لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش لەناو کێکدا حەب دۆزرایەوە

لەناو چەند جۆرەکێک کێک و بسکویتدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حەب دۆزرایەوە، وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش دەڵێت: ئەو کارە بە مەبەستکراوە.

لە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە و باس لەوە کرا کە لەناو چەند جۆرە کێکدا حەب دۆزراوەتەوە.
یەکەمجار هەواڵی دۆزینەوەی حەب لەناو کێک لە شاری پیرانشار، بڵاو بووەوە، بەڵام کاربەدەستانی پارێزگای ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەتیان کردەوە.
بەڵام دوای ئەوەی لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و کرمانیش ئەو حەبانە لەناو چەند جۆرەیەک کێک دۆزرایەوە و ١٢ منداڵی خوێندکار بەهۆی خواردنی ئەو کێکانە ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران، هەواڵەکەی دەنگیدایەوە.
دوابەدوای ئەوە وەزارەتی تەندروستی ئێران هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو کارە بە مەبەست و لە دەرەوەی کارگەکان کراوە و حەبەکان لەناو ١٢ جۆر کێک و جۆرە بسکویتێکدا دۆزراوەتەوە. 
وەزارەتی تەندروستی ئێران جەختی لەوەکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەستیپێکردووە، بەڵام ڕەتیان کردووەتەوە کە بابەتی حەبەکان، ماددەی هۆشبەر بێت.
کاربەدەستانی دەزگای داد لە پارێزگای کرمانیش ڕایانگەیاندووە کە پەیوەندیدار بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کێکانە، چوار کەسیان دەستگیرکردووە کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هەر ئەمڕۆش زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە کێکانە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، و ڕایگەیاند: بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراون، هەبوونی حەب لەناو چەند جۆرەکێک پشتڕاست بووەتەوە.
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام، هەر لەو بابەتە هۆشداریی داوەتە هاوڵاتیان کە خۆیان لە کڕین و بەکارهێنانی ئەو جۆرە کێکانە بپارێزن.
لە ماوەی ڕابردووشدا لە باشووری کوردستان چەند ڤیدیۆیەک بڵاو کرایەوە کە حەب لە جۆرە کێکی تورکیدا هەبوو.
ف.ق