سوریانی: ئەردۆغان بەدوای خەلافەتەوەیە

نوێنەری سویدی یەکێتی سوریانەکان لە ئەوروپا مەتین ڕاوی ڕایگەیاند، ئەردۆغان بە سیاسەتی ئیمپڕیاڵ و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی تر بەدوای خەلافەتەوەیە.

ڕاوی وتی، ئەردۆغان لە ڕووی فیزیکی و گیانیەوە نەخۆشە و ئەگەر تورک لەدژی ئەردۆغان هەڵنەستن و لە خەیاڵی خەلیفەیاتی نەیگەڕێننەوە، هەموو خەڵکی تورکیا زیان دەکات.

راوی لەبارەی هەڵوێستی ئەردۆغان لەدژی کوردان باسی ئەوەی کرد، "ئەردۆغان نایەوێت وشەی کورد و قسەیەک بە کوردی ببیزێت. دەیەوێت هەموو کەسێک ببێتە تورکی سوننە. نایەوێت قبوڵ بکات سوریانی ئەتنیکێکی جیاوازە. بە بۆچوونی هەرکەسێک لە تورکیا دەژیت، تورکە و موسڵمانە. هەبوونی گەلانی تر ڕەتدەکاتەوە.

ڕاوی وتیشی، "ئەردۆغان دەیەوێت سوریانیەکان وابەستەی خۆی بکات. بەڵام ئێمە نە سوریانی ئەسەد و نە سوریانی ئەردۆغان و نە سوریانی کوردانین. بەڵام لەگەڵ کورد کار دەکەین. بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەیە. بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە. کورد و سوریانی خاوەنی هەمان بەهان.

ڕاوی ڕاشیگەیاند، حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان، هەدەپە دەکەنە ئامانج کە مافی کورد، ئاسوری و سوریانی و کەمینەکان دەپارێزێت و وتی، "ئەردۆغان ڕاپەرینی ١٥ی تەموزی وەک کودەتا بینی. بەڵام لەبەرچاوی هەموو جیهان خۆی کودەتای کرد. کەس ناوێرێت پێی بڵێت بەسە. بەڕێوەبەرایەتی هەدەپە کە بە بوێری دژی ئەردۆغان وەستانەوە دەستگیرکران. هاوسەرۆکی شارەوانیەکانیان دەستگیرکرد و لە پۆستەکانیان دوورخستەوە کە ئیرادەی گەلن. ئەوانەی ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەگرن، مافیان نییە باسی دیموکراسی بکەن. ئەوان دیکتاتۆرن.

ف.ق