مستەفا کازمی داوای ئاشکراکردنی موڵک و سامانی وەزیرەکانی عێراق دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی، داوا لە وەزیرەكانی كابینەكەی دەكات فۆرمی ئەستۆپاكی پڕ بكەنەوە و موڵك و ماڵ و پارەكانیان بەپەلە ئاشكرا بكەن.

حەیدەر مەجید بەرپرسی نووسینگەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە: "سەرۆك وەزیران داوای لەئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران كردووە فۆرمى ئەستۆپاكی دارایی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پڕ بكەنەوە."

لە ڕاگەیاندروەکەی حەیدەر مەجیدا هاتووە: "بڕیارەكە لە كۆبونەوەی هەشتەم كە لە چوارى ئەم مانگە بەڕێوەچووە دەركراوە و داوا كراوە فۆرمەكە پڕ بكرێتەوە و بە پەلەش ڕەوانەی دەستەی دەستپاكیی عێراق بكرێت".

 حەیدەر مەجید باسی لەوەشكردووە، "بڕیارەكە پاڵپشتە بەیاسای دەستەی دەستپاكی ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١١، لەبارەی دەستكەوتنی ماڵ و سامان بەشێوەیەكی نایاسایی."

بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی ١٦ ی یاساكە، لەسەر هەموو ئەوانە پێویستە كە فەرمانبەرن یاخود خاوەن پلەیەكی باڵای بنەڕەتی یاخود بەوەكالەتن فۆرمی ئەستۆپاكی پڕ بكەنەوە.

ژ.ت