عەلەوییەکان داواى ئازادکردنی هەموو زیندانییەکان دەکەن

٨ فیدراسیۆن، کۆمەڵە و ئەنجومەنی عەلەوییان رایانگەیاند، بەهۆی مەترسییی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەبێت هەموو زیندانییەکان ئازاد بکرێن.

کۆنفیدراسیۆنی یەکێتیەکانى عەلەوییان لە ئەرووپا، فیدراسیۆنی عەلەوییەکانى بەکتاشی، فیدراسیۆنی عەلەوییەکانى ئەڵمانیا، فیدراسیۆنی ئەنجومەنە عەلەوییەکان، کۆمەڵەى رۆشنبیری و هونەریی پیر سوڵتان ئابدال، کۆمەڵەى رۆشنبیری و هونەریی عەلەوییەکان، ئەنجومەنی رۆشنبیری و هونەریی حاجی بەکتاش وەلیی ئەنادۆڵ و کۆمەڵە دیموکراتیکەکانى عەلەوییان لەبارەى مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سەرنجیان خستە سەر دۆخی زیندانیان لە زیندانەکانى تورکیادا.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەى ئەو ٨ فیدراسیۆن و کۆمەڵە و ئەنجوومەنە عەلەوییەدا هاتووە، ئەو پرۆژە پێشنیازەى بڕیارە بۆ زیندانییەکان ئامادە بکرێت، دەبێت هەموو زیندانییەکان بگرێتەوە.

راشیانگەیاندووە "ئەوە قبوڵ ناکرێت، کە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان، دەستدرێژیکاران و بکوژانى ژنان ئازاد بکرێن. لە دونیادا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە و دۆخی ئێستای زیندانەکانى تورکیا، کە ژمارەى زیندانییەکان زۆر زیاترە لە ئەندازەی زیندانەکان لە مەترسیدان، بۆیە زیندانەکان لە رووی تەندروستییەوە مەترسیدارترین شوێنە بۆ بڵابوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا. دەبێت بە خێرایی و بە بێ جیاوازی زیندانییەکان ئازاد بکرێن".

ژ.ت