هاواری دروشمی 'لەیلا گیوڤەن تەنیا نییە' لە شاری مارسیلیای فەرەنسا دەنگیدایەوە

لە شاری مارسیلیاى فەرەنسا بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودێرانى مانگرتوو چالاکییەک ئەنجامدرا.

کوردستانیان لە شاری مارسیلیاى فەرەنسا بۆ ئەوەى سەرنج رابکێشنە سەر داواى چالاکوانانى مانگرتوو، جارێکیتر رژانەوە سەر شەقامەکان. جەماوەری گەل لە گۆڕەپانى کانەبیەر کۆبوونەوە و پۆستەرەکانى لەیلا گیوڤەن و داواکانى چالاکوانە مانگرتووەکانیان بەرزکردەوە و دەستیان بە ئەنجامدانى رێپێوان کرد.

 

لە رێپێوانەکەدا ژنان و منداڵانیش پۆستەرەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانى پەکەکەیان بەرزکردبووە. چالاکوانان لە قەرەباڵغترین شەقامی مارسیلیادا چالاکیى دانیشتنیان ئەنجامدا. چالاکوانان دواى ئەنجامدانى چالاکیى دانیشتن جارێکیتر بە وتنەوەی دروشمەکانى "لەیلا گیوڤەن تەنیا نییە"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەستیان بە رێپێوان کردەوە.

جەماوەری گەل دواى رێپێوانە یەک کاتژمێرییەکەیان گەیشتنە بەندەری ڤیوکس پۆرت و لەوێ میتینگێکیان ئەنجامدا. کوردستانیان و دۆستەکانیان لەوێ سرودی "چەرخی شۆڕش"یان چڕی و بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانى شۆڕش خولەکێک بێدەنگ بوون و دواتر دروشمی "شەهید نامرێ"یان وتەوە.

فەوزییە ئەردەمرجی هاوسەرۆکى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا وتەیەکى پێشکەش کرد و لە وتەکەیدا پیلانگێڕیى ١٥ی شوبات / ٢٦ی رێبەندانی ئیدانە کرد.

ئەردەمرجی سەرنجی راکێشایە سەر چالاکییەکانى مانگرتن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن و وتی "ئەگەر ئێمە بمانتوانیایە خاوەنداری لە سەرۆکەکەمان بکەین و گۆشەگیریمان تێکبشکاندایە، ئەوا ئەمڕۆ ئەو چالاکیی مانگرتنە کە لەیلا گیوڤەن پێشەنگایەتیى دەکات، ئەنجام نەدەدرا. ئەو چالاکییە بۆ هەموومان وەک خۆرەخنەکردنێکیشە. لە ئێستا بە دواوە ئەوەى دەکەوێتە سەرشانمان ئەوەیە کە ئێمە ئێمە رێگا نەدەین هەڤاڵەکەمان تەنیا بن و دەبێت ببین بە دەنگی ئەوان و بەشێوەیەکى بەهێز خاوەنداری لە داواکەیان بکەین".

کەمال گیولەر بە ناوی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و پەیامى چالاکوانە مانگرتووەکانى ستراسبۆرگی خوێندەوە و وتى "ئێمە دەمانەوێت هەموو هەڤاڵان هێز و ورە و بڕوا و پێداگرییەکەیان ببینن. راستە هەڤاڵ یوکسەل کۆچ کێشەى تەندروستیى جەستەیی هەیە، بەڵام ورەیەکى زۆر بەرز و بەهێزی هەیە. هەڤاڵانى چالاکوان، چالاکییەک وەک خۆرەخنەکردنێک بەرامبەر بە شەهیدانی قۆناغی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەزانن و بە بەرچاوی ئێمەوە بانگمان لێدەکەن".

خەبات ئۆجالان سیاسەتمەداری کورد سڵاوى بۆ چالاکوانانى مانگرتوو نارد و وتى "ئێمە لە هەموو شارەکاندا و لە هەموو شوێنێکدا ئەوان دەپارێزین. گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بێت با هۆشیار و هەستیار بێت و خاوەنداری لەو چالاکییە گەورەیە بکات".

ر.م