بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" سکاڵا لە دژی فەرهاد تونچ تۆمارکرا

بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" سکاڵا لە دژی هونەرمەند فەرهاد تونچ کرایەوە. تونچ راگەیاند "ئەگەر سەرۆک کۆمار هەڵە بکات، مافی ئەوەم هەیە رخنەى لێبگرم".

لەلایەن داواکارى گشتیى کۆماری تورکیا لە بیویوک چەکمەجەی ئیستەنبول، سکاڵایەکى تر لە دژی هونەرمەند فەرهاد تونچ تۆمار کرا. هۆکاری تۆمارکردنى سکاڵاکە بۆ بڵاوکردنەوەى تویتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى تویتەر دەگەڕێتەوە. لە سکاڵاکەدا ئیدعای ئەوە کراوە، فەرهاد تونچ "سوکایەتیى بەسەرۆک کۆمار" کردووە.

تونچ: لە سەردەمێکى تاریکداین

فەرهاد تونچ لەبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "لە رێگەى پارێزەرەکەمەوە زانیم کە سکاڵایەکی ترم لە دژ کراوەتەوە. هۆکارەکەشی بۆ توتێکم دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوم کردووەتەوە. داواکارى گشتیى کۆماری ئیدعای ئەوە دەکات لەو تویتەدا 'سوکایەتیم بە سەرۆک کۆمار' کردووە".

راشیگەیاند "لەم وڵاتەدا ئەگەر کەسێک هەڵە بکات جا ئەو کەسە سەرۆک کۆماریش بێت، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە رەخنەى لێبگرین، بەڵام بە داخەوە ئێستا ئێمە لەسەردەمێکى تاریکداین. ئەوان رەخنەیەکى بچووکیش تەحمول ناکەن. ئەوان منیان کردووەتە ئامانج. دەزگاى دادوەری و دادگاکان بۆ بێدەنگ کردن و سەرکوتکردنى هاووڵاتییان بەکار دەهێنرێن".

ر.م