'دەبێت دادگای سزا نێودەوڵەتیەکان لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕ لە سوریا بکات'

راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی رەوشی سوریاوە، تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەکات و لە دانیشتنە نێودەوڵەتیەکاندا خراوەتە بەر لێکۆڵینەوە. چەندین دەوڵەت داوایان کرد دادگای سزا نێودەوڵەتیەکانیش لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەی خۆی دەست پێبکات.

راپۆرتی سوریا لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوی نێودەوڵەتی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ٤٥هەمین دانیشتنەکانی مافەکانی مرۆڤدا لە ئۆفیسی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خرایە بەر لێکۆڵینەوە و گۆتوبێژی لەبارەوە کرا.

پاولۆ سەرگیو پینەرو سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە راپۆرتەکەی پێشکەشی دانیشتنەکە کرد و رایگەیاند، مافی گەلانی سوریا لە ئاستێکی مەترسیداردا پێشەل دەکرێت و تیشکیشی خستە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم و لە هەرێمی ئیدلب و دەوروبەری کە لە لایەن دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانیەوە داگیر کراون و وتی:"ئەو تاوانانە دەکرێت لە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگدا تەماشا بکرێن و ٩ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی سوریا بە شێوەیەک کە پێویستیان بە هاوکارییە، ژیان بەسەر دەبەن و بێبەشن لە خزمەتگوزاریە سەرەتایی و تەندروستیەکان."

'باس لە تاوانەکانی جەنگ کرا و تیشک خرایە سەر بەرپرسیارێتی تورکیا'

پینەرو تیشکی سەر تاوانەکانی جەنگ کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و سەرێکانیی داگیرکراو، ئەنجامی دەدەن و وتی:"سوپای نشتیمانی سوریا کە پشت بە تورکیاوە دەبەستێت، پێدەچێت تاوانی جەنگی وەکو بەدیلگرتن، کردەوەی زۆرداری و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی ئەنجام دابێت. سوپای نشتیمانی سوریا ئەو ناوچانەی کوردی تێدا نیشتەجێن، تاڵان دەکات و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگرێت. ناسنامە و کلتورەکانی ئەم ناوچانە رووبەرووی هێرشێکی گەورە بوونەتەوە. ئەو شوێنەوارانەی لە لایەن یونسکۆوە وەکو میراتی کلتوری تۆمار کراون، شێوێنراون و تێکدراون. تورکیا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرامبەر گروپە چەکدار و ئەکتەرەکانی سوریا. رێگریکردن لە تاوانەکانی سوپای نشتیمانی سوریا  و گروپەکانی تر، لە ژێر بەرپرسیارێتی تورکیادایە. تورکیا بەرپرسیارە لە بەرامبەر دابینکردنی مافی لێقەوماوانی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەودان و دەبێت خەڵکی مەدەنی بپارێزێت."

'دەبێت بەرپرسیارەکان ئاشکرا بکرێن و بدرێن بە دادگا'

پینەرو راشیگەیاند، ئەوان وەکو کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ میکانیزمی سەربەخۆ و بێلایەنی نەتەوەیی، لە بارەی تاوانەکانی شەڕ لە سوریا لە پەیوەندیەکی بەردەوامدان و وتی، دەبێت بەرپرسانی ئەم تاوانانە ئاشکرا بکرێن و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بدرێنە دادگا.

دوای ئەوەی پینەرو راپۆرتەکەی پێشکەش کرد، نوێنەرانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ قسەیان کرد و بیروبۆچوونی وڵاتەکانیان لە بارەی راپۆرتەکەوە خستەروو.

نوێنەری لوکسەمبورگ: هێرشەکانی سەر ژنانی کورد بە توندی ئیدانە دەکەین

نوێنەری لوکسەمبورگ لە چوارچێوەی قسەکانیدا تاوانەکانی دژی گەلانی سوریای ئیدانە کرد و وتی: دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان، گرتن و رفاندن و ونکردنی مرۆڤەکان، جێگای قبوڵکردن نیە. ئێمە هێرش و دەستدرێژیەکانی سوپای نشتیمانی سوریا بۆ سەر ژنانی کورد بە توندی ئیدانە دەکەین و داواکارین بەرپرسیارەکان ئاشکرا بکرێن."

ئیتالیا: وڵامەکان نابێت بە بێ سزا بهێڵرێنەوە

نوێنەری ئیتاڵیاش رایگەیاند، هێرشەکانی دژی خەڵکی مەدەنی بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و وتی:"وڵامدانەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سوریا و وڵامی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەبێت بە بێ سزادان نەمێننەوە. دەبێت تاوانەکانی شەڕ و تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی ئاشکرا بکرێن و بەرپرسان دادگایی بکرێن. ئیتاڵیا بۆ دادگاییکردنی تاوانباران، ئەوەی لەدەستی دێت دەیکات. تا ئەو رۆژەی یەکسانی بەدی نەیەت، ئاشتیش بونیاد نانرێت."

ئاماژە بە دادگای سزا نێودەوڵەتیەکان کرا

نوێنەری یەکێتی ئەروپاش رایگەیاند، بە هۆی تاوانەکانی سوپای نشتیمانی سوریا ئەوان زۆر دڵگران و راشیگەیاند، تورکیا بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە ناوچەکە ئەنجام دەدرێن.

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا هەروەها وتیشی، تورکیا بەرپرسیاری پاراستنی ئارامی ئەو ناواچەیە. راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لەو هەرێمانە هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی مەدەنی و دەرفێنرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و کردەوەی نائەخلاقی و بە تاڵانبردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدرێت. دەبێت دادگای سزا نێودەوڵەتیەکانیش تێکەڵ بەم بارودۆخە بکرێت و بەرپرسانی ناوچەکە وەکو بەرپرسیار لەو تاوانانە تەماشا بکرێن. کۆچبەرکردنی گەلانی باکور و رۆژئاوا-باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە زێدی خۆیان و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکە وەکو خۆی ببینرێت."

ئیرلەندا: دەبێت رادەستی دادگای سزا نێودەوڵەتیەکان بکرێن

لەسەر ناوی ئیرلەنداش باس لەوە کرا کە، ژنان و منداڵان و بە گشتی خەڵکی مەدەنی دەرفێنرێن و دەستگیرکردن و هەروەها تاوانەکانی تریش، جێگای قبوڵکردن نیە و دەبێت بەرپرسیاران سزا بدرێن. تاوانی بەم شێوە قێزەوەنە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و ئەمەش هەوڵەکان بۆ چارەسەری سیاسی لەناو دەبات. ئێمە بانگەوازی ئەوە دەکەین کە بەپرسیارانی ئەم تاوانانە ئاشکرا بکرێن.

ئەلمانیاش تورکیا بە ئامانج گرت

نوێنەری ئەلمانیاش وتی:"ئێمە دڵگرانین لە ناوچەکە کە لە ژێر کۆنتڕۆلی تورکیادایە، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت. ئێمە بە ناوی ئەلمانیاوە بانگەوازی ئاڕاستەی گشت ئەکتەرەکانی سەر گۆڕەپانەکە دەکەین کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بە رێزەوە بجوڵێنەوە و رێگە بدەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، سەردانی سوریا بکەن."

نوێنەر چەندین وڵاتی تر لەو کۆبوونەوەیەدا بۆچوونی وڵاتەکەیان خستەروو و تیشکیان خستە سەر پێشەلکردنی مافی مرۆڤ لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆلی تورکیا و چەتەکانیدان و دەوڵەتی تورکیان رەخنە کرد.

ز.ش