دەمیرتاش: هەڵوێستی گەل چارەنووسى من روون دەکاتەوە

دەمیرتاش بۆ ڕۆژنامەی (لێ کۆریەر)-ی سویسری قسەی کرد و وتی، پاڵێوراوبوونی من لە بەندیخانەوە شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ سیاسەتی تورکیا  و دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی تورکیا، کە لە بەندیخانەی جۆری ئیی ئەدیرنە دیل گیراوە، لە ڕێگەی نووسینەوە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی (لێ کۆریەر - Le Courrier)ی سویسری دایەوە، کە لە شاری ژنێف دەردەچێت.

دەمیرتاش ئەوەی خستە ڕوو دەرفەتەکانی لە بەندیخانە زۆر کەمن و لە تەشرینی دووەمی ٢٠١٦ ەوە لە بەندیخانەی جۆری ئیی ئەدیرنەم و بێجگە لە هاو ژوورییەکەم پەرلەمانتار عەبدولا زەیدان رێگا نادەن لەگەڵ هیچ بەندکراوێکی دیکەدا قسە بکەم، یان بیان بینم.

دەمیرتاش راشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە لە بەندیخانەدایە، بەڵام هیچکات هەوڵ و داواى بۆ تێکۆشان کەمى نەکردووە وتیشی "لە بەر ئەوەی ئەردۆغان و ئاکەپە لە مەیدانی سیاسییدا پێمان ناوێرن، بە ڕێگای گوشاری دادگا و ئاژاوە نانەوە لە میدیاکاندا، هەزاران ئەندامی هەدەپەیان دەستگیر و زیندانیکرد. زۆربەی هەرە زۆرمان تەنها بە هۆی خوێندنەوەى بەیاننامەکانمان لە میدیاکاندا و وتارەکانمان لە میتینگ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا تاوانبار کراوین. ئەستەمە مرۆڤ بڵێت، دەزگەی دادوەری تورکیا ئازاد وسەربەخۆیە."

دەمیرتاش ئەوەشی وت، هەدەپە گەورەترین رکابەر و گەورەترین هێزى ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیە لە دژى ئەردۆغان و  ئاکەپە و لەبەر ئەوەش بە قورسی و دژواری هێرشی دەکرێتە سەر.

پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی تورکیا  وتیشی، دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە بە هۆی ئەوەی، کە ئیدی ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی دا تاوەکو ڕێگا لەوە بگرێت نەیارەکانى خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن و بە حسابی خۆی لەو رێگەیەوە رکابەرەکانى زەوت دەکات، تاوەکو  لە ٢٤ی حوزەیران / ٣ی پووشپەڕ جارێکی دیکە ببێتەوە دەسەڵاتدار.

"گەلەکەمان بەهێز و باوەڕەوە خاوەنداری لە هەدەپە دەکەن"

دەمیرتاش لەبارەی ئەو هاوپەیمانیانەوە، کە لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکان کراون وتی "من لەو بڕوایەدام هەدەپە بە تەنها بەربەستى سەدا ١٠ تێدەپەڕێنێت. بە ڕوانینی من بەهۆی ئەوەی هەدەپەیان لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکان هێشتەوە، گەل ناڕازییە. لە ناو ئەم بارودۆخەشدا  گەل باشتر لە جاران خاوەنداری لە هەدەپە دەکات."

"پاڵێوراوبوونى من لە بەندیخانەوە شەرمەزارییەکى گەورەیە بۆ سیاسەتی تورکیا و ئاکەپە"

لەسەر پاڵێوراوبوونی لە بەندیخانەوە بۆ هەڵبژاردن، دەمیرتاش وتی "پاڵێوراوبوونی من لە بەندیخانەوە بۆ سیاسەتی تورکیا و ئاکەپە مایەی شەرمەزارییە. کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەندیخانەوە بەڕێوەدەبەم، کە دەرفەت و ئیمکانیەتەکان بۆ بەڕێوەبردنى ئەو کەمپەینە نزیکە لە ئاستى سفر. تاکە دەرفەتى من بۆ بەشداریکردن لە کەمپەینی هەڵبژاردندا ئەوەیە، کە لە ڕێگەی پارێزەکانمەوە و بە نامە لە رێگەى پۆستەوە پەیام  رەوانەى دەرەوەى زیندان دەکەم."

دەمیرتاش باسى ئەوەشیکردووە، کەمپەینی سەرەکی لە دەرەوە لەلایەن هەدەپە و ملیۆنەها هەڤاڵی ئەو بەڕێوە دەچێت و وتی"منیش لێرەوە هاوکاریی ئەوان دەکەم. ئەردۆغان بە هەموو دەرفەت و تواناکانى دەوڵەت و میدیاکانەوە بانگەشە دەکات، بەڵام من لێرەوە، لە ژورێکدا بە بڕوابوون بە هێزی ژنان و گەنجان، ئەوەی لەدەستم بێت دەیکەم."

"خاوەنداریکردنی گەل بارودۆخ و چارەنووسی من روو دەکاتەوە"

دەمیرتاش لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی "ئازادکردنی من لە دژی یاسا نییە، گرتنی من لە دژی یاسایە، ئەگەر ئەمە کارێکی یاسایی بوایە، من دەستگیر نەدەکرام. بۆیە خاوەنداریکردنی گەل و ڕووداوە سیاسییەکان دۆخ و چارەنووسى من روون دەکەنەوە."

"دەبێت هەر کەسێک بچێتە سەر سندوقی دەنگدان"

دەمیرتاش لە ڕێگەی ڕۆژنامەی لێ کۆریەر-ەوە سڵاو و ڕێزى خۆی ئاراستەی دەنگدەرانی ئەورووپا و بەتایبەتی دەنگدەرانى کوردستان و تورکیا لە سویسرا کردووە و وتی "داوا لەهەموان دەکەم، کە بە پێداگری و بە دڵنیاییەوە بچنە سەرسندوقەکانی دەنگدان و ببنە پاڵپشتی دیموکراسی و دەنگى خۆیان بەکاربهێنن."

ر.م