لە ئەڵمانیا یادی شەهیدانى تشرینى یەکەم کرایەوە

گیانبەختکردوانی شۆڕشی ئازادیی کورد، کە لە مانگی تشرینى یەکەمدا شەهید بوون لە شاری فرایبورگی ئەڵمانیا یادیان کرایەوە.

مەراسیمى یادکردنەوەکە لەلایەن کۆمسیۆنی بنەماڵەى شەهیدان لە شاری فرایبورگ و ئەنجوومەنى ژنانی نودا رێکخرابوو. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ٣٠٠ کەس و لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد بەڕێوەچوو.

لە دواى خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدانى تێکۆشانى ئازادی، ساڵح هەزەخی بە ناوی کۆمیتەى ئامادەکار و وتەبێژی کۆمسیۆنی بنەماڵەى شەهیدان لە فرایبورگ وتەیەکى پێشکەشکرد.

 دواتر دایکى شەنگێ هاوسەرۆکی (KOMAW) وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند "لە سایەی هەزاران قارەمانی بێ ناوەوە تێکۆشان گەیشتووەتە ئەم ئاستەى ئێستا. ئەگەر ئێمە دەمانەوێت خاوەنداری لەو شەهیدانە بکەین ئەوا دەبێت ئێمە بە ئەرک و بەرپرسیاریتییەکانمان هەستین".

شەنگێ راشیگەیاند "ئەگەر ئێمە کارەکانمان بە باشی ئەنجام بدەین، ئەوا تێکۆشانی ئازادیش زووتر سەردەکەوێت. گەورەترین سوێند و بەڵێن کە بە شەهیدانمان داوە، سۆز و بەڵێنی سەرخستنى ئەم ئامانجەیە. من وەک دایکێک تاوەکو دوا هەناسەم بۆ ئەمە تێدەکۆشم".

دواى تەواوبوونی وتەکانى دایکى شەنگێ، بەشدارانى مەراسیمەکە گفتوگۆیان لەسەر گرنگیى ئەو یادە و ئەو رۆژە و پێشهات و رووداوەکانى ئەمدواییە کرد. لە کۆتایدا خواردنى خێر بەسەر ئامادەبواندا دابەشکرا.

ر.م