سه‌بیحه‌ ئاسڵان باسی بینینی براكه‌ی ده‌كات له‌ ئیمڕاڵی

سه‌بیحه‌ ئاسڵان خوشكی وه‌یسی ئاكتاش كه‌ له‌ زیندانی ئیمڕاڵی به‌ند كراوه‌، پاش چه‌ندین ساڵ چاوی به‌ براكه‌ی كه‌وت. ئاسڵان باسی دیداری براكه‌ی ده‌كات.

خانه‌واده‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانییانی دیكه‌ی ئیمڕاڵی هامیلی یڵدرم، وه‌یسی ئاكتاش و عومه‌ر خه‌یری كۆنار ڕۆژی ٥ی حوزه‌یران\١٥ی جۆزه‌ردان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان سه‌ردانی زیندانی ئیمڕاڵییان كرد و چاوپێكه‌وتنیان ئه‌نجام دا. ئه‌و ٣ زیندانییه‌ له‌ كاتی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ زیندانه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ دورگه‌ی ئیمڕاڵی. عومه‌ر خه‌یری كۆنار و وه‌یسی ئاكتاش له‌ ١٥ی ئاداری ٢٠١٥ و هامیلی یڵدرم له‌ ١٥ی ته‌مووزی ٢٠١٥-ه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كه‌سوكاریان ببینن.

دوای ئه‌وه‌ی مانگرتنه‌كان له‌ دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئیمڕاڵی ده‌ستیان پێكرد، محه‌مه‌د ئۆجالان برای ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ ١٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩ سه‌ردانی ئیمڕاڵی كرد و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئۆجالان كرد.

سه‌ره‌ڕای به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌، مانگرتنه‌كان به‌ به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له‌ زیندان و ده‌ره‌وه‌ی زیندان به‌رده‌وام بوون. سه‌ره‌نجام دوای ٨ ساڵ ڕێگه‌ به‌ پارێزه‌رانی ئۆجالان درا كه‌ سه‌ردانی ئیمڕاڵی بكه‌ن. له‌ ٢ و ٢٢ی ئایار پارێزه‌ران له‌ ئیمڕاڵی چاویان به‌ ئۆجالان كه‌وت. ڕۆژی ٢٦ی ئایار پارێزه‌ران په‌یامی ئۆجالانیان بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ داوای كۆتاییهێنان به‌ مانگرتن له‌ خواردن و ڕۆژووی مردنی كردبوو.

دوای كۆتاییهاتنی مانگرتنه‌كان، كۆنار، ئاكتاش و یڵدرم بۆ یه‌كه‌م جار دوێنێ چاویان به‌ كه‌سوكاریان كه‌وت. ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئیمڕاڵی سه‌بیحه‌ ئاسڵان خوشكی وه‌یسی ئاكتاش بۆ بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) دوا.

«به‌ چه‌ندین خاڵی پشكنیندا تێپه‌ڕین»

ئاسڵان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ژێر ڕێوشوێنی تووندی ئه‌منیدا چوونه‌ته‌‌ ئیمڕاڵی و له‌ چه‌ندین شوێن به‌وردی پشكنراون. گوتی، «ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم له‌ كاتی چووندا ٦-٧ جار پشكنینیان كرد. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا ئێمه‌یان پشكنی. به‌گشتی ١٢-١٣ جار پشكنینیان كرد. ته‌نانه‌ت پێڵاوه‌كانیشیان ده‌پشكنی. چه‌ندین جار ئیمزامان كرد. پشكنینه‌كه‌ زۆر بوو.»

ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد، دوای پشكنین هه‌ر خانه‌واده‌یه‌ك له‌ ژووری جیاوازدا دیداری ئه‌نجم داوه‌. گوتی، «ئێمه‌ به‌ڕێز ئۆجالان، هامیلی یڵدرم و خه‌یری كۆنار-مان نه‌بینی. ماوه‌ی كاتژمێرێك چاوپێكه‌وتم له‌گه‌ڵ براكه‌م كرد.»

باسی چییان كرد؟

«كاتێك براكه‌م هاته‌ ژووره‌وه‌ له‌ باوه‌شم گرت. نه‌مده‌زانی چی بكه‌م. ده‌ست و ڕوومه‌تم ماچ كرد. له‌نێو هه‌ستێكی زۆر جیاوازدا بووم. له‌ كاتی هاتن و له‌ كاتی چوونیشدا له‌ باوه‌شم گرت.»

ئاسڵان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوای چه‌ندین ساڵ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار بوو چاوپێكه‌وتن بكه‌ن، باسیان له‌ خانه‌واده‌كه‌ی خۆیان كردووه‌. گوتی، «ماوه‌ی چوار ساڵ بوو نه‌مانده‌توانی بیبینین. زیاتر ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ خانه‌واده‌كه‌مان قسه‌مان كرد. پرسیاری كرد، [كێ ساخه‌ و كێ مردووه‌]. ٤ ساڵ كه‌م نییه‌. منیش پێم گوت، باپیرم كۆچی دوایی كردووه‌. گوتی، [كه‌ی؟ مانگ یان ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌؟]. پێم گوت كه‌ هێشتا ساڵێكی به‌سه‌ردا ده‌رباز نه‌بووه‌. زۆر خه‌مگین بوو و به‌په‌رۆش بوو بۆ داپیری.»

سه‌بیحه‌ ئاسڵان له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی، «براكه‌م گوتی، دیار نییه‌ جارێكی دیكه‌ چاوپێكه‌وتن ده‌كرێت یان نا. له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دوایین دیدار بێت، له‌وانه‌شه‌ دیداری دیكه‌ی به‌دوادا بێت. وه‌یسی داوای كرد ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام بدرێت منداڵه‌كانیشی ببینێت. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی منداڵه‌كانی من پرسیاری كرد. گوتی، خۆزگه‌ ساریات هێنابوایه‌. ساریا كچی منه‌. من بۆیه‌ نه‌مبرد، لێم ڕوون نه‌بوو ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ن یان نا.»

ئاسڵان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ته‌ندرووستی و وره‌ی براكه‌ی باش بووه‌. گوتی، «ته‌نیا باسی ئه‌وه‌ی كرد هه‌بوونی ڕتوبه‌ت بێزاریان ده‌كات. ئه‌گه‌رنا هیچ كێشه‌یه‌كی دیكه‌یان نه‌بوو. وه‌یسی قه‌ڵه‌و بووبوو. هۆكاره‌كه‌شی بۆ وازهێنان له‌ جگه‌ره‌كێشان گه‌ڕانده‌وه‌.»

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌بیحه‌ ئاسڵان ده‌رباره‌ی هه‌ستی خۆی بۆ ئه‌و دیداره‌ گوتی، «مومكین نییه‌ بتوانم هه‌سته‌كانی خۆم ده‌ربڕم. هه‌ستێكی قورس بوو. پڕ له‌ خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری بوو. ئه‌گه‌ر بتوانم باسی ئه‌و كاتژمێره‌ بكه‌م و هه‌سته‌كانم ده‌رببڕم ئه‌وا ده‌بێته‌ كتێبێك. به‌ڵام ناتوانم هه‌سته‌كانم ده‌رببڕم. هێشتاش له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و دیداره‌دام.» 

s.m