دادگای تورک دەستدرێژیکەرێکى بەردا

ب.ک دەستدرێژیکردبووە سەر منداڵێکى تەمەن ١٦ ساڵ، بەڵام سەرباری راپۆرتی نەخۆشخانەش لەلایەن دادگاوە بەردرا.

پیاوێک بە ناوی ب. ک لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئانتالیا دەستدرێژیکردبووە سەر منداڵێکى تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی ن.د. لەسەر ئەو دەستدرێژییە سکاڵا لەسەر ب. ک تۆمار کرا و ب. ک بە تاوانی 'دادۆشین و چەوسانەوەى زایەندی لە دژی منداڵ' و 'زەوتکردنی مافی ئازادیی کەسێک' دەستگیرکرابوو. لە ٣هەمین دانیشتنی دادگایەکەدا ئەمڕۆ دۆسیەکەی ب. ک لە لقی ٧هەمی دادگای سزا قورسەکانى ئەنتالیادا بەڕێوەچوو.

منداڵە تەمەن ١٦ ساڵەکە بە ناوی ن. د، پارێزەرەکانی، پارێزەرەکانی کەسە تۆمەتبارەکە و شاهیدانی رووداوەکە ئامادەى دانیشتنەکەى دادگا بوون. تۆمەتبار ب. ک بەهۆی کێشە لە سیستمی دەنگ و رەنگی داخراوی ناوخۆی دادگادا بەشداری دانیشتنەکە نەبوو. گوێ لە شایەتحاڵەکان گیرا و پارێزەرانی کەسی تۆمەتبار تاوانەکانى سەر کرێگرتەکەیان رەتکردەوە و داوای بەردانیان کرد. پارێزەرانی ن. د ی قوربانیش لە بەرگرینامەکەیاندا ئەوەیان روونکردەوە، کە تاوانی تۆمەتبارەکە لە راپۆرتە پزیشکییەکاندا بە روونی خراونەتەڕوو.

دوای ئەوە داواکاری گشتی داوایکرد، زیندانیکردنی کەسە تۆمەتبارەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام دەستەى دادگا بە پاساوی ئەوەى "بەڵگەکان لاوازن" بڕیاری بەردانی تۆمەتبارەکەیان دەرکرد و دانیشتنەکەى  دادگاشیان دواخست.

ئایشیم کۆنتاش پارێزەری ن. د کاردانەوەى لە دژی بڕیارەکەى دادگا بۆ بەردانی ئەو تۆمەتبار هەبوو و وتی "بڕیارەیەکە ناحقوقییە، لە دۆسیەکەدا بەڵگەکانی دەستدرێژییەکە هەیە. بەڵام مەترسیی لەناوچوونی بەڵگەکان هەیە، رەنگەر تۆمەتبارەکە بەڵگەکانی تاوانەکە لەناو ببات. لەبەر ئەوەش دەبێت هەر لە زینداندا بێت و لە زینداندا دادگایی بکرێت. من لەوەتێناگەم چۆن دەبێت خانمی دادوەر بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات. رووداوی دەستدرێژییەکە روون و ئاشکرایە، بۆیە بەردانی تۆمەتبارەکە کارێکى نایاسایی و ناحقوقییە".

ژ.ت