دەوڵەتى تورکیا دەیان سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسی دەستگیرکرد

لە ئامەد رۆژنامەنووسان عەبدولڕەحمان گۆک، کیبریە ئەڤرەن و سەمیحە ئالانکیوش لەگەڵ شەریف چامچی هاسەرۆکى هەدەپەی ئامەد و چەندین کەسی تر دەستگیرکران. راگەیاندار دەوڵەتى تورکیا لە ٨ شاردا ٩٠ کەسی دەستگیرکردووە.

پۆلیسی دەوڵەتى تورکیا لە ئامەد و ٧ شاری تردا هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵی سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووس و ٩٠ کەسی دەستگیرکرد.

پۆلیسی دەوڵەتى تورکیا سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە شاری ئامەد بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هەڵیکوتایە سەر ماڵان و دەیان دەرگای ماڵانیان شکاند. پۆلیس لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا، رۆژنامەنووسان عەبدولڕەحمان گۆک، کیبریە ئەڤرەن و محەمەد شەریف چامچی هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد و زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد.

پۆلیس بە چەکی لولەدرێژ و ئۆتۆماتیکییەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عەبدولڕەحمان گۆک و خۆی و هاوڕێ میوانەکانیى لە ماڵەکەى خۆیدا بەسەر عەرزدا درێژ کرد و دەستیانکرد بە پشکنینی ماڵەکە. دواتر پۆلیس دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لە گۆک و دەستیان بەسەر ژمارەیەکى زۆر کتێب و گۆڤار و کەلوپەلە رۆژنامەنووسییەکانیدا گرت.

دواتر عەبدولڕەحمان گۆک-یان دەستگیرکرد و لەگەڵ خۆیان بردیان و بەپێى زانیارییەکان ئەو رۆژنامەنووسەیان بردووە بۆ لقی بەرەنگاربووەنەوەى تیرۆر لە بەریوەبەرایەتیى پۆلیسی ئامەد.

هەروەها رۆژنامەنووس سەمیحە ئالانکیوش لە ئیستەنبول لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەى زانیارییەکان، کە لە دواى دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەنووسەوە بە دەستمان گەیشتووە، پۆلیس بڕیاریداوە ئالانکیوش بگوێزێتەوە بۆ ئامەد.

هاوکات پۆلیس بە ئۆتۆمبێلی زریپۆشی جۆری تۆما لە بەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد کۆبووەتەوە.

دەیان کەس دەستگیرکراون

وەزارەتى ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئامەد ٨٠ کەس، لە ئیستەنبول ٣ کەس، لە وان ٢ کەس، لە شرنەخ ١ کەس، لە ئێلح ١ کەس و لە مێرسین ١ کەسیان دەستگیرکردووە. بە گشتیى پۆلیسی دەوڵەتى تورکیا لە ٨ شاردا ٩٠کەسی دەستگیرکردووە، بەڵام بەپێى زانیارییەکان زیاتر لە ١٠٠ کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

ر.م