حزبە کوردستانیەکانی کەرکووک هێرشی دەوڵەتی تورکیایان بۆسەررۆژئاوا ئیدانەکرد

حزب ولایەنە سیاسییەکان کەرکوك لەسەرئاستی پەیوەندییە سیاسیەکانیان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا هێرشی دەوڵەتی تورکیایان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانەکرد.

ئەمرۆ حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکووک لە سەر ئاستی پەیوەندییە سیاسیەکان لە مەلبەندی (٦)ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کەرکوک کۆبوونەوە بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بارودۆخە ئیستای ناوچەکە بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی ، پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەناوی سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیان کرد بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.

جێگای باسە کە داوا لە هەموو لایەنە کوردیەکان کرابوو بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بن بەڵام نۆێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نۆێ ئامادە نەبوو لە کۆبوونەوەکەدا.

مامۆستا فاخر حەمید بەرپرسی پەیوەندێەکانی مەلبەندی (٦)ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سەر ناوی لایەنە سیاسێەکانی کەرکووك ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە وەکو حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک بەتوندی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەین بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، وە سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک پشتیوانی گەڵەکەمان دەکەین لە رۆژئاوای کوردستان، وە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکین بە ئەرکی خۆی هەڵستێت بەرامبەر ئەم پێشەڵکارییانە.''

هەروەها مامۆستا فاخر حەمید ووتی: '' پشتیوانی لە مافە رەواکانی هاووڵاتیانی عیراق دەکەین جەخت لەسەر پێکەوە ژیان دەکەینەوە لەنێوان پێکهاتەکاندا،

پێشنیار دەکەین کۆبونەوەیەکەکی باڵا ئەنجام بدرێت لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکانی لەهەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسی یەکەمی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک و بەشی پەیوەندیەکانیان بۆ هەر پێشهاتێک کە ئەگەری روودانی هەیە لەم دۆخە هەستیارەدا."

لە کۆتایدا مامۆستا فاخر حەمید بەناوی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک ووتێ: "داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین بەزووترین کات حوکمی سەربازی لەسەر شاری کەرکوک هەڵبگرێت و مەلەفی ئەمنی شارەکە بداتەوە دەست پۆلیس و هێزە ناوخۆیەکانی شارەکە."

ک-ش