لافاو زیانى بە ٢١٣ شار و ٢٦٩ گوندی ئیران گەیاندووە

محەمەد ئیسلامى وەزیری رێگاوبان و شارسازیى ئێران رایگەیاند، لافاو زیانى بە ٢٤ پارێزگا و ٢١٣ شار و ٢٦٩ گوند لە ئێران گەیاندووە. هەروەها ٧٦ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستداوە.

بارانبارین و لافاو لە ئێران بەردەوامیى هەیە و لە پارێزگاکانى خوراسانى باکوور، خوراسانى رەزەوی، خوراسانى باشوور، سیستان و بەلوچستان و هورموزگان ئەگەری روودانى لاوفاوی تر هەیە و بەو هۆیەوە هۆشداری بە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایانە دراوە.

بە وتەى محەمەد عەلی واقعی بەڕێوەبەری گشتیى پەروەردە لە پارێزگاى خوراسانى باشوور هەموو خوێندنگەکان لە نۆهبەندان، دەرمیان، سەربێشە و بیرجەند داخراون. لە خوراسانى رەزویش هەموو خوێندنگەکانى شارەکانى توربەتى جام و کەلات داخراون.

هەروەها خوێندنگەکانى ١٠ شار لە پارێزگاى سیستان و بەلوچستان، لەوانە چابەهار و ئێرانشار داخراون و دانیشتوانى شاری فنوج-یش بەهۆی لافاوەوە شارەکەیان چۆڵکردووە.

خوێندنگەکانى ٧ شاری پارێزگاى هورموزگان و ١٦ شاری پارێزگاى کرمان و هەموو خوێندنگە و زانکۆکانى ٧ شاری پارێزگاى خوزستان و خوێندنگەکانى شارێکى پارێزگاى فارس داخراون.

محەمەدباقر تۆفیقی نیا جێگرى فەرماندەى پۆلیسى رێگاوبانی پارێزگاى خوراسانى باشوور رایگەیاندووە، رێگاى سەربێشە بۆ سنووری ماهیرود لە دوێنێ یەکشەمەوە بەهۆی بارانبارینى زۆر و هەستانى لافاوەوە داخراوە.

بەهۆی لافاوەوە ٧٦ کەس گیانیان لە دەستداوە

ئەحمەد شوجاعی سەرۆکى رێکخراوى پزیشکیى دادی ئێران باسی لە بەرزبوونەوەى ژمارەى ئەو کەسانە کرد، کە بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستداوە و رایگەیاند، تەنها سەرلەبەیانیى دوێنێ یەکشەممە لە پارێزگاى خوزستان ٥ کەس و لە پارێزگاى ئیلامیش یەک کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستداوە، کە ژنێک و منداڵێکیان لە ناودایە.

بە وتەى شوجاعی تاوەکو دوێنێ بەهۆی لافاوەوە ٧٦ کەس گیانیان لە دەستداوە. بەپێى ئامارەکان ئەو پارێزگایانە، کە زۆرترین کەس بەهۆی لافاوەوە تیاندا گیانیان لە دەستداوە بریتین لە؛ پارێزگاى فارس ٢١ کەس، پارێزگاى لوڕستان ١٥ کەس، پارێزگاى گوڵستان ٨ کەس و لە هەمەدان-یش ٨ کەسی تر گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە گیان لەدەستدانى زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەهۆی لافاوەکانى ئەمدواییە لە ئێران دەکەن.

٢٧٧ هەزار کەس گواسترانەتەوە بۆ کەمپەکان

عەلی ئەسغەر پیوەندی سەرۆکى رێکخراوى مانگی  سووری ئێران لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانى گوڵستان، لوڕستان و خوزستان ٢٧٧ هەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان.

راشیگەیاند، لافاو زیانى بە دانیشتوانى ٢ هەزار و ١٤٥ گوند، شار و شارۆچکەى ئێران گەیاندووە.

لافاو لە ٤ هەزار و ٤٠٠ گوندی داوە

هاوکات عەبدولڕەزا رەحمانى فەزڵی وەزیرى ناوخۆی ئێران لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، لافاو لە ٤ هەزار و ٤٠٠ گوندی داوە و بە وتەى ئەو بەرپرسەى رژێمى ئێران، زیانەکانى لافاو گەیشتووەتە ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار میلیار تمەن (نزیکەى ٢٥ میلیار دۆلار).

هەروەها محەمەد ئیسلامى وەزیرى رێگاوبان و شارسازیى ئێران لە پەرلەمانى ئەو وڵاتەدا رایگەیاند، لافاو زیانى بە ٢٤ پارێزگا، ٢١٣ شار و ٢٦٩ گوند گەیاندووە.

ر.م