سارا و رۆژبین و رۆناهی لە چەندین شار و ناوەندی ئەوروپا یادیان کرایەوە

چالاکییەکان بۆ ئیدانەکردنى کوشتارەکەى پاریس بەردەوامە. لە چالاکییەکانی فەرەنسا، یونان، ئەڵمانیا و سویسرا داوا کرا بەرپرسان و تاوانبارانى کوشتارەکە دادگایى بکرێن.

مارسیلیا - فەرەنسا

لە شاری مارسیلیاى فەرەنسا چالاکییەک لەلایەن ئەنجوومەنى ژنانى ئارین میرکان-ەوە بۆ یادی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانى پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ئەندامى بزووتنەوەى گەنجان رێکخرا.

 

لاڤریۆ – یونان

لە شاری لاڤریۆی یونان یادی جانسز، دۆغان و شایلەمەز پێشەنگەکانى ژنان کرایەوە. لە یادکردنەوەکەدا گەل وێنەی هەر ٣ ژنە تێکۆشەرەکە و پۆستەرەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرزکردەوە. لە وتەى چالاکوانانى یادکردنەوەکەدا راگەیاندرا، پێبەندی ئەو دۆز و رێگایە دەبن و تاوەکو دوا هەناسە درێژەى پێدەدەن.

هیلدس هایم – ئەڵمانیا

بە پێشەنگایەتیى ئەنجوومەنى ژنان لە شاری هیلدس هایمی ئەڵمانیا چالاکیى یادکردنەوە بۆ جانسز، دۆغان و شایلەمەز بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا سەرنج خرایە سەر گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری و ئازادی و تەندروستیى ئۆجالان.

زوریخ – سویسرا

بە پێشەنگایەتیى ئەنجوومەنى ژنانى بێریتان چالاکییەک بۆ ئیدانەکردنى کوشتارەکەى پاریس رێکخرا. لە چالاکییەکەدا دەستەیەک گوڵی رەش لە بەردەم کۆنسوڵخانەى فەرەنسا لە زوریخ دانرا. لە چالاکییەکەدا داوا لە دەوڵەتى فەرەنسا کرا، بەرپرسانى کوشتارەکە دەستنیشان و دادگایى بکات.

لوزێرن – سویسرا

ئەنجوومەنى ژنانى ئارین میرکان لە شاری لوزێرنی سویسرا چالاکییەکى یادکردنەوەى بۆ بەرز راگرتنى یادی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز رێکخست.

 لە چالاکییەکەدا سینەڤیزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئەو ٣ ژنە تێکۆشەرە، کە لە پاریس تیرۆرکران و ٣ ژنە سیاسەتمەداری تری کورد (سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر، فاتمە ئویار)، کە ساڵی ٢٠١٦ لە سلۆپی تیرۆرکران نمایشکرا.

لە چالاکییەکەدا بە ناوی چالاکوانانى بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا و ئەنجوومەنی ژنانەوە وتە پێشکەش کران.

 هاوکات لە شارەکانى لۆزان، باسل و بێرنی سویسرا چالاکیى تر بۆ بەرز راگرتنى یادی ئەو ژنە تێکۆشەرانە ئەنجامدران.

ر.م