لە سوید و کەنەدا گۆشەگیری ئیدانە کرا

لە چوارچێوەى هەڵمەتی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە'، کە کەجەکە هەفتەى رابردوو دەستیپێکرد، لە شاری یاڤلەى سوید و تۆرۆنتۆی کەنەدا چالاکی ئەنجامدران.

ئەنجوومەنى گەل لە شاری یاڤلەى سوید لە وێستگەى سەرەکیی ترێنی شارەکەدا لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکییەکی ئەنجامدا. 

چالاکوانان لەو چالاکییەدا بە پۆستەر و ئاڵاوە دەستیان بە وتنەوەی دروشمەکانی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان'، 'فاشیست ئەردۆغان' و 'ئەردۆغان بکوژی منداڵان'.

بە ناوی ئەنجوومەنی گەلەوە راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و داوا لە وڵاتانی ئەوروپی کرا، کە لەبارەى هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر کوردستان بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە.

هاوکات لە شاری تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەداش لەلایەن ئەنجوومەنی گەلی کورد لە شاری تۆرۆنتۆ چالاکییەک رێکخرا و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا.

لەو چالاکییەدا داوای ئازادیی ئۆجالان کرا و هەروەها کودەتای سەربازیی فاشیستیی ١٢ی ئەیلول ئیدانە کرا.

ژ.ت