رژێمى ئێران لە ستۆکهۆلم ئیدانە کرا

رژێمى بەردەوامە لەسەر گوشارەکانى بۆ سەر گەلی کورد و کرێکاران و رەنجدەران و ئەو گوشار و سیاسەتەى رژێمى ئێران لە چالاکییەکدا لە ستۆکهۆلم ئیدانە کرا.

نوێنەرانى حیزبە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانى لە گۆڕەپانى سەرگل لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختى سوید کۆبوونەوە و لەسێدارەدانى ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێڕان و هەروەها هێرشەکانى رژێم لە دژی شۆفێرانى بارهەڵگرەکان، کە دەستیان بە مانگرتن کردووە، ئیدانەکرد.

لە چالاکییەکەدا داوا لە سوید، یەکێتیى ئەوروپا کرا کە لە دژی رژێمى ئێران ببنە خاوەنى هەڵوێست و هەڵوێستى روونی خۆیان ئاشکرا بکەن.

لە چالاکییەکەدا بە توندی سەرکوت و رەفتاری توندوتیژانەى هێزە ئەمنییەکانى ئێران بەرامبەر بە شۆفێرانى مانگرتوووی بارهەڵگرەکان، کە ٢ هەفتەیە دەستیپێکردووە و ٢٣٨ کەسیان لێى دەستگیرکراوە، ئیدانە کرا.

لە راگەیاندراوی کۆتایى چالاکییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ٢٣٨ شۆفێر و کرێکاران و زەحمەتکێشە بۆ ئەوەى مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت تاوەکو بتوانن بژێویى ژیانى خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، دەستیان بە مانگرتن کردووە.

داواش لە رێکخراوەکانى مافەکانى مرۆڤ و چالاکوانان کرا، کە هەر رێکخراو و کەسێک لەلای خۆیەوە پشتیوانى لەو زەحمەتکێشانە بکات تاوەکو ئازادی و دادپەروەرییان بۆ بێتەدی.

ر.م