زیندانیی نەخۆش محەمەد یاماچ دەستی بە مانگرتن کرد

محەمەد یاماچی زیندانیکراو، کە تووشی نەخۆشیی قورس بووە، لە دژی کردەوە دژە مرۆڤانە و میزاجییەکانی بەرپرسانی زیندان، دەستی بە چالاکیی مانگرتن کرد.

محەمەد یاماچ لە زیندانی جۆری تیی ژمارە ٢ی بونیان لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا تووشی نەخۆشیی قورس بووە و پێویستی بەوە هەیە لە دەرەوەی زیندان چارەسەر بکرێت و لە دەرەوەى زیندان چاودێریی دۆخی تەندروستیی بکریت، بەڵام هیچ یەک لە داواکانی ئەو زیندانییە قبوڵ نەکراوە و ٢ رۆژ لەوە پێش لە رێگەى تەلەفونەوە بە ئۆگیور سایانی وەسیی خۆی راگەیاندووە، دەستی بە مانگرتن کردووە.

زیندانیی نەخۆش محەمەد یاماچ رایگەیاند، بۆ ئیدانەکردنی هەڵوێستی نا مرۆڤانە و میزاجیی بەرپرسانی زیندان، بۆ ئەوەى سەرنجی رای گشتی رابکێشێتە سەر گوشار و کردارە فارشیستییەکانی ناو زیندانەکان، دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کردووە.

ناوی محەمەد یاماچ لە لیستی زیندانییە نەخۆشەکاندایە، ک ئەو لیستە لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)ەوە ئامادە کراوە.

یاماچ لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا بە بنەماڵەکەى راگەیاندبوو، بە زۆر دەتوانێت هەناسە بدات.

سایان باسی ئەوەشیکرد، یاماچ ماوەیەکی زۆرە تووشی نەخۆشیی سی بووە و هەندێکجار هەناسەى لەبەر دەبڕێت و هەندێک رۆژیش ناچار دەبێت، ئۆکسیجینی دەستکرد وەربگرێت بۆ ئەوەى بتوانێت هەناسە بدات.

ژ.ت