"تاوەکو لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکە نەکرێت، چارەسەری بەدی نایەت"

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، تاوەکو لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەى پاریس نەکرێت، کێشەى کورد چارەسەر نابێت.

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە بە بۆنەى ٦هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى پاریسەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا و رایگەیاند، سەرباری ئەوەى ٦ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بکەران و کردەوەکانى پشتی پەردەی ئەو کۆمەڵکوژییە ئاشکرا نەکراون.

بەشتاش راشیگەیاند، تورکیا و فەرەنسا لەبارەى ئەو کۆمەڵکوژییەوە هیچ کارێکیان ئەنجام نەداوە. لەگەڵ ئەوەدا کە لە پاریس ٢ سکاڵاى نوێ بۆ روونکردنەوەی چۆنیەتیى کۆمەڵکوژییەکە و ئاشکراکردنى بکەرانى پشتی ئەو کۆمەڵکوژییە تۆمارکراون، بەڵام هیچ نەکراوە و لە بەدواداچوونەکانى تورکیاشدا، جگە لە نووسراوەکەى ئاسایشی ئەنقەرە هیچ شتێکى تر نەکراوە.

بەشتاش بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە لە رۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دا / ١٩ی بەفرانبار دا پرۆژە پێشنیازێکى پێشکەشی پەرلەمانى تورکیا کرد و لەو بارەیەوە رایگەیاند، بە روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە لەمپەرەکانى بەردەم چارەسەریى کێشەى کوردیش روون دەبنەوە.

دەبێت حسابی ئەو کۆمەڵکوژییە بدرێت

بەشتاش رایگەیاند، دواى ئەوەى لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ١٤ی بەفرانبار لە ئیمراڵی چاوپێکەوتن ئەنجامدرا، بۆ تێکدانى ئەو چاوپێکەوتنانە و 'قۆناغی چارەسەری' ئەو تیرۆرە ئەنجامدرا. سەرباری ئەوەى دەسەڵاتى ئاکەپە لە دواى ئەو کۆمەڵکوژییە رایگەیاند، کە هێرشەکە لە دژی پرۆسەى چارەسەرییە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە پێچەوانەى ئەو قسەیەى جوڵاتەوە. تاوەکو حسابی ئەو کۆمەڵکوژییە نەدرێت، کێشەى کورد چارەسەر نابێت.

ئاشکرایە میت لە ناو تیرۆر و کۆمەڵکوژییەکەدایە

بەشتاش سەرنجی خستەسەر بەرپرسیاریى فەرەنسا و تورکیا بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە و وتى "روون و ئاشکرایە میت لە ناو ئەو کۆمەڵکوژییەدایە. بەڵگە و تۆمارە دەنگییە ئاشکراکراوەکان و ئەوەی کە عومەر گیونەى کاتێک چووە بۆ ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسانى میت دا کۆبووەتەوە، خراونەتە روو و سەلمێنراون. بەپێى نووسراوەکەى بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئەنقەرە بۆ داواکارى گشتیى کۆماری ئەنقەرە، ئەو راستییەوە جارێکیتر سەلمێنرایەوە. هەموو شتێک ئاشکرا و روونە. هاکان فیدان سەرۆکى میت بۆ خۆی دانی بەوەدا نا، کە بەڵگەکان لە میت ئامادەکراون و رایگەیاندبوو، بەدواداچوونی بۆ دەکەن، بەڵام ساڵانى بەسەردا تێپەڕی و هێشتا هەنگاوێکیان نەناوە".

بە ئەنقەست ساکینە جانسز و هاوڕێکانى کرانە ئامانج

بەشتاش ئاماژەى بەوەکرد، لە ئەنجوومەنى ئەوروپا و لە کۆنفرانسی ئەو ئەنجوومەنەدا فیدان دۆغانی ناسیوە و رایگەیاند، مرۆڤێکى زۆر هێژا، بە ورە، پڕ لە وزە و سەرکەوتوو بوو لە کاری دیپلۆماسیدا.

ئاماژەى بەوەشکرد "لە کۆمەڵکوژییەکەدا ٣ نەوەیان کردە ئامانج. ئەو ٣ سیاسەتمەدارە ژنە کە کوژران، مرۆڤگەلێکى هێژا بوون. ئەو ٣ ژنە تێکۆشەرە بە ئەنقەست هەڵبژێردران و کرانە ئامانج. بەرخودانى ژنان لە ناو تێکۆشاندا روون و ئاشکرایە. بۆیە خواستیان بەو کۆمەڵکوژییە پرۆسەى چارەسەری کۆتایى پێبهێنن. خواستیشیان رێگەى لە تێکۆشانی ئازادیى ژن و داواى ئازادیى گەلی کورد بگرن".

بە پێداگرییەوە کار بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن

بەشتاش ئەوەشى راگەیاند، بە دڵنیاییەوە دەبێت کۆمەڵکوژیى پاریس لە پەرلەمان لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت، چونکە ئەو بابەتە تەنها پەیوەندیى بە هەدەپەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیى بە هەموو هاووڵاتییانى تورکیاوە هەیە.

بەشتاش کە هەموو ساڵێک، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیى ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس، پرۆژە پێشنیازی بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە پێشکەشی پەرلەمان کردووە رایگەیاند، بە پێداگرییەوە دەیانەوێت کۆمەڵکوژییەکە و هەموو لایەنەکانى ئەو کۆمەڵکوژییە روون بێتەوە.

ر.م