داوا دەکرێت ژنان لە هێزە ئەمنیەکانی شاری کەرکوک دابمەزرێن

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەسەر پەرشتی کۆمەڵەی هیوا، ژنانی کەرکوک داوای بوونی ژنانیان کرد لە ناو هێزە ئەمنیەکان.

كۆمەڵەی هیوای عێراقی، لە گردبوونەوەیەکدا داوا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکات، کە هەلی کار بڕەخسێنن بۆ ژنان و بەشدارییان پێبکەن لە دەزگا ئەمنییەکاندا. دەشڵێن: لەم ڕێگەوە دەتوانین مافەكانی مرۆڤ لە كەركوك پێشبخەین و ئارامی شارەكە بەرەو پێشەوە ببەین."

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لقی كەركوكی 'كۆمەڵەی هێوای عێراق' لە سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركوك گردبوونەوە و داوای دامەرزاندنی ژنانیان لە ناو پۆلیسی كەركوک دا کرد.

لە گردبوونەوەکەدا هاوژین حاجی بەیاننامەی كۆمەڵەی هێوای خوێندەوە، كە تێیدا هاتبوو:"ئێمە وەك كۆمەڵەی ژنان و كچانی كەركوك دەست پێشخەریمان كردووە بە ڕٍاگەیاندنی هەڵمەتێ 'ئەوان ئەفسەرن'، لە ڕوانگەی باوەڕی تەوامان بە یەكسانی و هەلی كاركردن بە پشت بەستن بە مادەی ١٤ و ١٦ی دەستوری عێراقی. بە پێویستی دەزانین پێتان ڕابگەیەنین پارێزگای كەركوك قوربانیی زۆری داوە بەهۆی ململانێی چەكدار و توندڕەویی گروپە تیرۆرستییەكان، كە ئەوەش شاڵاوی گەورەی ئاوارەیی و دەربەدەریی لێكەوتووەتەوە، كە ژنان قوربانیی گەوەرن و ڕووبەڕووی كوشتن و ڕفاندن دەستدرێژی بوونەتەوە".

هەروەها هاتبوو: "ئەم دۆخە پێویستی بە هەنگاوی هەلی كار و دامەزراندن هەیە بۆ ژنان لە ڕیزی دەزگا ئەمنییەكان لە ڕێگەی بەهێزكردنی ڕۆڵی ژنان لە بەرقەراكردنی ئارامی و ڕوبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەكان، لە هەمانكادا بەشداری پێكردنی ژنان لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوبەرایەتیی پۆلیس و بە تایبەتی لە بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ و پۆلیسی كۆمەڵگا بە سیفەتی لێكۆڵەر و ئەفسەران، دەتوانین بوار بڕەخسێنین بۆ ژنان كە تواناكانیان بەرجەستە بكەن و بتوانن پەیوەندی و متمانە دروست بكەن لە دەزگا ئەمنییەكان".

لە كۆتاییدا داوایان کردووە: "دواكارین لە وەزارەتی ناوخۆ بوار بڕەخسێنرێت بۆ ژنان وەك لێكۆڵەر و ئەفسەر لە ڕیزەكانی پۆلیس، زیادكردنی ژنان لە پۆلیس لە ڕێگای كردنەوەی دامەزراندن و هەلی كار و كردنەوەی خول و ڕاهێنان لە بوارە جیا جیاكان، لەم ڕێگەوە دەتوانین مافەكانی مرۆڤ لە كەركوك پێشبخەین و ئارامیی شارەكە بەرەو پێشەوە ببەین."

ژ.ت