عەبدی: دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لە ئاستێکدایە کە پۆستێکی هاوپەیمانانیش بە زمانی کوردی قبوڵ ناکات

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاند، دوژمنایەتی تورکیا تەنها دژی یەپەگە نییە، لەدژی هەبوونی گەلی کوردە لە سوریا.

عەبدی لە تویتێکدا ئاماژەی بە پۆستێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد کە بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە و ڕایگەیاند، دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لە ئاستێکدایە کە پۆستێکی هاوپەیمانانیش بە زمانی کوردی قبوڵ ناکات.

لە تویتەکەیدا مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، تورکیا خۆی بەرامبەر ئەو پۆستە کوردیە نەگرت کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بڵاوکرایەوە. پۆستەکە بۆ پیرۆزکردنی شەڕڤانانی کورد بوو کە باسی لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکرد.

عەبدی وتی، "دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بە تەنها لەدژی یەپەگە نیە، بەڵکو بەرامبەر هەبوونی گەلی کوردە لە سوریا."

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسەر تویتەر وێنەیەکی شەڕڤانانی ژن و مەسەلەیکی کوردەواری بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە کە باس لە بوێری شەڕڤانە ژنەکان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکات.

ف.ق