'قەیومەکان ناتوانن وڵات بەڕێوە ببەن'

هەدەپەییەکانی ئەستەنبۆڵ وتیان، ئەوانەی ڕێزیان لە ئیرادەی گەل نەگرت و دەستیان بەسەر ئیرادەدا گرت، ناتوانن بە قەیومەکان وڵات بەڕێوە ببەن.

دەنگدەرانی هەدەپەی ئەستەنبۆڵ، لە هەڵبژاردنی خۆجێیی (شارەوانییەکان) لە ڕۆژی ٣١ی ئازار/ ١١ی نەورۆز و ٢٣ی حوزەیران / ٢ی پووشپەڕ بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتیوانی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوویان کرد. دەنگدەرانی هەدەپە لە بێدەنگیی ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەستەنبۆڵ لە بەرانبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانیان زۆر نیگەرانن.

دەنگدەران سەپاندنی قەیومیان بەسەر شارەوانییەکانی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین وەکو 'دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە' دەبینن و لەدژی ئەوەش چالاکی دەکەن.

'خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین'

عیرفان گەنج، دەنگدەرێکی هەدەپەیە و کوردە، ماوەی ٢٠ ساڵ زیاترە لە ئەستەنبۆڵە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: "خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین".

حەسەن ئای-ش ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ گەلانی ئامەد، مێردین و وانن کە چالاکییەکانی خۆیان بەردەوام دەکەن و وتی: "ئێمە هەدەپەین، کردەوەی فاشیستەکان شەرمەزار دەکەین".

نەجاتی یلدز-یش لەبارەی ئەو قسەیەی ئەردۆغان کە بەردەوام دەڵێت "هەڵبژاردن ئیرادەی گەلە" وتی: "خۆش نییە. ئەوانەی لە گەل دەترسن و دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن، بۆیە ناتوانن بە قەیومەکان ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەن".

'کاتێک مەسەلەکە کورد بێت هەموو شتێک دەگۆڕێت'

یوسف لیباس-یش وتی: "خەڵک دەنگی خۆی بەکار هێنا، بەڵام دەستبەسەر دەنگەکانیاندا گیرا. ئەوەش مایەی قبوڵکردن نییە. بێگومان دەبێت هەموو کەس لەو بابەتەوە هەستیار بێت".

زەریفە ئینان-یش کە نزیکەی ٣٠ ساڵە لە ئەستەنبۆڵە وتی: "کاتێک هەڵبژاردنی ئەستەنبۆڵ پووچەڵ کرایەوە، ڕژاینە ناو شەقامەکان و ڕامانگەیاند، ئەوە ناهەقییە. ئێمە لەگەڵ دراوسێیەکانمان ڕێپێوانمان کرد، بەڵام ئێستا هەندێک لە هەمان دۆخدا ئێمە نابینن. کاتێک بابەتەکە کورد و شاری کوردان بێت، ئەو هەڵوێستەیان هیچ کاتێک ناگۆڕن".

ژ.ت