حوسێن حەجی: خۆبەڕێوبەری مافی ئێزدییەکانە

حوسین حەجی بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی (پادێ) دەڵێت: "دوژمنایەتیی تورکیا بۆ شەنگال پاشخانێکی مێژینەی هەیە، لە ئێستاد لایەنێکی کوردی هاوکارییان دەکات، بەڵام خۆ بەڕێوبەری مافی ئێزدییەکانە".

حوسێن حەجی بەپرسی ڕێکخستنی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی (پادێ) دەربارەی دوایین دۆخی شەنگال و پیلانگێڕییەکان لە دژی گەلی ئێزدی لە شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هێزە هەرێمییەکانەوە، ئەمانجی کۆبوونەوەکانی نوێنەرانی شەنگال لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو و خواستەکانی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە حکومەتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

دەربارەی ئامانجی هاتنی شاندێکی شەنگال کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراتی ئیزدی (پادێ)، کە ماوە چوار ڕۆژە لە شاری سڵیمانین حوسێن حەجی بەرپرسی رێکخستنەکانی پادرێ ڕایگەیاند: "ئێمە وەک شاندی شەنگال کە پێکهاتوین لە نوێنەرانی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی و مەجلیسی خۆسەری و دیموکراسیی شەنگال، بە پێویستمان زانی بێینە شاری سلێمانی و سەردانی لایەنەکان بکەین. لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە سەردانی چەن لایەنی سیاسی وەک یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانمان کرد و پێشوازییەکی باشیان لێمان کرد. ئێمە لەسەر چەند خاڵێکی گرینگ و لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە گفتوگۆمان کرد، چونکە لە نێوان شەنگال و هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە، لەسەر ئەو خاڵانە گفتوگۆمان کرد و گەیشتینە ئەنجامێک کە بەرژەوەندیی هەردولامان دەپارێزێ. بە بڕاوی ئێمە دەتوانین لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند کارێکی هاوبەش بکەین لە شەنگال، چونکە لە ئێستادا هەڵبژاردنیش نزیک بووەتەوە، جگە لەوەش هەندێک پیلانگێڕی لەسەر شەنگال هەیە، کە چەند لایەنێک پێشەنگایەتی بۆ دەکات بۆ نموونە حەملەی تەعریب کردن هەیە و لە ئێستادا سونە مەزهەبەکان پێشیان خستوە و دەیانەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانیانەوە ئەنجامی بدەن، هەموو کەسیش دەزانێت شەنگال موڵکی ئێزدییەکانە. سەرەڕای ئەوەی خەڵکی شەنگال کۆمەڵکوژیی زۆر بینیوە، بەڵام دیسانەوە دەیانەوێت دەستێوەردان بکەن و پیلانگێڕی لەسەر شەنگال و خەڵکی شەنگال بکەن. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان بە ئێمە وت، چیان لەدەست بێت بۆ شەنگالی بکەن لە ڕوی سیاسی، ئیداری، هەماهەنگی و چاکسازی چی پێویست بێت بۆ شەنگالی بکەن. لە ڕاستیدا نەک تەنها ئەمڕۆ بەڵکو پێشوتریش یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان هاوسۆز بووە لەگەڵ خەڵکی شەنگال و هەڵوێستی ئەرێنیی هەبوە لەگەڵ خەڵکی شەنگال".

"لایەنێکی کوردی لەگەڵ تورکیا لە شەنگال هەماهەنگی دەکات"

حوسێن حەجی دەربارەی هێرش و بۆردوومان و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیە وتی: "داگیرکاری و هێرشەکانی تورکیا بەرامبەر کورد ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکو بە سەدان ساڵە ئەو لە دژی کوردانە و بە تایبەتیش لە دژی ئێزیدین. جارێکی دیکە تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر شەنگال و بە فڕۆکەکانی شەنگال بۆمبەباران دەکات، ئەو کارەش لە ڕێگەی چەند لایەنێکەوە دەکات. هەندێک لەلایەن سونە مەزهەبەکانەوە گرێدراوی تورکیان و هەندێکیش لە لایەن کوردەوە لەگەڵیان هەماهەنگن، بەداخەوە هەندێک لەلایەن ئێزیدیشەوە هاوکارییان دەکەن لە دژی ئێزیدی. بە هەمو شێوەیەک نە لە ڕوی سیاسی، یاسایی و جوگرافییەوە تورکیا مافی نییە، کە دەستێوەردان لە شەنگال بکات، بەڵام تورکیا ئەوەی کردوەتە بیانوو و دەڵێت، لە شەنگال پەکەکە هەیە و پەکەکە مەترسییە بۆ سەر جوگرافیای تورکیا، ئەوەش تەنها بیانوە. سەبارەت بە پرسی پەکەکە ئەمەوێت ئەوە بڵێم، ماوەیەک ئێزیدیەکان پێویستیان پێیان هەبوو و لە ساڵی ٢٠١٤ هاتن بۆ شەنگال و ئێزیدییەکانیان پاراست، ئێزیدییەکانیان ڕزگار کرد، ئێزیدییەکانیان پەروەردە کرد و سیستمێکیان دایە دەست ئێزیدییەکان، کە تاکو ئێستا ٧٤ جار کۆمەڵکوژ کراون بۆ ئەوەی ئێزیدی خۆیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار بکەن. ئەو سیستمەش خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی شەنگالە و بۆ ئەوەشە خەڵکی شەنگال خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و منداڵ و ژن و گەنجی خۆیان بپارێزن. ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەبوو، کە لەو کاتەدا هیچیان پارێزگاریان لە خەڵکی شەنگال نەکرد، پەکەکە لە کاتی خۆیان ئەرکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقیی خۆی پێکهێنا و لە ساڵی ٢٠١٨ بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراقدا لە شەنگال کشانەوە، بەڵام ئەگەر باسی بیانوی تورکیا بکەین خۆ پەکەکە لە قوبرس و یۆنان نییە، لە لیبیا نییە ئەمە تەنها بیانوە، چونکە حکومەت دەزانێت و خەڵکیش دەزانێت کە تورکیا داگیرکاری دەکات. عێراق ناتوانێت سنووری خۆی بپارێزێت، ئەگەر سیادەی عێراق هەبوایە و ئەگەر سەروەریی خاکی عێراق هەبوایە تورکیا نەیدەتوانی هەمو ڕۆژ بێتە ناو خاکی عێراقەوە و بۆردومانی مەخمور و شەنگال و ناوچە سنووریەکان بکات".

پەرلەمان نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزدییەکانی لێ نییە!!

حوسێن حەجی بەرپرسی رێکخستنەکانی پادێ دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەکارییەکانی ئێزدییەکان و هەوڵی دروستکردنی یەكێتییەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان وتی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا ئێمە یەکێتییەکمان لە نێوان حزبە ئێزدییەکان دروستکرد بۆ ئەوەی دەنگمان بۆ لایەنەکانی تر نەچێت، بەداخەوە ئەو حزبانە گرێدراوی لایەنی دیکە بوون و بەپێی بەرژەوەندیی ئەوان کاریان دەکرد، بۆیە ڕێکەتنەکە سەری نەگرت. ئەگەر باسی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا بکەین کە مستەفا کازمی (سەرۆک وەزیرانی عێراق) بڕیاری لەسەر داوە، کە ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئێمە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە دەکەین. خەڵکی ئێمە لە شەنگال نییە، وەک دەزانین لەهەر کوێ بن لە ژیر کارییگەری ئەوان دەنگ دەدەن، لە لایەکی دیکەشەوە ئەوە ڕوون بوو، کە ساختەکاری کرا و دەنگەکان هەموی دابەش کرابوون. لەو دەنگدانە پێکهاتەکان مافیان خورا بە تایبەتیش مافی ئێزیدییەکان کە نەیانتوانی نوێنەرێکی خۆیان بنێرنە پەرلەمان و کاریان بۆ بکات. لە ئێستادا نوێنەرێکمان هەیە کە خەڵکی بەعشیقایە، بەڵام بەپێی بەرژەوەندیی شەنگالییەکان مامەڵە ناکات، ئەو هیوایەی ئێمە بەومان هەبوو وا دەرنەچوو. ئێمە باوەڕمان بەم هەڵبژاردنە نوێیە هەیە، کە دەکرێت، چونکە لە ڕێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەکرێت و دەنگی ناوچەیەک ناچێت بۆ ناو ناوچەیەکیتر، بەم شێوەیەش دەنگەکان بڵاو نابێتەوە و ساختەکاریش دروست نابێت".

"خۆبەڕێوەبەری مافی خۆمانە"

دەربارەی داواکارییەکانیان لە حکومەتی عێراق بۆ خۆبەڕێوبەرییەکی تایبەت لە شەنگال بۆ ئیزدیەکان ناوبراو وتی: "ئێمە بە یەکێتی و برایەتی دەتوانین شەنگال ئاوەدان بکەینەوە، پێنج هێزی سەرەکی ئێمە هەیە، دەتوانین بەو هێزانە شەنگال بپارێزین. ئێمە شتێکمان لە دژی دەوڵەت و لە دژی سیستمی حکومەت نەکردوە، وەکو هەمو گەلان ئێمەش مافمان هەیە. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە کەیسەکەی ئێمەیان گۆڕی، لە کەیسی کۆمەڵکوژییەوە گۆڕا بۆ کەیسێکی سیاسی و ئێستا هەم لەلایەن عێراقەوە و هەم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کێشەمان بۆ دروست دەکەن. ئەگینا ئێمە وەک میللەتی ئێزدی ئێش و ئازاری ئێمە یەک شتە، هەمومان کۆمەڵکوژ کراوین لەسەر یەک ناو، باوەڕمان یەک باوەڕە و داواکاریشمان هەر هەمان داواکاریی خەڵکی ئێزدییە، بەڵام هەنێک لایەن ناهێڵن ئێمە یەکبگرین، دواکارین حکومەتی عێراق پشتیوانی لە بەڕێوبەریی شەنگال بکات و ئەو خۆ بەڕێوبەرییە، کە ئێستا هەیە مافی خۆمانە".

ژ.ت