دەمیرتاش لەهۆش خۆی چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا!

ڕاگەیاندرا کە لە ٢٦ تشرینی دووەمەوە سەلاحەدین دەمیرتاش بێهۆشە و ڕەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.

ئایگول دەمیرتاش، خوشک و پارێزەری هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە، لەسەر هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، سەلاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانەدا لەهۆش خۆی چووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.

ئایگول دەمیرتاش ئەوەشی راگەیاندووە کە :"لە کاتژمێر ٥:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی ٢٦ی مانگی رابردووەوە، براکەم سەلاحەدین نەیتوانیوە هەناسە بدات و بەو هۆیەوە لەهۆشی خۆی چووە. ماوەیەکی درێژ لە ژوورەکەیدا بەم شێوەیە ماوەتەوە و سەرەتا بەڕێز عەبدولا زەیدان چووەتە سۆراغی. دواتر بانگی ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری کراوە و تەنیا نۆرینی (EKG) بۆ کراوە. پزیشکی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کردووەکە پێویستە دەمیرتاش رەوانەی بەشەکانی تیشک و نۆرۆلۆژی و گاسترۆنترۆلۆژی بکرێت. بەڵام دوای ئەوەی هەفتەیەکیش تێپەڕیوە، دەمیرتاش هێشتا ڕەوانە نەکراوە. بەرپرسانی زیندان ناتوانن لەژێر ئەو شتە هەڵبێن. هاوڕێ پارێزەرەکانمان لە ئەدرنە ٢٤ کاتژمێر چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن.

پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپەش لێدوانیان دا و وتیان: "سەرۆکوەکیلی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان دەچنە ئەدرنە. دەمیرتاش پێویستە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت بەرپرسی ئەو دۆخەن"         

دەمیرتاش ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

دوای ئەو جموجۆڵەی لەبارەی نەخۆشکەوتنی دەمیرتاش و رەوانەنەکردنی بۆ نەخۆشخانە دروست بوو، بڕیاردرا هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

ئایگول دەمیرتاش، خوشکی سەلاحەدین دەمیرتاش، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان ئەوەی راگەیاندبوو کە براکەی، سەکتەی دڵی تێپەڕاندووە و بەهۆیەوە تووشی بێهۆشیی بووە.

دوای ئەو لێدوانەی ئایگول، بریار درا کە دەمیرتاش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

هێشتا نەزانراوە دەمیرتاش رەوانەی کام نەخۆشخانە کراوە.

ف.ق