میدیاکانی ئەوروپا: تورکیا بوو بە وڵاتی ئەردۆغان

بە سوێندخواردنی ئەردۆغان، ئەمڕۆ ڕژێم بە فەرمی دەگۆڕێت. گۆڕینی ڕژێم و دەرکردنی ١٨ هەزار کەس لەسەر کار، ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ئەوروپادا پێدراوە.

پاش ئەوەی سەرۆکی گشتیی ئاکەپە ئەردۆغان، ئەمڕۆ لە پەرلەماندا سوێندی خوارد. لە تورکیا ڕژێم بە فەرمی دەگۆڕێت. سیستمی حکومەت کە لە سەرۆک وەزیر و ئەنجوومەنی وەزیران پێک دێت، کۆتایی دێت و لە شوێنەکەیدا سیستمی حکومەتی سەرۆک کۆماریی دەستپێدەکات. بەو شێوەیەش ڕژێمی تاکە کەسیی لە تورکیا بە فەرمی دەست بە کار دەکات.

پێش ئەوەی ئەردۆغان لە پەرلەمان سوێند بخوات، حکومەتی تورکیا 'دوایین بڕیاری باری نائاسایی' بڵاوکردەوە. بەو بڕیارەش ١٨ هەزار و ٦٣٢ کەس لە کارەکانیان دەرکران. ١٢ کۆمەڵە و ٣ ڕۆژنامە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی داخران. ئەو بارودۆخەش بە مانشێتی 'ڕژێمی ئەردۆغان بەهێز دەبێت' لە میدیاکانی ئەوروپادا شوێنی گرت.

ڕۆژنامەی فازی ئەڵمانیا: کۆماری لەسەر کار دەرکردن

رۆژنامەی فرانکفۆرتەر ئەلێگمانیە زایتۆنگ (فاز) یەک لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی ئەڵمانیایە و بە مانشێتی 'تورکیای ئەردۆغان- کۆماری دەرکردن لە کار'، گرنگی بەو گۆڕانکارییانە دا کە ئەردۆغان لەناو ڕژێمدا ئەنجامی داوە. لە شرۆڤەی هەواڵی ئەو ڕۆژنامەیەدا کە لەلایەن پەیامنێری ئەسینای ڕۆژنامەکە میکایل مارتنس-ەوە ئامادە کراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پاش دوایین بڕیارنامە (بڕیارى بارى نائاسایى)، ئیدی ئەردۆغان دەتوانێت بە دڵی خۆی هەر گۆڕانکارییەک بە فەرمانێک ئەنجام بدات.

لە شرۆڤەکەدا، ڕاگەیەندراوە گۆڕانکارییەکان لە تورکیا، کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەکات. تێیدا هاتووە کە هەتا ئاداری ساڵی ٢٠١٩ کە کاتی هەڵبژاردنە هەرێمیەکانە، نرخی دراوی تورکی دادەبەزێت و هەڵاوسانیش بەرز دەبێتەوە.

ئاژانسى هەواڵی دوێچە ڤێلە 'DW'ی ئەڵمانی بە سەردێڕی 'ئەردۆغان یەکەم سوڵتانی تورکیای نوێیە'، گرنگی بە پرسەکە داوە. لە شیکاریەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە لە هەموو سەرکردەکانی تری تورکیادا، زۆرترین ئەرک و دەسەڵات کەوتووەتە دەست ئەردۆغان.

پسپۆڕان کە بۆ ئەم پرسە بۆ ئاژانسى هەواڵى دوێچە ڤێلە دواون، جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە نابێت سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا بە سیستمی سەرۆکایەتیی فەرەنسا و ئەمەریکا بەراورد بکرێت و تەواوی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەردۆغانیان باس کرد.

'وڵاتی قەیران و ئاڵۆزی'

ڕۆژنامەی ئابووری ئەڵمانی 'هەندس بلات' ئاماژەی بە هەمان ئەو تێڕوانینانە کردووە، نووسەری ڕۆژنامەکە بە ناوی گێرد هولەر، شرۆڤەیەکی نوسیوە و تێیدا هاتووە "دواین ڕووداوەکانی تورکیا، دەسەڵاتی ئەردۆغانیان بەهێزتر کرد. ئیدی ئەردۆغان چیمەنتۆی بەسەر دەسەڵاتی خۆیدا کردووە و بە ئاسانی هەڵناوەشێت".

نووسەر جەختیشی لەوە کردووەتەوە، دەسەڵاتدارییەک کە ئەردۆغان بە تەنها بە ڕێوەی دەبات، نەک تەنها بۆ دیموکراسیی، بەڵکو بۆ ئابووری تورکیاش بە هیچ شێوەیەک باش نییە و تورکیای بە 'وڵاتی قەیران و ئاڵۆزی' ناوبرد.

ڕۆژنامەی دی پرێس- نەمسا: پادشای ئەم چاخەی تورکیا

یەک لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی وڵاتی نەمسا ڕۆژنامەی 'دی پرێس'ە. ئەو ڕۆژنامەیە دەربارەی بەهێزبوونی ڕژێمی ئەردۆغان و ئەو بڕیارنامەیەی کە پێش ئەوەی ئەو بێت بە سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتەکانى سیستمى سەرۆکایەتیى بە فەرمى پێبدرێت، بڵاوکرایەوە. رۆژنامەکە لەو بارەیەوە هەواڵ و شیکاریی خستووەتەڕوو. ڕۆژنامەکە نووسیویەتی "پادشای سەردەم"، کە بۆ پادشای فەرەنسا لودویگی چواردەهەم بەکار دەهێنرا. ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەو ڕووداوانەش کردووە کە لە تورکیا ڕوودەدەن و دەستنیشانی کردووە کە ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتەکانی خستووەتە ژێر دەستی خۆیەوە و بووەتە 'پادشای ئەم سەردەم و چاخەی تورکیا'.

ر.م