دیکتاتۆر فەرمانی لە دژ دەمیرتاش بۆ کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن دەرکرد

ئەردۆغان دانى بەوەدا نا، کە لەبارەى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار، فەرمانێکی داوە بە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى حکومەتەکەى.

سەرۆکی گشتیی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان، لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لایەنگری خۆیەوە، هێرشی کردە سەر پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش و جەختی لەوە کردەوە، کە دەربارەی دەمیرتاش فەرمانی بۆ کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ' YKS - یەسەکە' دەرکردووە.

ئەردۆغان وتیشی "کەسی زیندانیی ناتوانێت ببێتە پاڵێوراو، ناشبێت ببێتە پاڵێوراو، چونکە ئەمە دەبێتە ڕێگای خۆدزینەوەن کەواتە ئێمە بۆ ئەو دەرفەتەیان پێدەدەین؟".

ئەردۆغان دەربارەی پەخشى راستەوخۆى تەلەفزیۆن بۆ دەمیرتاش لە زیندانەوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن ئەوەشى وت، زانیاریی داوە بە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و وتیشی "خۆی لە خۆیدا پەخشى راستەوخۆ بۆ دەەمیرتاش لە زیندانەوە ئەنجام نادرێت و جگە لە ئەنجام نەدانى پەخشى راستەوخۆ دەبێت ئەوەى دەمیرتاش وتویەتى سەیرى بکرێت و دوای سانسۆرکردن بڕیارى پەخشى لێ بدرێت".

ئەردۆغان وتیشی "با لەگەڵ کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاشدا دانیشن و دواى ئەوە بڕۆن بۆ زیندان و پەخش بکەن. نابێت ئەو لە پەخشی ڕاستەوخۆوە دەرکەوێت، بەڵکو دەبێت چی وتووە کۆنترۆڵ بکرێت و پاشان پەخش بکرێت".

ر.م