فەلاح سەڵاح: نەبوونی ئەجندا و پرۆژەی نشتیمانی عێراقی بەم دۆخە گەیاندووە

چاودێری سیاسی فەلاح سەڵاح دەلێت: سەرکردە سیاسیەکان و حزبەکانی عێراق پڵان و ئەجندای نشتیمانی و پرۆژەی نشتیمانیان نەبووە بۆ عیراق بۆیە عێراق بەم دۆخە گەیشتووە.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس بارودۆخی عێراق بە هەڵبەزین و دابەزینێکی خێرا و پرۆسەیەکی نادیار کە زۆر جار پڕ لە توندوتیژی تێپەڕیوە. تێگەیشتن لە بارودۆخی عێراق نەک تەنها زۆر قورسە بەڵکو زۆر جار ئەستەمیشە. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ زۆریی ئەکتەرە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، کە هەریەکەیان ئەجیندای تایبەت بە خۆی هەیە، لایەنە نێودەوڵەتیەکان لە عێراق لە دژایەتی بەردەوامن لەگەڵ یەکتریدا لەسەر حیسابی بەرژەوندی هاوڵاتیانی عێراق.

رووداوەکان لە عێراق بە ‌كتوپڕی گەشە دەکەن و ئەجێندای لایەنە شیعەکان  و ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی زاڵن بەسەر بڕیارەکانی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقەوە، دوای ئەوەی خەلکی عیراق هیچی دیکە توانای ئارامگرتنیان نەما دەستیان بە خۆپیشاندان کرد دژی دەسەڵاتدارانی عێراق، خۆپیشاندەران داوای نەهێشتنی گەندەڵی و  خزمەتگوزاری و دامەزراندن دەکەن، جیالەوەش بینای چەند پارێزگایەک و بارەگای چەند لایەنێکی سیاسیش سوتێنران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، کە ئەمەش وایکرد هێز لە دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنرێت و دۆخە زیاتر ئاڵۆزبێت.

دەرباری رەوشی ئیستای عێراق و بارودۆخەکە بەروە کوێ دەروات؟ و چارەسەری چیە؟، چاودیری سیاسی فەلاح سەڵاح بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

بوونی بەرژەوەندیەکانی تورکیا، ئێران و ئەمریکا وایکردووە کە عیراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت

دەربارەی ڕەوشی عێراق فەلاح سەڵاح چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند:"ئەوەی لە عێراق روودەدات بەرەنجامی کۆمەلێک کێشەی سیاسی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراقە، یەکێک لەو کێشانەی کە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا هەیە نەبوونی متمانەیە کە ئەم کێشەیە نەتوانرا بەهیچ جۆرێک چارەسەر بکرێت،

بوونی مڵمڵانەیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەمریکا ، ئێران و تورکیا لە ناوچەکە بەتایبەتی بوونی بەرژەوەندیان لە عیراق وایکردووە کە عیراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت."

سەرکردە سیاسیەکانی عێراق پڵان و ئەجندای نشتیمانی و پرۆژەی نشتیمانیان نەبووە بۆ عیراق

هەروەها فەلاح سەڵاح ووتی: "ئەوەی لە عێراق روودەدات لە ئەنجامی کەلەکە بوونی گرفتە سیاسیەکانی ئەم ووڵاتەیە لە دوای دروستبوونی عێراقی نۆێ لە ساڵی ١٩٢١، سەرکردە سیاسیەکانی عێراق پڵان و ئەجینادای نشتیمانی و پرۆژەی نشتیمانیان نەبووە بۆ عیراق، دەبینین هەر لایەنەیک بەرژەوەندی خۆی هەبووە و وەفای بۆ نشتیمان نەبووە بۆ نموونە شیعەکانی عێراق گرێدراوی بەرژەوەندیەکانی ئێرانن سونەکانیش گرێداروای ووڵاتانی کەنداوی عەرەب و تورکیان وە کوردیش خەونی سەربەخۆیی خۆی هەیە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ دروست بوونی گرفتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری."

عێراق لە ئیستادا ئەگەری دابەش بوونی هەیە

دەربارەی ئەوەی ئەم دۆخە بەروە کوێ دەروات فەلاح سەڵاح بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "کۆنترۆڵ کردنی دەسەڵاتی عێراق لەلایەن کۆمەڵیک حزبی سیاسی کە نەیانتوانیوە ئامانج و مەرامەکانی خەلکی عێراق بەدی بهێنن و نەیانتوانیوە دادپەروەرانە حوکم بکەن لەم ووڵاتە، دەرەنجام نەوە نوێیەکانی عێراق ئەمە لە دەسەڵاتدارن قەبوول ناکات، دۆخی عێراق لە ئیستادا ئەگەری دابەش بوونی هەیە و لەوانیە ببێتە خالی یەکلاکەرەوەی مڵمڵانیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا."

دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەروات

لە کۆتایدا دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆخی عێراق فەڵاح سەڵاح ڕایگەیاند: "لە ئیستادا عێراق بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەرێت، ئەگەر سەرکردە سیاسیەکانی عێراق رێکنەکەون لە سەرخالی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلی عێراق ئەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت."

ز.ش