شاری پێرۆز (منبج) دەبێتە مۆدێلکی نوی بۆ سوریا

شاری منبج  بە شاری پێرۆز بەناو بانگە، یەکێکە لە شارە گرنگەکانی سوریا. لە دوای ئازادکردنی لەلایەن شەڕڤانانەوە ژیانی ئاسایی بۆ گەڕاوەتەوە و ئاوەدانى دەستیپێکردووە و بۆتە ناوچەیەکی ئارام و مۆدێلێکی نوێى پێکەوە ژیان بۆ تەواوی سوریا.

شاری منبج یەکێکە لەشارە جوانەکانی سوریا و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە ڕووی هەڵکەوتەی  جوگرافییەوە دەڕوانێتە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بە دووریی ٣٠ کێلۆمەتر. هەروەها ٨٠ کیلۆمەتر لە گەورە شاری مێژوویی حەلەب-ەوە دوورە. بەپێی سەرژمیری  و ئامارەکانی بەرێوبەرایەتیی ئەنجوومەنی مەدەنیی ئەو شارە  لە ئێستادا زیاتر لە ٤١٠ هەزار هاووڵاتیی  لێ دەژین.

 کورتە مێژووی شاری پیرۆز

منج یەکێکە لە شارە مێژووییە گرنگەکانی سوریا. سەردەمی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان. چەندین هێز لە مێژوودا دەسەڵاتداربوون و حوکمی ئەو ناوچەیەیان کردووە و تێپەڕیون وەکو رۆمانییەکان، بێزەنتینەکان، فاتمیەکان، سەلجوقیەکان، ممالیک، زەنگییەکان و ئەیوبیەکان. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ناوی منبج بە واتای (شاری پێرۆز دەێت). هەرەوها لە کاتی دروستکردنی تاکو ئێستا ٧ جار ئەو شارە بەیەکجاری وێران کراوە، بەڵام جاریکی تردروستکراوەتەوە.

لە بەر گرنگیی ئەم شارە هەمێشە هێز و دەسەڵاتدارەکان چاویان لەسەری بووە، بۆیە  لە دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە سوریا  چەتەکانی بە ناوی سوپای ئازادی سوریا دەستیان بەسەردا گرت. لە دوای ئەوەش چەتەکانی بە ناو بەرەی نوسرە لە منبج بوونە دەسەڵاتدار، لە کۆتا داگیر کاریش دا فاشیزمی ڕەش (داعش) لە دوای داگیرکردنی  شارەکانی  ڕەقا و موسڵ دەستی بەسەر شاری منبجیشدا گرت و کردییە ناوەندێکی ترسناکی سەربڕین و ئەشکجەندانی هاووڵاتییان و ترس تۆقاندنی لە شارەکەدا بڵاو دەکردوە.

بەڵام  دواجار لە ١٥ ئابی ٢٠١٦ شەڕڤانانی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) و ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بە فەرماندەی  شەهید ئەبوو لەیلا ئەو شارەیان لە چەتەکان پاک کردووە و ئازادیان کرد. ئیستا ئەو شارە لە کەشێکی ئارامدا لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی مەدەنیی منبج دا بەڕێوە دەچێت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت. گەشەیەکی ئابووریی بەرچاو لە شارەکە دەبینرێت.

پێکهاتەی ئەنجوومەنی مەدەنیی منبج فرە ڕەنگە

شاری منبج لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتوان لە هەریەک لە نەتەوەکانی ئەرمەن، چیچان، کورد، تورکمان و عەرەب پێکدێت. لە دوای ئازادکردنی ئەو شارە لە ٢٠ مانگی شوباتی ٢٠١٧ ئەنجوومەنی مەدەنیی منبج دامەزرا، کە لە ١٣٢ کەس پێک هاتوە.

پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە  بە شێوازی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە دابەشکراوە، کە بەم شێوەیە ١ ئەرمەن، ١ چیچان، ٨ چەرکەس، ١١ تورکمان، ٤٠ کورد و ٧١ عەرەب.   ئەم مۆدێلە لە پێکەوە سازان و پێکەوە بەڕێوەبردن و پێکەوە ژیان بووەتە جێگاى سەرنجی ناوچەکانى تری سوریا. ئەو مۆدێلە لە چوارچێوەى نەتەوەى دیموکراتیک دا و خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکدا بەدیهاتووە.

ناوەندێکی گرنگی ئابووریە

شاری منبج لە ڕووی ئابووریەوە یەکێکە لە دەرگاکانی ئابووری و بازرگانیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە و لەگەڵ شارەکانی تری سوریا ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانیى تێدا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ کشتوکاڵ، زەویی منبج گونجاوە بۆ چاندنی داری فستق و زەیتوەن، بۆیە هاووڵاتییانی ئەو شارە بەرهەمێکی زۆری سوریا لە بواری فستق و زەیتون دابین دەکەن.

  هەروەها شاری پێرۆز لەگەڵ ئەوەی گرنگیی ئابووریی هەیە خاوەنی سامانێکی گەورەی مێژووییە، یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکان  قەڵای نەجمە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەکان. چەندین هێز بەم قەڵایەدا تێپەڕیون وەکو بێزەنتینەکان، فاتمیەکان، سەلجوقیەکان، ممالیک، زەنگییەکان و ئەیوبیەکان لەگەڵ ئەوەی ئەم شانشینانە شەڕی زۆر بەهێزیان لەو قەڵایەدا کردووە زیانێکىد وای پێنەگەیشتبوو، بەڵام پاش ئەوەى چەتەکانى داعش ئەو شارەیان داگیرکرد دستکاریی دیوارەکانیان کرد و زیانیان پێگەیاند، بەڵام ئەم قەڵایە هەر بە پۆڵایی هەتا ئێستا ماوەتەوە.

ئەم قەڵایە وەکو شوێنێکی ستراتیجی عەسکەری بە کار هاتووە. ئەوەش بە هۆی شوێنە ستراتیجییەکەیەوە، کە دەریای ناوەڕاست بە ناوچەی مێزۆپۆتامیا دەبەستێتەوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئەم قەڵایە بە ناوی کوڕەکەی سەڵاحەدین ئەیوبییەوە ناونراوە، کە ناوی نەجم بووە، ئەم قەڵایەش بە کارهاتووە بۆ رێگریکردن لە هەڵمەتی خاچ پەرستەکان بۆ ناوچەکە.

ژ.ت