توومان: دەبێت ڕێگە بە عەفرینێکی دیکە نەدرێت

مایکڵ توومان نووسەری ڕۆژنامەی دی زایت-ی ئەڵمانی سەرنجی ڕاکێشایە سەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین، کە داگیریان کردووە و بانگەوازیی کرد "دەبێت ڕێگە بە عەفرینێکی دیکە نەدرێت".

پلانە داگیرکارییەکانی ڕژێمی تورک لەسەر ڕۆژئاوا لەلایەن میدیا ئەوروپییەکانیشەوە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت. نووسەری ڕۆژنامەی ناوداری ئەڵمانی دی زایت مایکڵ توومان لە نووسینیێکی ئەم دواییەیدا هەڕەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک، بۆ سەر کورد شرۆڤە کردووە. توومان بە نووسینێک بەناوی "دەبێت ڕێگە بە عەفرینێکی دیکە نەدرێت"، ئەو کوردانەی لە سوریا بە پاڵپشتیی ئەمریکا کۆتاییان بەداعش هێنا و ئێستا چەندین داعشیان لە گرتووخانەکاندا گرتووە، دۆخی سیاسی ناوچەکەی هەڵسەنگاندووە.

توومان نووسیویەتی، ئەردۆغان چەمکەکانی کورد و "تیرۆر" دەخاتە یەک ڕیزەوە. لە ڕۆژهەڵاتی فورات، کە تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی لێدەکات چەندین پەنابەر لە دەست داعش هەڵاتبوون لەوێ دەژیان. راشیگەیاندووە، ساڵی ٢٠١٨ عەفرینی زۆرینە دانیشتوی کورد داگیر کراوە.

'ئەردۆغان هاوکات دەگاتە دوو ئامانج'

لە شیکارییەکەدا هاتووە، دەبێت هەڕەشەکانی ئەردۆغان بە شێوەیەکی جدی ببینرێن، لەبارەی ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا لە عەفرین روویانداوە  نووسیویەتی:

'بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٣٧ هەزار کەس لە عەفرین بە ناچاری کۆچیان کردووە. بەپێی رێکخراوى چاودێریى مافەکانی مرۆڤی سوری، ئەو ژمارەیە لە ٣٥٠ هەزار کەس زیاترە. بەپێی دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، لە عەفرین سەرچاوەکانی ژیان لە ناودەربێن و دار زەیتوونەکان دەسووتێنرێن و لە رەگەوە هەڵدەکنرێن. هاووڵاتییان بە زۆر لە ماڵەکانیان دەردەکرێن و عەرەب لە شوێنەکانیان نیشتەجێ دەکرێن. سەرەڕای ئەوەش ئەردۆغان دەڵێت، عەفرین شاری کورد نییە، شاری عەرەبە.

ئێستا ئەردۆغان دەیەویت پەنابەرە عەرەبەکانی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و بەهەمان شێوەى عەفرین نیشتەجێ بکات، چونکە ئیتر کەسێک بە پەنابەرانی سوریا ناڵێت 'بەخێر بێن' ئەو پەنابەرانەی لە تورکیان ژمارەیان زیاتر لە ٣ ملیۆنە، سەرۆک کۆماریش لە شوێنێکی نوێ دەگەڕێ بۆیان. ئەگەر ئەو پەنابەرانە لەسەر سنوور نیشتەجێ بکرێن، لە یەک کاتدا دوو ئامانج دەپێکێت؛ یەکەمیان، ژمارەی پەنابەران کەم دەبێتەوە و دووەمیش کۆتایى بە باڵادەستیى کورد لە باکوری سوریا دەهێنێت."

ئەو نووسەرە ئەڵمانییە، باسی پاکتاوی ڕەگەزی و بەزۆر کۆچپێکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای گەلان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، لە تورکیا ئەو رەفتارە نامۆ نییە، جینۆسایدی ئەرمەنەکان، کۆچبەرکردنی دوو ملیۆن کەسی نێوان یۆنان- تورکیا، ڕووداوەکانی سەردەمی داگیرکردنی قوبرس نمونەی زەقی ئەو مێژووەن.

توومان لە نووسینەکەیدا داواى کردوە، نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بابەتی "ناوچەی ئارام" ئەو پرسیارانە لە تورکیا و ئەمریکا بکات، چونکە تورکیا و ئەمریکا لەسەر بابەتی "ناوچەی ئارام" ڕێککەوتوون.

"سەربازانی تورک تا چەند دەچنە ناو هەرێمی کورد؟ ئەمریکی، تورک و کورد دەتوانن یەکینەی گەشتی هاوبەش دابنێن؟ ئەمریکا چۆن دەتوانێت پێش بە پێکدادانی نێوان سەربازانی تورک و جەنگاوەرانی یەپەگە بگرێت؟ لەوەش گرنگتر کێ دەتوانێت بەر بە پلانی کۆچبەرکردن بگرێت؟ کێ دەتوانێت رێگری لەو پلانە بەرفراوانەى ئەردۆغان بۆ نیشتەنجێکردنى پەنابەرەکان و خۆسەپاندنى بەسەر ناوچە کوردییەکاندا بگرێت؟"

مایکڵ توومان لە ٢٠٠٣ەوە پەیامنێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕۆژنامەی دی زایت-ە و بەو بانگەوازە کۆتایی بە نووسینەکەی هێنا "دەبێت ڕێگە بە عەفرینێکی دیکە نەدرێت."

ژ.ت