مەکگۆرک: ترەمپ هاوڕێکانمان و سوپای ئەمریکاش دەخاتە مەترسییەوە

برێت مەکگۆرک پێش و دوای لێدوانەکانی ترەمپ کە ڕێگە بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەدات، هەندێک پەیامی بڵاو کردەوە، مەکگۆرک ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتەکانی ترەمپ هاوڕێکانیان و سوپای ئەمریکاش دەخاتە مەترسییەوە.

برێت مەکگۆرک کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا نوێنەری تایبەتی هاوپەیمانان بوو لە دژی داعش، ساڵی ڕابردوو دوای بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، دەستی لەکار کێشایەوە، بە تووندیش ڕەخنەی لە ترامپ گرت.

مەکگۆرک ڕەخنەی لە لێدوانەکەی دوێنێی کۆشکی سپی گرت و ڕایگەیاند "ترەمپ بەرپرسی گشتی هێزەکان نییە، بەبێ ئەوەی زانیاری وەربگرێت و ڕاوێژ بکات و بەبێ بیرکردنەوە بڕیار دەدات. کارمەندانی سەربازی دەخاتە مەترسییەوە. دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە و کاتێکیش دوژمن وەڵامی پەیامەکانی دەداتەوە یانیش تەلەفۆنێکی بە قسەیەکی تووندەوە بۆ دێ هاوڕێکانمان دەخاتە دۆخێکی بێ پاراستن".

مەکگۆرک ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە ترەمپ دوای قسەکردنی لەگەڵ ئەردۆغان ئەو بڕیارەی داوە و وتی: "ئەوە نیشان دەدات کە بەهیچ شێوەیەک لەو دۆخە تێناگات کە هەیە." ئەوەش وت "سیاسەتەکانی ترەمپ هاوکات زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش دەگەیەنێت، بەتایبەتیش لە بابەتی داعش، نابێت بە هیچ شێوەیەک پشت بە تورکیا ببەسترێت".

پەیامەکانی مەکگۆرک دوای لێدوانەکەی کۆشکی سپی بەم شێوەیە بوون: "هیچ ئەسیرێکی داعش لەدەست ئەمریکادا نییە، هەموویان لەدەست قەسەدەن کە ترەمپ قەسەدەی پێشکەشی مێزی تورکیا کردووە".

مەکگۆرک باسی لەوەش کرد، کەموکوڕی زۆر گەورە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە، بڕیاری ئەم دواییانەشی لە دیاریی بۆ ڕووسیا و ئێران و داعش زانی. وەڵامی ئەو قسەیەی ترەمپیشی دایەوە کە وتویەتی 'من داعشم بە تەواوی لەناو بردووە' دەشڵێت: "ئەوە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە".

مەکگۆرک دەڵێت: "بەڕێز سەرۆک؛ ببورن، بەڵام هیچیان ڕاست نین. دەتوانم پێشنیاری ئەوەت بۆ بکەم، پێش ئەوەی لەبارەی مانەوە و نەمانەوە بڕیار بدەن، لەگەڵ پسپۆرەکانت و تیمە ڕاوێژکارییەکەت ڕاوێژ بکەن، کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکەن. بڕیارێکی لەو شێوەیە دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکێکی بیانی، بەکارهێنانی پۆستەکەتە بۆ کاری خراپ".

ف.ق