داوا لە ئێران دەکرێت قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانیەکە بکاتەوە

٥ وڵات داوا لە ئێران دەکەن قەرەبووی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانیەکە بکاتەوە کە مانگی ڕابردوو بە موشەکی سوپای پاسداران خرایە خوارەوە.

هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، کەنەدا، ئەفغانستان، ئۆکرانیا و سوید داوایان لە ئێران کردووە کە لەبەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە ئۆکرانیەکە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧٦ کەس، قەرەبووی سەرجەم کەسوکاریان بکاتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، کەنەدا و سوید لە لەندەن کۆبوونەوە و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

فرانسوا فیلیپ شامباین وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند: داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی گشتگیرو ڕوون  لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە دەکەین و ئەو کەسانەشی بەرپرسیارن پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی ئۆکرانی لە جۆری بۆینگ ٧٣٧ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خرایە خوارەوەو بەوهۆیەشەوە سەرجەم سەرنشینەکانی کە ١٧٦ کەس بوون گیانیان لەدەستدا.

ب.ش