عەلی بەدرخان: با ئۆجالان ئازاد بکەین

عەلی بەدرخان دەرهێنەری بواری فیلم و سینەما رایگەیاند، جگە لە یەکێتی هیچ رێگایەکی تر لە بەردەم کورد بوونی نیە و وتی، عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەبێت ئازاد بکرێت.

عەلی بەدرخان فیلمسازی بە ناوبانگی کورد کە وەکو یەکێک لە دامەزرێنەرانی سینەمای میسر دادەنرێت، لە بارەی یەکێتی نەتەوەیی کورد و پرسە نەتەوەییەکانی کورد، هۆکاری کێشەکان و هەنگاوی 'گۆشەگیری و فاشیزم  و داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە' کە بۆ ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نراوە، بیروبۆچوونەکانی خۆی خستەروو.

عەلی بەدرخان کە لە بنەماڵەی بەدرخانەکانە، لە بارەی ناسنامەی خۆی و کوردبوونی خۆی قسەی کرد و وتی:"ناوی من عەلی بەدرخانە. من لە بنەڕەتدا خەڵکی جزیری بۆتانم. کەسێکی کوردستانیم و خەڵکی باکوری کوردستان کە لە ناو سنوورەکانی تورکیادایە. گەلی کورد زوڵمێکی زۆری لێکراوە. بێگومان چەندین هۆکار هەن کە دۆزی کورد بە ئەنجام نەگەیشتووە. هەندێک لە هۆکارەکان دەرەکین، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کورد و پارتەکانی، سیاسەت ناکەن و نابن بە یەک."

'جگە لە یەکێتی هیچ رێگایەکی تر نیە بۆ چارەسەری'

بەدرخان رایگەیاند، ئامانجی کورد بەدەستهێنانی مافە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانیەتی و وتی:"ئامانجمان یەکە، ئەویش بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردە. دۆزەکەمان ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت کە ببین بە یەک، ئێمە ناچارین ئەمە بکەین. ئەمە بە واتای یەکڕیزی پارت و هێز و پارچەکانی کوردستان دێت. دەبێت پارت و رێکخستن و هێزە کوردیەکان بە گشتیی، ببن بە یەک و مافی کورد بەدەست بێنن و لەسەر رێگای ئازادی هەنگاو بنێن."

بەردرخان رایگەیاند، پارت و رێکخستنە کوردستانیەکان دەبێت کێشەکانی نێوانیان پشتگوێ بخەن و گرنگیی بدەن بە پرسە سەرەکیەکە، واتە پرسی ئازادی و وتی:"بۆ ئەوەی بە سیاسەتی دەوڵەتان هەڵنەخەڵەتێین دەبێت هێزە کوردیەکان یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن."

'رێکخرە نێودەوڵەتیەکان هەر چیەکیان لەدەست دێت دەبێت بیکەن'

بەدرخان تیشکی خستە سەر گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە ٢١ ساڵە لە تورکیا بەدیل گیراوە و وتی:"بەڕێز ئۆجالان تیرۆرست نیە، لە دژی گەلەکەی تاوانی ئەنجام نەداوە، واتە تاوانبار نیە. ئەو بۆ گەلەکەی تێدکۆشێت. بۆ بەدیهاتنی یەکڕیزی و ئازادی کورد و کوردستان دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت."

عەلی بەدرخان بۆ ئازادی عەیدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بانگەوازیەکی کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:" بانگەوازی من بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤە. بۆ ئازادی رێبەرایەتی هەر چیەکیان لەدەست دێت دەبێت بیکەن."

ز.ش