تەڤگەری ئازادی: وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێهیوایی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی بە توندی ڕەخنە کرد و ڕایگەیاند، وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێهیوایی بڵاوکردەوە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتی"ئێمە و ھاووڵاتیان چاوەڕێ بوین سەرۆکی حکومەت مژدەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاڵۆزییانە بداتە خەڵکی و باس لە شێوازی چارەسەری دۆخەکە بکات، پێمان وابوو پەیامی ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی کە تەنھا بە ھۆکاری ڕای جیاواز لە زیندانن دەکات بە جەژنانە بۆ کەسوکارەکانیان، بەڵام بەداخەوە وتاری بەڕێزیان نەک دڵخۆشکەر نەبوو بەڵکو زیاتر بێ ھیوایی دروست کرد."

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەم شێوەیەیە:

" سەرۆکی حکومەت لە بری ھیوا بێ ھیوایی بڵاو کردەوە

بەداخەوەین کە بارو گوزەرانی خەڵکی لە دۆخێکی خراپدایە لە ئێستادا جگە لە موچەخۆران کاسبکار، جوتیار، بازرگان و سەرجەم چین و توێژەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بوونەتەوە، ئەمە سەرەڕای دڵەڕاوکێی خەڵکی لەو مەترسیانەی کە کەرکوک و گەرمیان و ناوچە جێناکۆکەکانی گرتۆتەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

ئێمە و ھاووڵاتیان چاوەڕێ بوین سەرۆکی حکومەت مژدەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاڵۆزیانە بداتە خەڵکی و باس لە شێوازی چارەسەری دۆخەکە بکات، پێمان وابوو پەیامی ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی کە تەنھا بە ھۆکاری ڕای جیاواز لە زیندانن دەکات بە جەژنانە بۆ کەسوکارەکانیان، بەڵام بەداخەوە وتاری بەڕێزیان نەک دڵخۆشکەر نەبوو بەڵکو زیاتر بێ ھیوایی دروست کرد، جگە لەوەش حکومەتی بێ بەری کرد لە هۆکاری دروست بوونی ئەو کێشانە، بە تایبەت هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانی هەرێمی گێڕایەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بغداد، ئەمە لەکاتێکدایە پێش دروستبوونی ئەو کێشانەی کە باسیان لێوەکرد دۆخی خەڵکی لە ئێستا باشتر نەبوو، ھاوکات پەیامی ئەوەی دا کە نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو لە داھاتودا ئەگەری نەمانی موچەکانتان زیاترە، ئەمەش نیشانی دەدات کە سەرۆکی حکومەت نەیتوانیوە لە ململانێ سیاسی و بگرە حیزبیەکانیش خۆی دەرباز بکات و ھەوڵی چارەسەری بدات نەک دیسانەوە بە قەیرانێک قەیرانی دیکە دابپۆشێت، بۆیە وەک تەڤگەری ئازادی داوا لە لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەین لەگوشارکردنە سەر حکومەت بەردەوام بن و لایەنی بەشداری ناو حکومەتیش بەو بێهەڵوێستیەی حکومەت ڕازی نەبن لەوەش دڵنیاین خەڵکی بەم وتارەی سەرۆکی حکومەت دڵخۆش نەبوون و ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبن، گرنگە دەنگی ناڕەزایەتی گەل و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەک بخرێن، بە پێچەوانەوە دۆخی زۆر ناھەموار چاوەڕوانمان دەکات وەک لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا دیار بوو."

ف.ق