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەبرێت.

پێویستە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هێڵی دژە فڕین رابگەیێنرێت.

پێویستە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە لایەن یەکێتی ئەورۆپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی جیهانەوە بناسرێت.

ز.ش