نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی 'ئازادکردنی زیندانیان'ی کرد

نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو زیندان و گرتووخانەکان، داوای کرد زیندانیە نەخۆش و بە تەمەنەکان ئازاد بکرێن.

میچەل باچیلد کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازیەکی بە پەلەی ئاڕاستەی هەموو وڵاتانی جیهان کرد و داوای کرد زیندانیان ئازاد بکرێن.

 باچیلد وتی، حکومەت و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ژمارەی زیندانیان لە گرتووخانەکاندا کەم بکرێنەوە، بە شێوەیەکی بە پەلە بەکەونە خۆیان و هاوکات هۆشداریدا کە بە تایبەت زیندانیە بە تەمەن و نەخۆشەکان، ئازاد بکرێن.

لە بەرامبەردا وەزیری دادی فەرەنسا ئامادەیی وڵاتی خۆی پیشاندا کە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسەکە لە ناو گرتووخانەکاندا، ٥ بۆ ٦ هەزار زیندانی ئازاد بکرێن.

لەم رووەوە بە تایبەت وڵاتانی وەکو تورکیا و سوریا لە بارودۆخێکی مەترسیداردان. رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش لە گرتووخانەکانی سوریادا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت، ئەوا لە کۆتاییدا کارەسات روودەدات.

لە تورکیاش بارودۆخەکە کارەساتبارە. لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئاکەپەدا، تورکیا بووەتە گرتووخانەیەکی سەر ئاوەڵا. لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردوو دا، ٢٠٠ گرتووخانەی نوێ دروست کراون. تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤ گرتووخانەی تر دروست کراون. لە تورکیا بە گشتی ٣٦٦ گرتووخانە هەن کە دەورترێت توانای هەڵگرتنی تەنها ٢٣٣ هەزار زیندانیان هەیە، بەڵام ژمارەی زیندانیان لەو وڵاتە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسە. بەم پێیە، لەسەرووی توانای گرتووخانەکان، ٧٠ هەزار زیندانی زیادن. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گرتووخانەکان وەکو هەڕەشەیەکی جدی دەبینرێت و لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی بەم شێوەیە، گومانی کارەساتێکی گەورە و مەترسیداری لێدەکرێت.

ز.ش