دادگای ئۆسلۆ نەرویجی بەهۆی رادەستکردنی تاشدەمیر بە تورکیا مەحکوم کرد

گولیزار تاشدەمیر چالاکوانى ژن داواى مافی پەنابەریى لە دەوڵەتى نەرویج کردبوو، بەڵام دەوڵەتى نەرویج داواکەى رەتکردەوە و رادەستى تورکیای کردەوە، لەبەر ئەو کارەش لە دادگا دەوڵەتى نەرویج بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ تاوانبار کرا.

دادگاى بەرایى شاری ئۆسلۆی پایتەختى وڵاتى نەرویج، دەوڵەتى نەرویجی بەهۆی رادەستکردنى پەنابەری سیاسی گولیزار تاشدەمیر بە تورکیا، بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ مەحکوم کرد.

چالاکوانى ژن گولیزار تاشدەمیر لە ساڵی ٢٠١٥دا داواى پەنابەریى لە نەرویج کردبوو، بەڵام داواکەى قبوڵ نەکرا و لە ٤ی تەممووزی ٢٠١٨ / ١٣ی پووشپەڕ لەلایەن دەوڵەتى نەرویجەوە رادەستى دەوڵەتى تورکیا کرایەوە.

تاشدەمیر لە دواى ئەوەى داواى پەنابەریى مرۆیى و سیاسیى لەلایەن دەوڵەتى نەرویجەوە رەتکرایەوە، لە ئەڵمانیا داواى پەنابەریى کرد، بەڵام لە چوارچێوەى پەیمانى دوبلن دا داواکەى تاشدەمیری رەتکردەوە و لە ٢ی تەممووزی ٢٠١٨ / ١١ی پووشپەڕدا رادەستى نەورویجی کردەوە.

سەرباری ناڕەزایەتیى رێکخراوی لێبوردنى نێودەوڵەتی (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) و رێکخراوەکانى ژنان، بەڵام دەوڵەتى نەورویج لە ٤ی تەمموزی ٢٠١٨ / ١٣ی پووشپەڕ دا گولیزار تاشدەمیری رادەستى تورکیا کرد. تاشدەمیر لە فڕۆکەخانەى تورکیا دەستگیرکرا و دواى پشکنین و ئەشکەنجەکردنى زیندانیکرا.

ئەوەش لە نەرویج لە ناو حیزبەکان و رێکخراوەکانى ژناندا ناڕەزایەتییەى گەورەى لێکەوتەوە. جان بیرکەلان پارێزەری تاشدەمیر لە دژی دەوڵەتى نەرویج، کە تاشدەمیری رادەستى تورکیا کردەوە، سکاڵاى تۆمار کرد.

لە دواى ئەو سکاڵایە دادگاى بەرایى شاری ئۆسلۆ، دەوڵەتى نەرویجی بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ مەحکوم کرد، کە پەنابەری سیاسی گولیزار تاشدەمیری رادەستى تورکیا کردووەتەوە.

فەرمانگەى کۆچبەرانی نەرویج-یش ئەوەی قبوڵکردووە، کە رادەستکردنى گولیزار تاشدەمیر بە تورکیا هەڵەیە و لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٨ / ٢ی گەلاوێژ دا داواى پەنابەرییەکەى تاشدەمیری قبوڵ کردبوو.

****

****

****

****

 

ژ.ت