'بۆ بەدیهاتنی ئاشتی، سەرەتا دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت'

دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئەستەنبول جەختی کردەوە، ئاشتی بە کۆتایهاتنی گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەدی دێت.

دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئەستەنبول، لە بارەی بەیاننامەی ئاشتیی هەدەپە کە لە ١ی ئەیلولدا ئاشکرای کرد، لە ناوەندی کۆمەڵەکەی لە ناوچەی فاتیح کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا لێدوانێک بڵاو کرایەوە و بەدیعا گوککوز دایکی ئاشتی بە کوردی و پەلیهان ئاکبولوتیش بە زمانی تورکی لێدوانەکەیان خوێندەوە.

'سەرچاوەی هەموو کێشەکان'  

لە لیدوانەکەدا باس لەوە کرا کە، بە هۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بە دەیان هەزار کەس لە شەڕ و پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بۆیە بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە، هەر چیەک پێویستە ئێمە ئامادەین بیکەین.

دایکانی ئاشتی رایانگەیاند، هەموو کێشەکانی تورکیا بە هۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوەیە و تیشکیان خستە سەر ئەوەی ئەو پرسەش بە توندکردنی گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، هەنگاو بۆ هەنگاو ئاڵۆزتر دەبێت.

لە لێدوانەکەیاند دایکانی ئاشتی وتیان، بۆ چارەسەریی، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و هەڵومەرجی دانوستان دەست پێبکاتەوە.

دەستپێشخەریەکەی هاوکات رایگەیاند، گۆشەگیری گەورەترین رێگریە لە بەردەم بەدیهاتنی ئاشتی و جەختیشی کردەوە، بۆ ئەوەی دەستی ئاشتیی هەدەپە لە هەوا نەمێنێت، دەبێت هەموو کەسێت پشتیوانی لێبکات.

ز.ش