ئەنجوومەنى ئەوروپا ناڕەزایەتیى توندی لە دژی دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکانى هەدەپە نیشاندا

کۆنگرەى بەڕێوەبەریى هەرێمى و خۆجێى ئەنجوومەنى ئەوروپا (KONGRE) ناڕەزایەتیى توندی لە دژی دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکانى هەدەپە نیشاندا و رایگەیاند، ئەو کارە زیانێکى گەورە بە کاروباری دیموکراسیى خۆجێى دەگەیەنێت.

ئاندریاس کاناپی سەرۆکی کۆنگرەى بەڕێوەبەریى هەرێمى و خۆجێى لە ئەنجوومەنى ئەوروپا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆر نیگەرانن لە دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکانى گەورە شارەکانى ئامەد و وان و مێردین.

کاناپی راشیگەیاندووە "هاوسەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانى شارەکانى ئامەد، مێردین و وان، کە ٣ گەورە شاری باشووری رۆژهەڵاتى تورکیان، لەسەر کارەکانییان دوورخراونەتەوە و لە شوێنەکانیاندا قەیوم دانراوە. ئێمە نیگەرانیى زۆری خۆمان لەوبارەیەوە دەخەینەڕروو".

ئەوەشی راگەیاند، هاوسەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز (خاکەلێوە) لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، کە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆنگرەى  بەڕێوەبەریى هەرێمی و خۆجێیەوە چاودێریکرابوو. وتیشی "ئەو کارە بەڕێوەچوونی دیموکراسیى خۆجێى لە بەشێوەیەکى قورس دەخاتە مەترسییەوە".

هەروەها وتەبێژ ماژا کۆجیژانسیک-یش بە ناوی نوێنەری باڵاى سیاسەتى ئەمنی و دەرەوەى یەکێتیى ئەوروپا بە ناوی فیدریکا مۆگرینی-یەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکان زیان بە دیموکراسیى خۆجێى دەگەیەنێت.

ژ.ت