فەرەنسا لە بارەی تاوانەکانی دژ بە ئێزیدیەکان لێپرسینەوەی دەستپێکرد

فەرەنسا لە بارەی چەتەکانی داعش کە لە رۆژئاوا تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە، لێپرسینەوەی دەستپێکرد.

بە پێی هەواڵێکی AFP، دەزگای ئەنتی-تیرۆری نەتەوەیی فەرەنسا لە بارەی کەسێک بە ناوی نابیل (گ) لەسەر تاوانی 'قڕکردن' و 'لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی کردووە' لێپرسینەوەی دەست پێکردووە.

بە پێی زانیاریەکان کەسێکی فەرەنسی تەمەن ٣١ ساڵان، لە ساڵەکانی ٢٠١٥-٢٠١٦ لە رۆژئاوای کوردستان لە ژێر چەتری داعشدا لە دژی کوردانی ئێزیدی تاوانی قوڕسی ئەنجامداوە.

لە چوارچێوەی لێپرسینەوەکەدا، کەسێک بە ناوی نابیل (گ) بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی جەستەیی، دەروونی، هەروەها تاوانەکانی وەکو کۆیلەکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردن و بێبەشکردن لە ئازادی و بە گشتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی تاوانبار دەکرێت.

ئەم لێپرسینەوەیە لە ١٠ی تەمموزەوە دەستی پێکردووە، بەڵام لە بارەی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەبارەوە کراوە، زانیاری ورد ئاشکرا نەکراوە.

پێشووتریش لە بارەی کەسێکەوە بە ناوی سابری ئەسید بە هۆی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٦ کە دژ بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامی دابوو، لێپرسینەوە کرابوو. گومان دەکرێت ئەو کەسە لە ساڵی رابردوودا کوژرابێت.

ز.ش