قەیرانی جیهانی کۆرۆنا: ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٧٠ هەزار کەس

قەیرانی کۆرۆنا نزیکەی ٢٠٠ وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٧٠ هەزار کەس کە لەو رێژەیە، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیان لە وڵاتانی ئەوروپان.

بە پێی ئامارە فەرمیەکان لە ئێستادا ژمارەی تووشبووان لە جیهاندا گەیشتووەتە میلیۆنێک و ٢٨٧ هەزار کەس.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر ٥٠ هەزار کەس

بە پێی ئامارەکان، لە %٨٥ی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا و بەریتانیایە کە گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٢٠٩ کەس. لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی ٦٧٨ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە ئیتالیا ١٨ هەزار ٨٨٧ کەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە.

لە ئیسپانیا ١٣ هەزار و ٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە فەرەنسا ٨ هەزار و ٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە بەریتانیا ٤ هەزار و ٩٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ئەلمانیاش ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە زیاترە لە ١٠٠ هەزار کەس و هەزار و ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.هاوکات ٧٠ هەزار کەسیش لە ژێر چاودیری وردی پزیشکیدان.

لە بەلجیکاش ٢١ هەزار تووشبوو تۆمار کراون و هەزار و ٦٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.  ١٥ هەزار کەسیش لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە هۆلەندا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٩ هەزار کەس و هەزار و ٩٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ١٧ هەزار کەسیش لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

لە سویسراش ٢١ هەزار ٦٥٠ حاڵەت تۆمار کراون و ٧٣٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە ئەمریکاش ٩ هەزار ٦٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێرانیش ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٦٠ هەزار و ٥٠٠ کەس و ٣ هەزار و ٧٣٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

تورکیا

لە تورکیا لە ١٠ی ئازارەوە ٢٧ هەزار و ٦٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و تا ئێستاش ٥٧٤ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رایدەگەیێنن کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە راستیەکان لەم بارەیەوە دەشارنەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارەی قوربانیان زۆر زیاترە لەوە رایدەگەیێنن.

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە تا ئێستا ١٢ پزیشک و ئەندامێکی دەستەی داواکاری گشتی کۆمار و ٥٥ کارمەندی دەوڵەتیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

لوتفی چاملی سکرتێری گشتی ژووری پزیشکانی ئیزمیر رایگەیاندووە، بە پێی پێویست ئامێری خۆپاراستن بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دابین نەکراون و راشیگەیاند، ئەو ئامارانەی لە بەردەستیاندان، یەک ناگرنەوە لەگەڵ ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەێنێت.

لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ هەموو رێگریەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە، پشتیوانی کۆمەڵایەتیش لەم بارەیەوە بەردەوامە. کەمپینی یەکگرتنی خانەوادەکان کە لە لایەن هەدەپەوە راگەیێندراوە لە شارەکان بلاو دەبێتەوە.

هەدەپە بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستەیەکی بە ناوی دەستەی رێکخستنی پشتیوانی خانەوادەکانی دروست کرد.

گرتووخانەکان

مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گرتووخانەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە. دەسەڵات زیندانیە سیاسیەکانی خستووەتە دەرەوەی یاسا نوێکەوە کە تایبەتە بە گیراوان.

لە بارەی ناڕەزاییەکانی بەرامبەر ئەو یاسا نوێیەوە بێریڤان کۆرکوک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە سزاکان لێدوانێکی بڵاو کردەوە و هۆشداری ئەوەیدا کە لە گۆتووخانەکان راپەرینی زیندانیان زیاد دەبێت و تیشکیشی خستە سەر لێبوردنێکی گشتی و وتی، ئەمە کارێکی ناچارییەو دەبێت بکرێت.  

رێکخراوەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی دەبێت یاساکە هەموو زیندانیان بە یەکسانی بگرێتە خۆی و دەڵێن:" داواکاری ئێمە ئەوە کە گۆڕانکاریەکان بۆ هەمووان بە یەکسانی جێبەجێ بکرێت. داواکارین هەموو گیراوە سیاسیەکان، رۆژنامەنووسان و ئەندام پەرلەمان و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان کە بە هۆی جیاوازی بیروڕاوە سزا دراون، بە زوترین کات ئازاد بکرێن. ئەگەر زیندانیان ئازاد نەکرێن، کارەساتی گەورە روودەدات."

ئامەد

لە ئامەد پشکین بۆ گۆمانلێکراوان بەردەوامە و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئارادایە.

روحا

ژووری پزیشکانی روحا رایگەیاند، تا ئێستا ٢٠ حاڵەت تۆمار کراون و ٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ١٥٠ کەسیش کە گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت، لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

سێرت

لە شاری سێرتیش هەر یەک لە گوندەکانی تاش یاکا، کایا هیسار، کایالیی سەر بە ناوچەی خسخێر و گوندەکانی بندال و ئانکەبری سەر بە کەسمەتاش بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتین کراون.

ز.ش