'لەم کاتەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەڵوێستێکی دوژمنکارانە دەنوێنن'

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ تیشکی خستە سەر یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیان کە زیندانیانی سیاسی ناگرێتە خۆی و وتی، ئەمە نیشانەی ئەوە کە لە کاتی مەترسیەکانی ڤایرۆسەکەشدا هەڵوێستی دوژمنکارانە دەنوێنن.

پڕۆژەیاسای گۆڕینی چەند یاسایەک و بە تایبەت یاسای جێبەجێکردنی رێوشوێنی ئەمنی و سزاکان کە لە ٧٠ خاڵ پێک دێت، لە لایەن ئاکەپە و مەهەپە وە ئامادە کراو و زیندانیانی سیاسی ناگرێتە خۆی و لە لیژنەی دادی پەرلەمان پەسەند کرا. لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتیەکان لە بەرامبەر ئەم یاسا نوێیە رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە.

ئەرەن کەسکین و ئوزتورک تورکدۆغان هەر دوو هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەم بارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد و جەختیان کردەوە کە ئەمە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە.

'بیروڕای عەسکەرتاریەتی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کاریگەری لەسەر پڕۆژەیاساکەش دروست کردووە'

تورکدۆغان رایگەیاند، پڕۆژە یاساکە بە ناوەڕۆکێکی تەواو جیاوازەوە ئامادە کراوە و لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و قەیرانی دیکە.

تورکدوغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆژە یاسایە جێگای قبوڵکردن نیە و رایگەیاند، بیروڕای عەسکەرتاریەتی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کاریگەری لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایەش دروست کردووە.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئوزتورک تورکدۆغان ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵات بۆ ئەوەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە زیندانەکاندا بهێڵێتەوە، یاسای 'دژە تیرۆر و سیستمی دادگاییکردنی تایبەت' بە کار دەهێنێت و وتی:"ئەم پڕۆژەیاسایە هێمای ئەوەیە کە هەڵوێستیان لەم قەیرانی کۆرۆنایەشدا نەگۆڕاوە."

تورکدۆغان ئەوەشی بە بیر هێنایەوە کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زیاترین کەس کە بیروڕایان جیاوازە، زیندانی کردووە و وتی:"تورکیا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، ئەندام پەرلەمان، هاوسەرۆکی شارەوانی، پارێزەر، رۆشنبیر، پارێزەرانی مافی مرۆڤی تیدا زیندانی کراوە."

'ئەو دەسەڵاتەی وڵامی داواکاریەکان نەداتەوە، دەبێت چاوەڕێی ناڕەزایی بکات'

تورکدۆغان راشیگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پلەی یەکەم هەڕەشە لە زیندانیان دەکات و لە بارودۆخێکی بەم شێوەیەدا هەڵوێستێکی بەم شێوەیە بۆ جیاکردنەوەی زیندانیان، بە واتای زیهنیەتی دوژمنکارانە دێت.

تورک دۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی یاساکە بەم شێوەیە کە هێشتا نەکەوتووەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، بووەتە جێگا ناڕەزایەتی و لە هەنگاوی یەکەمیشدا بووە هۆی راپەڕینی زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەی پیتی (M)ی شاری ئێلح.

لە بەردەوامی قسەکانیدا تورکدۆغان وتی، گۆڕانکاریەکی بەم شێوەیە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی گەورە و پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵات کرد و جەختی کردەوە کە، ئەوان نەک تەنها وڵامی زیندانیانی سیاسی نادەنەوە، بەڵکو وڵامی لە %٩٠ی ئەوانەی لە دەرەوەش، نادەنەوە. ئەگەر لەم ئاستەدا جیاوازی بکەن، دەبێت چاوەڕێی ناڕەزایەتی گەورەش بکەن.

تورکدۆغان رایگەیاند، دەسەڵات ئاگای لە جدیەتی بابەتە نیە و وتی:"هیوادارم ئەنجومەنی گشتی لەم هەڵەیەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و  گوێ لە پێشنیاری لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بگرێت. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە بە یەک چاو تەماشای زیندانیان بکرێت و مەرج بۆ ئازادکردنیان دانەنرێت."

کەسکین:ئەم پرۆژەیاسایە لە دژی دەستوری هەمیشەییە'

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤیش رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایە، جیاوازی دەکات لە نێوان زیندانیان و وتی:" لە خاڵی دەیەمی دەستوری هەمیشەیی کودەتاچیەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە، هەموو کەسێک یەکسانە لەبەرامبەر یاسادا. بەڵام ئەم پڕۆژەیاسایەی ئامادە کراوە لە دژی دەستوری هەمیشەیی ئەنتی دیمۆکراتیکی تورکیایە."

'ئەم یاسایە بە واتای ئەوە دێت کە هەندێک لە زیندانیان بژین و هەندێکیان بمرن'

کەسکین وەبیری هێنایەوە کە لە تورکیا هەمیشە جیاوازی لە نێوان زیندانیانی ئاسایی و سیاسیدا کراوە و رایگەیاند، لەم بارودۆخەدا ئەو کەسانەی دزیان کردووە، بازرگانانی مادەی بێهۆشکەر و ئەوانەی تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە، کە تەنها لە ٣ بەشی سزاکەیان ٢ بەشیان تەواو کردووە ئازاد دەکرێن، بەڵام زیندانیە سیاسیەکان کە ٣ لەسەر چواری سزاکەیان تەواو کردووە، ئازاد ناکرێن.

کەسکین راشیگەیاند، ئەمە بەو واتایە دێت کە هەندێک لە گیراوان با بژین و هەندێکیشیان بمرن و وتی:"هەڵومەرجی ئێستای زیندانەکان بۆ مانەوە لە ژیاندا، گونجاو و پارێزراو نیە. لە زیندانەکان ٣٠ بۆ ٤٠ زیندانی لە یەک قاوشدا دەمێننەوە."

'دەبێت لە دادگای دەستوری هەمیشەیی داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەیاساکە بکرێت'

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایە بەم شێوەیەی هەیە، بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لە دادگای دەستوری هەمیشەیی داوای هەڵوەشاندنەوەی بکرێت و لەم بارەیەشەوە، ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی جەهەپە و وتی:"ئەگەر کەسێکی وەکو ئالا ئاتتی چاکیجی ئازاد بکرێت، بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بمێنێتەوە، ئەمە بەواتای هەڵوێستی دوژمنکارانە دێت."

ز.ش