رژێمەکەی ئاکەپە دەستی بەسەر شارەوانیەکانی نۆرشین و گوکچەباخیشدا گرت

رژێمەکەی ئاکەپە دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی ئێلح، فارقین، لیجە، ئەرخانی و گێل، دەستی بەسەر شارەوانیەکانی نۆرشین و گوکچەباخیشدا گرت.

وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک قەیومی لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی نۆرشینی بەدلیس جێگیر کرد. هێزەکانی پۆلیسی رژێمەکەی ئاکەپە باڵەخانەی شارەوانیەکەیان گەمارۆدا و هەڵیانکوتایە سەری و دەستیان بە گەڕان پشکنین کرد.

محمد فورکان سانجاکتار قائیمەقامی قەزاکە، لە پۆستی حیکمەت تاشدەمیر و دیلەک ئۆزان هەر دوو هاوسەرۆکی شارەوانی نۆرشین جێگیر کرا.

هاوکات رژێمی ئاکەپە دەستی بەسەر شارەوانی شارۆچکەی گوکچەباخی سەر بە پارێزگای سێرتیشدا گرت. سەرحاد چیچەک هاوسەرۆکی شارۆچکەی گوکچەباخی هەدەپەش دەستگیر کرا و ئیحسان ئەمرە ئایدن قەیمەقامی ناوچەی مسرجە لە پۆستەکەی جێگیر کرا.

بەیانی ئەمڕۆش دەست بەسەر شارەوانیەکانی ئێلح، فارقین، لیجە و ئەرخانی و گێلدا گیرا و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا، دەستگیر کران و قەیوم لە پۆستەکانیان جێگیر کرا.

هەدەپە لە ئەنجامی هەڵبژاردنە شارەوانیەکانی ٣١ی ئازاردا، ٣ شارەوانی گەورەی پارێزگاکان، ٦ شارەوانی شارەکان، ٤٥ شارەوانی ناچەکان و ١٢ شارەوانی شارۆچکەکان، بە گشتی ٦٥ شارەوانی بەدەست هێنابوو.

لەگەڵ دوایین دەست بەسەرداگرتنەکانیش، ٣ شارەوانی گەورەی پارێزگاکان، ٢ شار، ٣١ ناوچە و ٣ شارۆچکە دەستی بەسەردا گیراوە و قەیوم لە شوێنەکانیان جێگیر کراون. لە ئێستادا تەنها ٢٢ شارەوانی لە دەستی هەدەپە ماونەتەوە.

ز.ش