لە سویسرا قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە، ژمارەی تووشبووان ٧ هەزار کەسی تێپەڕاند

لە وڵاتی سویسرا رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە، بە شێوەیەک کە ژمارەی تووشبووان لە ئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە ٧ هەزار کەس.

لە گەڵ بڵاوبوونەوە خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهاندا، کە بووەتە هۆی قەیرانێکی جیهانی، لە وڵاتی سویسراش رێژەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە، بە شێوەیەک کە تا ئێستا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٧٠١٤ کەس و ٦٠ کەسیش لە وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

لە پێی راگەیێندراوێکی ناوەندی تەندروستی فیدڕالی گەل لە سویسرا ژمارەی تووشبووان ئەمڕۆ یەکشەممە بە پێی دوێنێ ٩٠٠ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٧٠١٤ کەس. ئەو ناوەندە هاوکات رایگەیاند، ٦٠ کەسیش بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستداوە. بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمیەکان ژمارەی قوربانیان زیاترە لەو ژمارەیەی راگەیێندراوە.

هاوکات لەو وڵاتە قەدغە کراوە کە لە ٥ کەس زیاتر لە یەک شوێن کۆببنەوە و ئەوانەی ئەم رێنماییە جێبەجێ ناکەن، بڕی ١٠٠ فرانکی سویسری سزا دەدرێن.

ز.ش