"شەڕی گەریلایی لە حەفتانین تازە دەستیپێکردووە"

رزگار وڵات یەکێک لە بەرخودێرانی حەفتانین رایگەیاند، لە حەفتانین شەڕی گەریلایی تازە دەستپیپێکردووە و وتی "بە دڵنیاییەوە دەوڵەتى تورک لە حەفتانین دەخنکێت".

هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین بەردەوامە. رزگار وڵات لە سەرەتای ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی سەر حەفتانینەوە هاتووە بۆ حەفتانین و رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە هەموو توانا تەکنیکییەکانی بە هەموو شێوەیەک خستووەتە گەڕ. گەریلاش بە شێوەیەکى ئامادە لە دژی ئۆپراسیۆنەکە وەستاونەتەوە و وتی "ئامادەکاریی هەڤاڵانمان لە بەرزترین ئاستدا بوو. لە هەموو شوێنێکى حەفتانین بەرخودانێکى گەورەیان نیشان دا. راستە شەهیدیمان هەیە، بەڵام لەو ئاستەدا نییە کە دوژمن چاوەڕێی دەکات. گەریلا بە شێوەیەکى کارامە و پرۆفیشناڵانە شەڕ دەکات. هەم لە رووی چالاکییەکان لە دژی دوژمنان و هەم لە رووی خۆپاراستنەوە ئامادەکاریی باشیان کردبوو".

وڵات لەبارەی توانا سەربازییانەى دەوڵەتى تورک کە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە خستوویەتییە کار وتی "لایەکى ئۆپراسیۆنەکە بەکارهێنانی تەکنیکی ئاسمانییە. لە رووی زەمینیشەوە بە چڕی دەجوڵێنەوە. جاشەکانیشیان لەگەڵدایە. سەربازەکان ناوێرن ئەو کارانە بکەن. ئەوانەى لە عەرزەوە هێرش دەکەن زۆربەیان چەتەکانن".

گەریلا لە هەموو شوێنێکى حەفتانیندایە

وڵات لەبارەى بەرەی گەریلا و دۆخی حەفتانین باسی ئەوەیکرد "ئەوە راستە دەوڵەتى تورک خۆی گەیاندووەتە سەر هەندێک گرد، بەڵام وەک ئەوە نییە، کە دوژمن بە پڕوپاگەندە دەڵێت، هەموو حەفتانینی داگیرکردووە. بە پێچەوانەوە، گەریلا لە هەموو شوێنێکى حەفتانیندایە و بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لە دژی دوژمن چالاکیی بەهێز ئەنجام دەدەن. لە ئاستی پرۆفیشناڵیدا بە تاکتیکی زۆر دەوڵەمەندانە لە دژی دوژمن چالاکی ئەنجام دەدرێت.

ورەی دوژمن تێکشکاوە. ترسێکى گەورە چووەتە دڵی دوژمنەوە. ئەوان چاوەڕێ بوون، کە لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا گەریلا لاواز بکەن، لە دۆڵەکاندا گەمارۆیان بدەن و لە حەفتانین دەریان بکەن، بەڵام بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانیان لە تەلەفزیۆنەکاندا، هەڤاڵان لێرەن. هەموو رۆژێک لە دژی هێزەکانى تورک چالاکی ئەنجام دەدەن. لە دژی تەکنیکی دوژمن خۆیان دەپارێزن".

هاتن، بەڵام گەڕانەوەیان ئاسان نابێت

وڵات رایگەیاند، شەڕی گەریلا هێز و ورە و ئامانجی دوژمن تێکدەشکێنێت و راشیگەیاند "دەوڵەتی تورک بە دڵنیاییەوە لە حەفتانین دەخنکێت. رەنگە شەڕەکە ماوەیەکى درێژ بەردەوام بێت. دەوڵەتى تورک دۆڕان و قوربانیی زۆر گەورە لێرە دەدات، تێچوویەکى زۆر گەورەى خەرج دەکات، بەڵام ئەوان ناتوانن سەر بکەون. بە بەکارهێنانی چەکی قورس، فڕۆکەى چاودێری، هێزی ئاسمانی و تەکنیک ناتوانن بەسەر حەفتانین دا زاڵ ببن. بۆ ئەوەى جارێکیتر بۆ سەر کوردستان پلانی لەو شێوەیە دانەنێن، حەفتانین دەبێتە گۆڕستانی دەوڵەتى تورک و لێرە دەخنکێن و ئیرادەیان لێرە تێکدەشکێنرێت".

وڵات ئاماژەى بە سەرچاوە و کانگاکانی بەرخودانی گەریلا کرد و وتی "بێگومان سەرچاوەى بنەڕەتیی بەرخودانەکە رێبەر ئاپۆیە، فکر و رامانەکەیەتی، گەلە وڵاتپارێزەکەمانە، خۆشەویستییە بۆ گەل، خۆشویستنی وڵات و خاکە. لە حەفتانین شەڕی گەریلایی لە دژی دەوڵەتى تورک هێشتا تازە بە تازە دەستیپێکردووە. تورک هاتن، بەڵام چوونە دەرەوەیان ئاسان نابێت".

ژ.ت