تورکیا بڵاوکردنەوەى هەواڵی لەسەر کارەساتی وەرگەڕانى شەمەندەفەرەکەى تەکیرداغ قەدەغەکرد

لە ناوچەى چۆرلوی پارێزگاى تەکیرداغ بەهۆی 'رووداوی' وەرگەڕانی شەمەندەفەرێکەوە ٢٤ کەس مردن و ٣١٨ کەسی تریش برینداربوون. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاش پارەى بۆ چاپکراوە و سەرقاڵی مەراسیمى سوێندخواردنەکەیەتى.

٥ى ڤاگۆنى شەمەندەفەری هێڵی کاپکول – ئیستەنبول رۆژى یەکشەممە لە هێڵ دەرچوون و بەپێى راگەیاندراوى راێژکارى وەزارەتى تەندروستیى تورکیا بەهۆی ئەو رووداوەوە، ٢٤ کەس مردوون و ٣١٨ کەسى تریش برینداربوون.

وەزارەتى گواستنەوە و دەریا و راگەیاندنی تورکیا بلاویکردەوە "رۆژی ٨ى تەمووزی ٢٠١٨ ، لە کاتژمێر ١٧:٠٠دا ٥ ڤاگۆنى شەمەندەفەری ژمارە ١٢٧٠٣ لە هێڵ دەرچوون و وەرگەڕان".

بەرپرسانى تورکیا هۆکارى ئەو رووداوەیان بۆ 'خراپیى کەش و هەوا' گەڕاندووەتەوە. وەزارەتى گواستنەوە و دەریاوانی و راگەیاندن لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە "بەهۆى بارانى زۆرەوە زەویى هێڵى شەمەندەفەرەکە رۆچووە و بەو هۆیەوە شەمەندەفەرەکە لە هێڵ دەرچووە".

بۆ بڵاوکردنەوەى هەواڵیان لەسەر رووداوەکە قەدەغەکرد؟

دواى ئەوەى هەندێک گومان لەسەر هۆکارى رووداوەکە بڵاوبوویەوە، بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا بڵاوکردنەوەى هەموو جۆرە هەواڵ و زانیارییەکى لەسەر رووداوەکە قەدەغەکرد.

هاوکات رۆژنامەى جمهوریەتی تورکیا لەبارەى کارەساتى ئەو شەمەندەفەرەوە بڵاویکردەوە، ئابڕووچوونێک لە رووداوەکەدا روویداوە.

بەپێى هەواڵى ئەو رۆژنامەیە، رۆژی ١١ى حوزەیرانى ٢٠١٨ بۆ پشکنین و چاودێریکردنى ئەو رێگا ئاسنینە بڕیارێک دەرکراوە،  بەڵام ئەو بڕیارە ٣ رۆژ پێش هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران پووچەڵکراوەتەوە.

هەموو تواناکانى دەوڵەت خرایە خزمەتى ئەردۆغان و خزمەتگوازییان پشتگوێخست

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە بارەى ئەو رووداوەوە رایگەیاند، هەموو تواناکانى دەوڵەت خراونەتە کار. بەڵام بەپێچەوانەى ئەو لێدوانەى ئەردۆغانەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەبینرێت، کە هەموو تواناکانى دەوڵەت بۆ مەراسیمى 'بە سوڵتان بوونی' ئەردۆغان خراونەتە کار.

دواى رێوڕەسمى سوێندخواردنى ئەردۆغان لە پەرلەماندا، لە کۆشکیشدا رێوڕەسمێکى گەورە بۆ ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت. ئەردۆغان لەلایەن دەستەیەک ئەسپ و سوارکارەوە پێشوازیى لێدەکرێت و ١٠١ تۆپ دەتەقێنرێن. هاوکات پارەی تایبەت بۆ ئەردۆغان چاپ کراوە. ئەو پارە تایبەتەى بۆ ئەردۆغان چاپکراون، دراوی ١ لیرەین و بەسەر میوانەکاندا دابەش دەکرێن و بەشێک لەو پارەیەش دەخرێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەى مامەڵەى پێوە بکرێت.

ئەردۆغان هەموو تواناکانى دەوڵەتى خستووەتە خزمەتى خۆی و هەموو کارە خزمەتگوازییەکانیان پشتگوێخستووە و ئەوەش لە چەندین شوێنى باکووری کوردستان و تورکیا زیانى بە هاووڵاتییان گەیاندووە.

ر.م