لە سلێمانی بەهەزاران کەس بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا ڕژانەسەرشەقام

ڕێپێوانی توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بە پشتیوانییکردنی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەستیپێکرد و ھەزاران کەس دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" دەڵێنەوە.

ڕێپێوانی سلێمانی بە دەستپێشخەریی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەقامی سالم "سەھۆڵەکە"وە بۆ بەردەم باخی گشتیی دەستیپێکرد.

ھەزاران ھاوڵاتی، چالاکوان، ڕۆشنبیر، کەسایەتیی، مامۆستای ئاینی، پەرلەمانتار، ھونەرمەند و توێژە جیاجیاکانی دیکە بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کردووە.

دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بژی بەرخۆدانی یەپەگە، بژی بەرخۆدانی قەسەدە، سەرکەوتن سەرکەوتن بۆ ڕۆژئاوا سەرکەوتن، تێکۆشان تێکۆشان بۆ ڕۆژئاوا تێکۆشان،یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە، تیرۆریست ئەردۆغان" بە شەقامی سالمی سلێمانیدا دەنگ دەداتەوە.

خۆپیشاندەران ئاڵاکانی قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و هەرێمی کوردستانیان بەرزکردووەتەوە.