نۆبەتدارانی دیمۆکراسی لە ئامەد: ئاکەپە هەڵدەوەشێتەوە

لە ئامەد چالاکی نۆبەتی دیمۆکراسی دژی کودەتاکەی ئاکەپە بەردەوامە و نۆبەتدارانی چالاکییەکە ڕایانگەیاند: "لە تاریکاییدا پریشکی ڕووناکی دەدرەوشێتەوە و ئاکەپە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت".

لە ئامەدی باکوری کوردستان چالاکی نۆبەتی دیمۆکراسیی دژی کودەتاکەی ئاکەپە کە بە سەر شارەوانیەکانی ئامەد، وان و مێردین دا کردی، لە ۳٥مین ڕۆژیدا بەردەوامە و ڕۆژانەش نۆبەتدارانی چالاکییەکە لە لایەن گەل و پارلەمانتاران و ئازادیخوازانەوە بەسەر دەکرێنەوە و پێشتیوانیان بۆ دووپات دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ لە کۆڵانی لیسەی ئامەد، جەماوەرێکی زۆر کە ئەندامانی ئەنجومەنەکانی شارەوانییەکان، پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان-یان لە نێودا بوو چالاکییەیان و نۆبەتدارانیان بە سەر کردووە.

لە بەسەر کردنەوەکەدا چەندین وتە پێشکەش کران و تێیاندا کودەتاکەی ئاکەپە و سەپاندنی قەیومە داگیرکەرەکان بە سەر شارەوانیەکاندا ڕسوا کرایەوە و ئاماژەش بەوە درا بە کودتا و گرتن و لەکارخستن، گەل چاوترسێن نابێت بەڵکو لە سەر تێکۆشانی ئازادی و یاسایی پێداگرتر دەبێت. جەختیش کرایەوە، دەستگیراوەکانمان لە ناویاندا هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغ شکۆمانن و تا ئازاد دەکرێن دەسبەرداریان نابین.

نۆبەتدارانی دیمۆکراسی کردەوەکانی ئاکەپەیان بۆ لاوازبوونی ئەو پارتە و سەرکردایەتیەکەی گەڕاندەوە  ڕایانگەیاند: "لە تاریکاییدا پریشکی ڕووناکی دەدرەوشێتەوە و ئاکەپە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت بۆیە بەو شێوەیە هێرش دەکات و کودەتا ئەنجام دەدات.

دوابەدوای وتەکان هەمووان بۆ ماوەی ۱۰ خولەک چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

هـ.هـ