لابورد لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازیەکی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد

ئۆسکار ئالبێرتو لابورد سەرۆکی پەرلەمانی میرکوسور هێرشەکانی ئەم دوایەی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر مەخمور و شەنگال ئیدانە کرد و بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی رێکخراو و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە لە دژی ئەم هێرشانە هەڵوێستی خۆیان بنوێنن.

ئۆسکار ئالبێرتو لابورد سەرۆکی پەرلەمانی میرکوسور لە بارەی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە ١٥ی حوزەیران، لێدوانێکی بڵاو کردەوە.

لابورد لە لێدوانەکەیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و رایگەیاند، دەبێت مافی کورد، ئاسووری، سوریانی، کەلدان، مەسیحی، ئێزیدی، موسولمان و هەموو کەمینە و نەژاد و ئایینەکان، بە باشترین شێواز و بە رێزەوە پارێزراو بن و شەڕی کورد و تورکیش بە شێوازێکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، وتیشی:"ئەم هێرشانەی دوایی دەوڵەتی تورک، کێشە و ئاڵۆزیەکانی ٤٠ ساڵی رابردووی قوڕستر کردووە.

لابورد لە بارەی هێرشەکانی شەوی ١٥ی حوزەیران ئەم زانیاریانەی بڵاو کردەوە؛

*نزیکەی ٦٠ فڕۆکە مەخمور، شەنگار، قەندیل، زاپ و خواکورک، بە گشتی ٨١ ناوچەیان بوردومان کرد کە لە ناویاندا ناوچە مەدەنیەکانیش هەبوون.

*یەکێک لەو شوێنانەی بوردومان کرا، کەمپی پەنابەرانی مەخمور بوو کە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. لە کەمپی مەخمور زیاتر لە ١٢ هەزار کەس دەژین، ئەو کەسانە لە ساڵەکانی ١٩٩٠ بە هۆی سووتاندنی گوندەکانیان لە لایەن تورکیاوە، ئاوارە بوون. کەمپەکە لە ساڵی ١٩٩٨دا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست کراوە.

*شوێنێکی دیکە کە بوردومان کرا، شەنگال بوو، کە ساڵی ٢٠١٤ش داعش هێرشی کردبووە سەری. بە هەزاران کەس لە دانیشتوانەکەی لە لایەن گروپە تیرۆرستیەکانەوە کوژران و نزیکەی ٥ هەزار ژنیش رفێندران و وەکو کۆیلەی لەشفرۆش مامەڵەیان پێوە کرا (زۆربەیان تا ئێستاش ونن).

دەوڵەتی تورکیا هەموو پێوانەکان پێشێل دەکات

لابورد هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەوە قبوڵ ناکەن، دەوڵەتێک دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی دیکە وەربدات و هێزیش بەکار بهێنێت و وتی:" لە چوارچێوەی ئەم قەدەغەیەدا، لە دژی ئەو دەوڵەتانەی دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، سەرەتا دەبێت رێکاری دیپلۆماسی و ئابوری و دواتریش بە پێی پێویستیەکان، رێکارە سەربازیەکان بگیرێنەبەر. دەوڵەتی تورک ئەم هەموو پێوانە نێودەوڵەتیانە پێشێل دەکات."

لابورد بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، حکومەتی عیراق، حکومەتی باشوری کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کرد کە هەڵوێستیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بنوێنن و مافی مرۆڤ بپارێزن.

مەترسی قڕکردن لە ئارادایە، دەبێت قبوڵ نەکرێت

ئۆسکار ئالبێرتو لابورد سەرۆکی پەرلەمانی میرکوسور لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، تیشکی خستە سەر مەترسی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە ناوچەکە و رایگەیاند، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت لەبەرامبەر ئەم تاوانانە بێهەڵوێست بێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە، مەترسی قڕکردن لەسەر کورد، ئاسوری، کەلدان، مەسیحی، ئێزیدی، موسولمان و کەمینە و ئایینەکانی کوردستان و ناوچەکە هەیە و ئەم بانگەوازیەی کرد:"من بانگەوازی ئاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەم کە لە دژی هێرشەکانی سەر گەلی کورد ببن بە یەک و هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر ببێت. تەنها لە چوارچێوەی قۆناغی ئاشتیدا دەتوانرێت دیالۆگ ئەنجام بدرێت."

ز.ش