بوڵدان: دەبێت شاندە سیاسییەکانیش بڕۆن بۆ ئیمراڵی

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە رایگەیاند، نەک تەنها پارێزەران و بنەماڵەکان، بەڵکو پێویستە شاندە سیاسییەکانیش بڕۆن بۆ ئیمراڵی.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە رایگەیاند، چاوپێکەوتنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پارێزەران و بنەماڵەکان باشە، بەڵام ئەوە کەمە، چونکە بۆ کردنەوەى رێگا چارەیەکی سیاسی دیموکراتیک بۆ چارەسەرکردنى کێشەی کورد پێویستى بەوە هەیە شاندە  سیاسییەکانیش بڕۆن بۆ ئیمراڵی.

'هەر کاتێک گۆشەگیری هەبێت قەیران و ئاڵۆزییەکان دەستپێدەکەن'

بوڵدان لەبارەى چاوپێکەوتنى رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەى وتى "ئێمە هەموو کات بڕوامان بەوە هەبوو؛ کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ رێزدار ئۆجالان ئەنجام درابێت ئەوا بە بەردەوامی لە تورکیادا پرۆسەى بێ شەڕ هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هەر کاتێک ئەو دەرگایە بەهۆی گۆشەگیریى رەهاوە داخرابێت و هاتوچۆکردن بۆ ئیمراڵی ئاستەنگ کرابێت ئەوا ئەو کاتە قەیران و ئاڵۆزی و مۆتەکە روویانداوە".

بوڵدان وتیشی، پرۆسەی دانوستانەکان کە ئەو بۆخۆیشی تیایدا بەشدار بووە، بووبوونە ئومێد بۆ داهاتوو و منداڵەکان و ماوەیەکى ئارام بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە دیسانەوە تورکیا چووەتە دۆخی شەڕ و نائارامی و نا ئومێدییەوە.

'چالاکییەکانى مانگرتن بوونە هۆی تێکشکاندنى گۆشەگیری'

بوڵدان رایگەیاند، دواى ٨ ساڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و دواى ماوەیەکى دوور و درێژیش چاوپێکەوتنى بنەماڵەکان و سەرباری ئەوەى ئەو چاوپێکەوتنانە زۆر دواخران و درەنگ بوو، بەڵام هەنگاوێکى باش بوون.

راشیگەیاند، چالاکییەکانى مانگرتن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە -KCD) بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبوویەوە و لە هەر چوار لای جیهانەوە مرۆڤەکان جەستەى خۆیان رووبەڕووی مردن کردەوە و بەو شێوەیە چالاکییەکەیان ئەنجامدا و بەڕێوەیان برد.

بوڵدان ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئەوەى گۆشەگیری تێکبشکێنرێت تێکۆشانێکى گەورە بەڕێوەچوو و ئێستاش بە تێکشکاندنی ئەو گۆشەگیرییە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکان گرنگ و بەهادارە. دایکانی لەچک سپی بە چالاکییەکانیان لە بەردەم زیندانەکان و دانیشتنیان لە پەرلەمان دا رۆڵێکى گەورە و رەنجێکى گەورەیان هەبوو لە تێکشکاندنی گۆشەگیری دا.

'دەبێت چاوپێکەوتنەکان سنووردار نەکرێت بە پارێزەران و بنەماڵەکانەوە'

بوڵدان ئەوەشی وت، بە ئەندازەى ماوە و دەرفەتى دیدارەکان پەیامەکانى ئۆجالان زۆر گرنگ و بەهادارن و وتیشی "رێزدار ئۆجالان بەو پەیامانەى کە ناردوونی دەڵێت، دەبێت لە گۆڕەپانەکان و جومگەکانى ئاشتیى کۆمەڵایەتى و لێکتێگەیشتن و لە جومگەکانى سیاسەتى دیموکراتیک دا بەرەوپێشچوونی گرنگ روو بدەن. لە پەیامەکانى بەڕێز ئۆجالان دا هێڵێکى ورد هەیە تاوەکو مرۆڤ رامانە سیاسییەکانى شۆڕ بکاتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە. نەک تەنها بۆ ئەو کەسانە، کە لە چالاکیى مانگرتندا بوون. بەڵکو بۆ دەوڵەت و حکومەتیش پەیامى هەیە؛ ئەو دەڵێت، دەبێت تورکیا بە دیموکراسی بکرێت. تورکیا چۆن بە دیموکراسی دەکرێت؟

بە چارەسەرکردنى کێشەى کورد و بە کردنەوەى شوێن و پێگەیەک بۆ سیاسەتى دیموکراتیک، بە ئازادی هەزاران مرۆڤ، کە تەنها بەهۆی لێدوان و رادەربڕینەوە زیندانیکراون. هەڵبەت بۆ بەدیهاتنى ئەوەش نابێت تەنها چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکان سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت شاندە سیاسییەکانیش بڕۆن بۆ ئیمراڵی. بۆ ئەوەش دەبێت چاوپێکەتنەکان تەنها لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکان دا سنووردار نەکرێت، چونکە پرۆسەیەکى لەو شێوەیە رێگا بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنى کێشەکان دەکاتەوە".

'دەبێت تورکیا بۆ بابەتى سوریا نەخشەڕێگایەکى نوێ دابنێت'

بوڵدان لەبارەى گرنگیى پەیامەکەى ئۆجالان لەسەر سوریا ئاماژەى بەوەکرد، کاتێک ئەوان وەک شاند دەچوون بۆ ئیمراڵی بابەتى سوریا و پێگەى کورد لەوێ بە بەردەوامی دەبووە رۆژەڤ و  بەڕێز ئۆجالان لەبارەى بابەتى سوریاوە دەیوت "سوریا هێڵی سووری منە" و بە بڕواى من ئێستاش هەر بەو جۆرە بیر دەکاتەوە.

ئەو ٤ ساڵە وتی، دەبێت سیاسەتە هەڵەکانى تورکیا لەسەر سوریا راوەستێنرێن و دەبێت بە نووسینەوەى دەستوورێکى نوێ دەستکەوتەکانى کورد مسۆگەر و گەرەنتى بکرێن و دیالۆگ بکرێت. لەو ڕووەوە دەتوانێت نەخشەرێگایەکى نوێ بۆ تورکیا دابڕژێت و پێویستیش بەوە هەیە. دۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات، ئەو عەقڵییەتەى کە کورد بە نەبوو دەزانێت و کورد پاکتاو دەکات و کار بۆ لەناوبردنى دەستکەوتەکانى دەکات، بە بەردەوامی و هەموو کاتێک تورکیا تووشی شکست و دۆڕان دەکات".

'چارەسەری لەگەڵ ئاکەپە نابێت، لەگەڵ کۆمەڵگە دەبێت'

بوڵدن ئاماژەى بەوەشکرد، پرۆسەى چارەسەری و دانوستان دەبێت بە موخاتەب زانینى لایەنەکان دەستپێبکات و لە پەیامەکەى ئۆجالان دا ئەوە دەستنیشان کراوە، کە دانوستان لە ئارادا نییە و لەبەر ئەوەش تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ پرۆسەى چارەسەری لە گۆڕێ نییە.  

بوڵدان ئەوەشی راگەیاند "دواى هەڵبژاردن ئەوان نەک لەگەڵ ئاکەپە، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵگە و هێزە دیموکراسییەکان و لایەنە ئاشتیخوازەکان دا چارەسەری دەخەینەڕوو. دەبێت لە تورکیا پرۆسەى ئاشتی و دانوستان لەلایەن کۆمەڵگەوە بخوڵقێنرێت. دەبێت ئاشتیخوازان، ئەکادیمییەکان، نووسەران و رۆشنبیران دەست بەو پرۆسەیە بکەن. دەبێت هەموو تورکیا بە تەواوەتى خاوەنداری لەو پرۆسە و قۆناغە بکەن. من باسی پرۆسەیەک دەکەم، کە لە دەوڵەت و حکومەت سەربەخۆ بێت و کۆمەڵگە خۆی بۆ خۆی دایبنێت و جێبەجێى بکات. تەنها بزووتنەوەیەکى لەو شێوەیە دەتوانێت دەوڵەت و حکومەت بخاتە ناو پرۆسەیەکى لەو شێوەیە. لەو کاتەدا مرۆڤ دەتوانیت باس لە پرۆسەیەکى راستەقینەی دانوستان بکات".

'ستراتیژمان بۆ ٢٣ی حوزەیران ناگۆڕێت'

بولدان لەبارەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئیستەنبول لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٢ی پووشپەڕ وتی، ستراتیژییان هەر وەک کاتى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی خاکەلێوە دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکى تیادا ناکرێت. دیسانەوە بۆ ئەوەى ئاکەپە بە دۆڕاندن بدەین لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکاندا دەبینە هیوا و ئومێد بۆ بە دیموکراسیکردنى تورکیا و رەنجیشی بۆ دەدەین.

ر.م