هاوسەرۆکی پەژاک: بە پڕۆژەکەمان ئیرادەی کورد یەکدەخەین

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە دیمانەیەکیدا بۆ ئاژانسەکەمان گرنگیی پرۆژەکەی پەژاک دەخاتە ڕوو و دەڵێت "ئەم قۆناغە قۆناغی گۆڕانکارییە و نابێت چیدی هێزی کورد پەرتەوازە بێت".

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکى پەژاک راشیگەیاند "لەو پێناوەدا ئێمە خاوەن پڕۆژەین و هەوڵدەدەین هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر چەتری دیمووکراسیدا کۆبکەینەوە، هەوڵەکانمان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لەبەر چاوە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا خاڵی هاوبەشمان هەیە و گەشبینین لەسەر خستنی پرۆژەکەمان."

پ: بەڕێز ڤەژین ساڵێک بەسەر پرۆژە پێشنیازی  پەژاک بۆ حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕی، ئێوە وەک پەژاک گرنگیی  ئەو پرۆژەیە لەو قۆناغەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 - زیلان ڤەژین: ساڵێک بەسەر ئەو پرۆژەیەدا تێپەڕی، لە نێوان ئەو ساڵەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی جدی لە بواری سیاسی و لەشکری و کۆمەڵایەتیدا ڕوویان دا، کە پێویستە لە هەموو کات زیاتر لە لایەن حیزب و لایەنە پێشەنگەکانی گەلی کوردەوە هەڵوێستێکی دیار بۆ ئەم قۆناغە هەبێت. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ئێمە وەک پەژاک پرۆژەیەکمان پێشکەش کرد. هۆکاری پێشکەشکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی دێنە ئاراوە جدین و کورد پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕوون هەیە. ئێمە هەرچەندیش لە ڕووی سیاسی و لەشکری و کۆمەڵایەتییەوە بەهێز بین، بەڵام بەتەنها ناتوانین وەڵامی داخوازییەکانی گەلەکەمان بدەینەوە. لەبەر ئەوە پێویستمان بەوەیە کە لەناو ماڵی کوردا یەکڕیزییەک دروست بکەین. لەبەر ئەوە پێشنیازێکی بەو جۆرە لەناو پارتیماندا پێشکەوت کە بەڕاستی ئێمە وەک گەلی کورد چیمان دەوێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟ هێزی سیاسیی کورد پێویستی بە چی هەیە؟ چونکە هەموو هاوسەنگییە سیاسییەکان لەسەر کورد بەڕێوەدەچێت، لەبەر ئەوە ئەگەر گەلی کورد خاوەن پرۆژە و خاوەن ئیرادەی خۆی نەبێت ئەوا سیاسەتی کورد دەکەوێتە خزمەتی سیاسەتی دەرەوەدا. لەبەر ئەوە لەو قۆناغەدا گرنگیی ئەو پرۆژەیەمان بینی و لەسەر ئەو ئەساسە ئەو پرۆژەمان پێشکەش کرد.

پ: بەڕێز ڤەژین لە پرۆژەکەتاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە گەلی کورد دەبێت سیاسەتێکی سەربەخۆ پەیڕەو بکات، بە ڕای ئێوە تا چەند زەمینە بابەتیەکانی سیاسەتێکی سەربەخۆ لەناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە؟

- زیلان ڤەژین: ئەوە بابەتێکی گرنگە، کە هێزی کورد تاچەند توانیویەتی سیاسەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە ببات. بۆچی؟ چونکە سیاسەتێکی سەربەخۆ بە کرداری دیار دەبێت. ئەگەر شتێکی وەها کرداری ببێت دیارە کە ئیرادەیەکی سیاسی سەربەخۆ هەیە، لەبەر ئەوە سیاسەتێکی سەربەخۆ گرنگە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ناتوانین بڵێین هێزە سیاسییەکان خاوەن سیاسەتێکی سەربەخۆن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا ئێستا گەلی کورد قوربانیی زۆری داوە و زۆر ترین خوێنی ڕژاندووە، لەبەرامبەر ئەو قوربانیدانە دا دەستکەوتێکی زۆر کەمی بەدەستهێناوە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گەلی کورد خاوەن سیاسەتێکی سەربەخۆ و ئیرادەیەکی سەربەخۆ نەبووە، هیچ کات خۆی خاوەن پرۆژەیەک نەبووە، کە سیاسەتی خۆی لەسەری پەیڕەو بکات، هەمیشە هێزێکی دەرەوە پرۆژە و سیاسەتی بۆ دەستنیشان کردووە، هەتا ڕێگاشی بۆ دیاری  کردوون کە بە چ ڕێبازێک شەڕ و تێکۆشان بکات. کێشەی ئەساسی هێزی سیاسیی کورد کە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی خاوەن یەک فکری سیاسی بن ئەوەیە کە هێزە سیاسیەیکانی خاوەن سیاسەتێکی سەربەخۆ نین. ئەوە کێشەیەکی جدیە، کە هێزە کوردییەکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە تێپەڕێنن، بۆچی؟ چۆنکە لە ڕووی مێژوویی و زانستییەوە خۆیان بە هێز نەکردووە، هەر ئەمەش هۆکار بووە کە نەتوانراوە سیاسەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە ببەن.

"گۆڕینی سیاسەتی دوژمن لەدەستی ئێمەدایە"

پ: بەڕێزڤەژین ئێوە لە پڕۆژەکەتاندا دەتانەوێت بە ١٠ خاڵ سیاسەتی کورد یەکبخەنەوە، دەشتانەوێت وەک پەژاک پێشەنگایەتی بکەن، کەچی لە ماوەکانی ڕابردوودا زیاتر لە جارێک لەلایەن هەندێک لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دیدار و پەیوەندی دیبلۆماتیک لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا ئەنجام دران، کاتێک کورد نەتوانێت سیاسەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە ببات و هێزی خۆی یەکبخاتەوە، چۆن دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک ئێران دانوستاندن بکات؟ هەروەها ئەم دانیشتنانەی چەند لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر چ بنەمایەکە، کە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا پێکهاتووە؟

 - زیلان ڤەژین: لە دوای ئەوەی ئێمە پرۆژەمان پێشکەش کرد هێرشی داگیرکەریی ئێران لەسەرمان زیادی کردووە، رژێم بەو لۆژیکەوە زۆر زەحمەتە سیاسەتی بگۆڕێت. گۆڕینی سیاسەتی دوژمن بەدەستی ئێمەوەیە، بە تێکۆشانێکی ڕاست و سیاسەتێکی بەهێزی سەربەخۆوە دەتوانرێت سیاسەتی دوژمن بگۆڕدرێت. لە ناوچەکەدا ئێستا شەڕی جیهانی سێیەمین بەڕێوە دەچێت، ئێمە هەمیشە وتوومانە ئەو شەڕە لەسەر جوگرافیای کوردستان بەڕێوە دەچێت، کوردان ناوەندی ئەو شەڕە جیهانییەن. لەبەر ئەوە سیاسەتی ئەو شەڕەش لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوەیە نەخوازراوە، کە کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکەدا چارەسەر بکرێت، لە تورکیا و سوریا و عێراق و ئێراندا نە هێزە دەرەکیەکان نە هێزە هەرێمیەکانیش واتە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان هیچ کات نەیان ویستووە کێشەی گەلی کورد چارەسەر ببێت. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەگەر کێشەی گەلی کورد چارەسەر ببێت، ئیتر جوگرافیایەکی دیکەی وەک کوردستان پەیدا ناکەن بۆ ئەوەی شەڕی خۆیانی تێدا بکەن. هێزی دەرەوەش نایانەوێت کێشەی کورد چارەسەر ببێت و کوردستانیان کردووەتە زەمینی شەڕی خۆیان و هەوڵیان داوە هێزی گەلی کورد پارچە بکەن و بەمەش گەلی کورد لاواز بکەن و دواتریش بەڕێوەی ببەن، بەم جۆرەش سیاسەتی  خۆیان لەسەر گەلی کورد پەیڕەو دەکەن. ئەمەش ئەوە بەدوای خۆیدا دێنێت کە هێزی کورد موحتاجی هێزی دەرەوە ببێت و نەتوانێت هێز و سیاسەتی خۆی بۆخۆی دیاری بکات. کارەکتەری ئەم سەردەمە ئەوەیە چەندە هێزی سیاسی و لەشکریت بەهێز بێت ئەوەندە "ئۆتۆریتە" هێزی تۆش بە هێز دەبێت. هەبوونی هێزێکی لەشکریی بەهێز لە ناوچەکەدا و بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی بەهێز، هێز و ئیرادە نیشان دەدات. لەبەرامبەریشدا کارکتەری هێزە هەژموونگەراکان و هێزێکی دوژمنی وەک دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هەیە، کە ئەویش ئەوەیە نایەوێت ڕوو بەڕووی هێزێکی بەهێز ببێتەوە، داگیرکەری  ئێران تەنها ئەو هێزانەی کە زەمینەی ئەوەیان تێدایە، هێز و  تێکۆشانی گشتی پارچە و لاواز دەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەبەرامبەری خۆی دادەنێت.

پ: ئێوە دەڵێن ئەمە جۆرێکە لەسیاسەتی دوژمنە بۆ ئەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوان هێزە کوردیەکاندا دروست بکات؟

- زیلان ڤەژین: بەڵێ ڕاستە. ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران سەرچاوەی خۆی لەوەوە دەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئێمە باسی سیاسەتی سەردەممان کرد، کارەکتەری ئەم سەردەمەش ئەوەیە. سەیرکەن دەوڵەتی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی بەمجۆرە چۆن ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پارچەکرد و بڵاوی کردنەوە، دواتریش پاسیڤی کردن. ئەمڕۆش داگیرکەری ئێران دەیەوێت بە هەمان شێوە ئۆپۆزسیۆنی کوردان وا لێبکات. هەر بۆیە من دەڵێم ئەگەر دەوڵەتی ئێران بەڕاستی دەیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات دەبێت ڕاست هەڵسوکەوت  بکات و دروست  هەنگاو بنێت، سیاسەتی ناوخۆی خۆی لەبەرامبەر گەلەکەمان ڕاستبکاتەوە، نە لەبەرامبەر هێزی سیاسی، چونکە هێزی سیاسی پێشەنگە، دەتوانێت سیاسەت بکات، شەر بکات و پێشەنگایەتی کۆمەڵگاش بکات، هەر بۆیە ئەگەر دەوڵەت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت دەبێت سیاسەتی هەڵەی خۆی لەسەر کۆمەڵگا ڕاست بکاتەوە. دەوڵەتی داگیرکەری  ئێران هەموو جوگرافیای کوردستانی میلیتاریزە کردووە، بەمەش دەیەوێت پێگەی خۆی لە کوردستاندا بەهێزتر بکات، هەر بۆیە دەبێت وەک هێزی کورد ئێمەش هۆشیار بین، دەبێت ئێمە یەکترمان قبوڵنەبێت! بەڵام ئەگەر بمانەوێت ببینە پێشەنگ لە چارەسەرکردنی کێشەی گەلەکەمان لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا دەبێت جدیەتی مێژوویمان هەبێت و هەر هەنگاوێک بنێین دەبێت فەرمی بێت، چونکە ئەو دیدارانە بە  فەرمی قبوڵنەکران، پێگەی کورد لاوتر دەبێت."

"ئێران بە سیاسەتی خۆی هەوڵدەدات هەڵوێستی گەلەمان لەبەرامبەر خۆیدا بکوژێت"

پ: بەڕێز ڤەژین ئێوە باس لەوەدەکەن کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران ئەو هێزانە بە فەرمی قبوڵ ناکات، بۆ گەواهی دەری ئەو ڕاستیەش مرۆڤ دەتوانێت نموونەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆسەر حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی باشوری کوردستاندا بهێنێتەوە، کاتێک دوژمنێکی وەک دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ئەو هێزانە بە فەرمی قبوڵ نەکات، ئەو هێزانە لەسەر چ بنەمایەک دانوستاندن لە گەڵ ڕژێمی داگیرکەری ئێراندا دەکەن؟

- زیلان ڤەژین: ئێمە ناتوانین ئەو بابەتە بە شێوازێکی تەنگ بگرینە دەست، کە بۆچی دوێنێ شەڕبوو، کەچی ئەمڕۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتری دەکەن. ئەو بابەتە وەهایە تۆ شەڕ بۆ ئەوە دەکەیت بۆ ئەوەی ئاشتی بەدەست بهێنێت. دەبێت ئەو زەمینەیە هەمیشە کراوە بێت. لێرەدا گرنگ ئەوەیە، کە ئایا ئێران لەم بارودۆخەدا دەیەوێت کێشەی گەلەکەمان چارەسەر بکات؟ بە بڕوای ئێمە ئێران دەیەوێت بەم شێوازە کاردانەوەی گەلەکەمان لەبەرامبەر خۆی بکوژێت یان لاوازی بکات، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هێرشەکان لەسەر دەوڵەتی ئێران زیادی کردووە و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئێراندا شوێنگەیەکی ستراتیژی خۆیە هەیە، گەلی کورد و سیاسەتی کوردیش ستراتیژیکە، هیچ شتێک بەبێ گەلی کورد نە لە جیهاندا نە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نە لە ئێراندا نابێت. لەبەر ئەوە دەیەوێت هێزی کورد مژووڵ بکات و ئاستی گەلی کورد نزم بکاتەوە. دەبێت ئەم سیاسەتەی ڕژێمی داگیرکەر باش بخوێنینەوە. پێش چەند ڕۆژێک ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕالی دا بانگی ئەوەی کرد" کە من ئامادەم ئەم شەڕە بوەستێنم و کێشەی کورد چارەسەر بکەم." ئێمە وەک پەژاک ئەو جیهانبینیینە واتە پارادیگما و فەلسەفەی و بیر و  ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەساس دەگرین، وەک ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پێداگری لەسەر ئەو ڕاستیە دەکەین کە دەتوانین کێشەی کورد چارەسەر بکەین، ئەمە بۆ ئێمە وەک پەژاک بابەتێکی ڕەخنە داینە لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ دا، کە نەمان توانیوە هەتا ئێستا کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێراندا بەڕێگا چارەسەری دیموکراتی چارەسەر بکەین. لەبەر ئەوە ئەو ڕێنماییە تازەیەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە بابەتێکی گرنگە، ئەگەر چی شەڕێکی دژواریش هەبێت ئەوا ئێمە ئامادەین کە چارەسەری لەو قۆناغەشدا بخوڵقێنین.

"دەیانەوێت هێزی کورد بخەنە ناو شەڕەوە، هەر بۆیە دەبێت لەم قۆناغە هەستیارەدا هۆشیار بین"

پ: واتا ئێوە لە پێناو ئاشتیەکی هەمیشەیی دا شەڕ دەکەن؟

- زیلان ڤەژین: ڕاستە، تۆ هەرچەندیش شەڕ بکەیت، ئەو شەڕە هەمیشەیی نییە، ئێستا شەڕێکی زۆر دژوار لە ناوچەکەدا هەیە، ئەو شەڕە هەمیشەیی نییە، بەڵکو شەڕێکی کاتییە. بەڵام رەنگە ١٠ ساڵیش بخایەنێت، ئەوەی هەمیشەیە ئارامیە لە ناوچەکەدا دیموکراسی و ئازادییە، داگیرکەری و دیکتاتۆری ناتوانێت تاسەر بێت. ئەمانە کاتین، چۆنکە لە جەوهەری کۆمەڵگادا شتێکی وەها نییە و گەلان هیچ کات لەگەڵ ئەم دۆخەدا نین، بێگومان داخوازی و هیواو ئاواتی گەلان هەر سەردەکەوێت. لەم قۆناغەدا شەڕ خزمەتی  دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ناکات، بەڵام ئەگەر شەڕێکیش دەرکەوێت هێزی ئێمە ئامادەیە.

پ: بەڕێز ڤەژین لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی ئێوە و هێزەکانی داگیرکەری ڕژێمی ئێراندا هاتە ئاراوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا چەند گەریلایەکی ئێوە شەهید بوون، ڕژێمی داگیرکەری ئێرانیش ژمارەیەکی کەم لە کوژرا و بریندارەکانی خۆی ڕاگەیاند، بە بڕوای ئێوە ئەم پێکدانانە بە رێککەوتن؟ یان سیاسەتێکی بەرنامە بۆ دارێژراوی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە؟ 

- زیلان ڤەژین: ڕژێمی داگیرکاری ئێران خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکردووە، گەریلاکانی یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە)ش لە زۆربەی شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەیە، کاتێک گەریلاکانمان جموجۆڵ دەکەن ڕوو بەڕووی سوپای داگیرکەری ئێران دەبنەوە، بێگومان دوو هێزی دژ بەیەک کاتێک ڕوو بەڕووی یەکدەبنە شەڕ دروست دەبێت، ئەنجامی هەر شەڕێکیش دیارە، مرۆڤەکان دەبنە قوربانی، بۆیە چەند گەریلامان لەو شەڕانەدا شەهید بوون، لە هێزی دوژمنیشدا بە ڕێژەیەکی زۆر کوژراو بریندار هەیە. ئێمە ناسنامەی ئەو هەڤاڵانەمان، کە شەهید بوون بڵاوکردەوە، بەڵام لە ئاستێکی بەرچاویشدا کوژراوی دوژمن هەیە کە هێشتا ڕانەگەینراون.

پ: کەواتە ئێوە ناتانەوێت  ئەو شەڕە  قوڵتر بێتەوە؟

- زیلان ڤەژین: بەڵی ئێمە نامانەوێت ئەو  شەڕە گەورەتر ببێت، ئەمە بەواتای ئەوە نییە کە ئێمە ئامادەی شەڕ نەبین. لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستاندا ئاشکرایە کە هەم لە بواری هێزی لەشکرییەوە و هەمیش لە بواری ئۆتۆریتەی سیاسییەوە هێزی ئێمە هێزێکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەبەر ئەوە ئەزموونمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. پەکەکە نموونەیەکی دیارە کە لە باکوری  کوردستاندا چۆن لە دژی داگیرکەری شەڕ دەکات، ئەوە ئەزموونێکی باشە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر شەڕێکدا سوود و قازانجی هەبێت بۆ هێزەکانمان. بێگومان ئەو هەڤاڵانەی کە لەم قۆناغەدا شەهید بوون بۆ ئێمە زۆر گرانبوون، ئێمە وەڵامی ئەو شەهادەتانە دەدەینەوە، باشترین وەڵام بۆ هەر کەسێک ئەوەیە، کە ئامانجی تێکۆشانی هەڤاڵانمان لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان و ئامانجەکانیان بهێنینەدی. هەڵوێستی ماڵباتی شەهیدان هەڵوێستێکی بە هێز و گرنگ بوو، ئەو هەڵوێستە ئەرکی تۆڵەسەندەوە لەسەر ئێمە فەرز دەکات. بەتایبەت هەڵوێستی ماڵباتی شەهید ڕزگار و شەهید فەرهاد بەرز دەنرخێنم و داخوازی ئەوان بۆ ئێمە وەک ئەمرێکە، هەر سڵاوێکی دایکێکی شەهیدان بریاڕداریی ئێمە بەهێزتر دەکات. پێکهێنانی ئەو ئەمرانە کار و خەباتی شۆڕشەکەمانە.

پ: کەواتە شەڕ لەم قۆناغەدا لە خزمەتی گەلی کوردا نابێت؟

- زیلان ڤەژین: نابێت، چونکە هێزی دەرەوە دەیانەوێت هێزی ئەڵتەرناتیڤ پەراوێز بخەن و لە هەمانکاتیشدا بیخەنە ناو شەڕەوە، هەم هێزێک هەیە کە پاڵ بە ئێمەوە دەنێت بۆ ئەوەی شەڕ بکەین، هەمیش هێزێکی هەرێمی کە پاڵ بە ئێرانەوە دەنێن لە دژی ئێمە شەڕ بکات. لەبەر ئەوە دەبێت هۆشیار بین، ئێمە وەک هێزێکی ئەڵتەرناتیڤ هیچ کەسێک ناتوانێت لە گۆڕەپانەکاندا گۆشەگیرمان بکات. ئێمە کارو خەباتی شۆڕش بەڕێوەدەبەین، سیاسەتی خۆمان بەڕێوەدەبەین و کۆمەڵگای خۆمان بە ڕێکخستن دەکەین. شەڕێکى تایبەتیی زۆر جدی لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە لەسەر ئێمە هەیە، لەسەر بنەماڵەی شەهیدان و دۆستانی ئێمە و بنەماڵەی هەڤاڵانمان هەیە، دەبێت ئێمە بە هۆشیارییەوە بەشداری تێکۆشان ببین لەم قۆناغ دا و بەم شێوازە ئەو گەمارۆدانەی کە لەسەر شۆڕشەکەمان هەیە تێکیبشکێنین. بێگومان شوێن و کاتی خۆی بێت ئێمە شەڕ دەکەین و تۆڵەی هەڤاڵانمان دەکەینەوە.

پ: کەواتە لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە لە خزمەتی گەلی کوردا نییە ئێوە لەناو جۆرێک لە بێ چالاکیدان لە بەرامبەر شەهید بوونی هەڤاڵانتاندا؟

- زیلان ڤەژین: بێدەنگی  نییە، بێ چالاکیش نییە، ئێمە خۆمان دەپارێزین. تیۆری خۆپاراستنیش ئەوە نییە کە تۆ هەر ڕابووەستیت و ئەوان لە تۆ بدەن.

"پێشکەوتن لە بیروبۆچوونی لایەنەکاندا دروست بووە"

پ: زۆر باشە. لە پرۆژەکەتاندا زۆر پێداگرن لەسەر ئەوەی، کە دەبێت حیزب و لایەنەکان لەگەڵ گەلی کوردا شەفاف و ڕاستگۆ بن، ئێوە وەک پەژاک تاچەندە لەگەڵ گەل دا شەفافن، دەمەوێت بپرسم ئەو ڕەخنە و پێشنیازانەی کە ئاراستەی پرۆژەکەتان کراوە لەماوەی ئەم ساڵەدا چی بوون؟

- زیلان ڤەژین: پرۆژەکەمان لەلایەن گەلەکەمانەوە  وەک پرۆژەیەکی کامڵ بینرا. لەبەر ئەوە لەو باوەڕەدام گەلەکەمان ڕاستیی تێکۆشان لە کوردستاندا دەبینێت، لە هەمان کاتیشدا گەلەکەمان ڕاستیی  دوژمنیش دەبینێت، لەبەر ئەوە پێموایە گەلەمان ئەو پرۆژەیە بە پرۆژەیەکی گونجاو پێناسە کردووە. ئەو  ١٠ خاڵەی کە ئێمە پێشکەشمان کردووە تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ گشت کوردستان خاڵی سەرەکی تێکۆشانن. لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە کار و خەباتی  دەوێت، کارێک نییە بە ئەمڕۆ و سبەی بکرێت، جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە تێکۆشانی جیاوازی دەوێت. هێزە سیاسییەکان ڕەخنەی ئەوەیان لێگرتووین، کە بۆچوونی ئەوانمان وەرنەگرتووە و یەکسەر بڵاومان کردەوەتەوە، بەڵام ئێمە هەر لەسەرەتادا پرۆژەکەمان پێشکەشی هەموو هێزە سیاسییەکان کردووە و پێمان ڕاگەیاندوون، کە دەتوانن ڕەخنەی خۆتان ئاراستەمان بکەن و ئەگەر بۆچوونێکیشتان هەبێت  دەتوانن پێمان ڕابگەیەنن، کە پرۆژەکە باشتر بکەین، خاڵەکان کەم  بکەین یان خاڵی دیکەی لەسەر زیاد بکەین، هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بۆچونێکیان ئاڕاستە نەکردووین. کەچی خالید عەزیزی ئامادەیە لە کەناڵێکی فارسی ئەمریکاییدا باسی ئەوە بکات کە دەتوانن کۆمیتەییەکی دیبلۆماتیکی هاوبەش دروست بکەن، ئەوە  لە ناو پرۆژەی ئێمەدایە ئێمە ساڵێکە بە پرۆژە و ئامادەکارییەوە باسی گرنگی کۆمیتەیەکی وەهامان کردووە.

پ: واتە هەمان پێشنیازی ئێوەیە و لەسەر ناوی ئەو بڵاو دەبێتەوە؟

- زیلان ڤەژین: دەتوانن بڵاوی بکەنەوە، بەڵام ئێمە لە زووەوە ئەوانمان بانگ کردووە، کە پێویستە کۆمیتەیەکی وەها دروست بکەین. ساڵێکە ئێمە باسی ئەوە دەکەین. مادەم گرنگیی کۆمیتەیەکی بەو شێوەیە بەناو دەکەن واتە پێشکەوتنێک لە ئارادایە!

پ: کەواتە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئێوە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە؟

- زیلان ڤەژین: ڕاستە هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە کۆ ببینەوە، ئەو لایەنەنانە ڕەخنە دەکەین و بانگیان دەکەین کە وەرن با لەسەر ئەو ١٠ خاڵە ڕێکبکەوین، دەشتوانین بەیەکەوە ئەو خاڵانە زیاد و کەم بکەین، گرنگ ئەوەیە کە ئیرادەیەکی هاوبەشی ئێمە دروست ببێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. گەل ئیرادەی ئەو حیزبانەی دروستکردووە، هەر بۆیە لە ئێستادا چۆن ئیرادەی گەل یەکگرتووە دەبێت ئیرادەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش یەک بێت. هەموو دنیا دەبێت باش بزانن بەتایبەت هێزە هەژموونگەراکانی وەک ئینگلیز، ئەمریکا و ڕوسیا، تورکیا و ئێرانیش ئەگەر بیانەوێت کێشەی ئێران چارەسەر بکەن پێویستە سەرەتا کێشەی گەلی کورد چارەسەر بکەن. هەر هێزێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەر بیەوێت دیزاینێکی نوێ دروست بکات بەبێ چارەسەرکردنی گەلی کورد ناتوانێت هیچ کارێک بکات. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەبێ پەژاک کێشەی کورد چارەسەر نابێت، ئەوە تەنها بۆچوونی ئێمە نییە، بەڵکو بۆچونی گەلەکەمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

"کێشەی ژنان سەرچاوەی هەموو کێشەکانە و پێویستی بە چارەسەرێکی ڕیشەیی هەیە"

پ: چۆن بەبێ کورد کێشەکان  چارەسەر نابن، بەبێ ژنیش کێشەی هیچ کۆمەڵگایەک چارەسەەر نابن، دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەو خاڵەی پرۆژەکەتان ڕابکێشم کە لەسەر ڕەوشی ژنان بانگەوازی ئەوەتان کردووە، کە دەبێت مەجلیسێکی هاوبەشی ژنان بونیاد بنرێت، گرنگی بونیادنانی مەجلیسێکی هاوبەشی ژنان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- زیلان ڤەژین: خاڵێکی ئەساسیی پڕۆژەکەمان لەسەر کۆمیسیۆنی هاوبەشی ژنانە، ئێمە باوەڕمان بەوەیە، کە ئەگەر لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکدا ئیرادەی ژن نەبێت، ئەوا ئەو کێشەیە ناتوانێت بە تەواوەتی چارەسەر ببێت، چارەسەرییەکی هەمیشەیی بێتە ئاراوە. بۆچی چونکە ڕوانگەیەکی تایبەتی ژن هەیە، کە چۆن چارەسەرییەکی ئەساسی بهێنێتە ئاراوە. لەبەر ئەوە خاڵێکی لاوازی ئەو حیزبانە ئەوەیە کە ئیرادەی ژنانیان لەناو خۆیاندا پێشنەخستووە. بەڵام پێشخستنی ئیرادەی ژنان لەناو پەکەکەدا لە ژێر  فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا بووە بە مۆدێلی ژیانێکی ئازاد و ئیرادەی هاوبەشی ژنان لەهەموو بڕیارەکاندا. بەتایبەت وەک  سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پارتیمان پەژاک تاکە حیزبە، لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستاندا ئیرادەی ژنان وەک  ئیرادەیەکی ئەساسیی ناوخۆی دەبینێت. ئەوەش  بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە تێکۆشانی خۆمان دەکەین و شەڕ لەگەڵ زهنییەتە سەردەستەکانی جیهان دەکەین. خاڵی هەرە لاوازی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی  کوردستان ئەوەیە کە ڕەنگ و دەنگی ژنانیان لە ناودا نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە تا چەند هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانیان تێدایە. هێزی چارەسەری هێزی چارەسەرکردنی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنها چارەسەری لە هێڵی سیاسی و دیبلۆماتیک و لەشکریدا ببینیت. کۆمەڵگا لەسەر هەر دوو کۆڵەکەی ژن و پیاو بونیادنراوە، کەچی ئەمڕۆ ئەو هێزە سەرەکییانەی کۆمەڵگا پارچە کراوەن. ئێمە هەمیشە وەک کەژار، کۆدار، وەک مەجلیسی ژنانی پەژاک و وەک هاوسەرۆکایەتی هەمیشە بە بایەخە دەڕوانینە ئیرادەی ژنان، ئێمە هەمیشە لە هەوڵدا بووین بۆ ئەوەی بتوانین یەکگرتنێکی ژنان دروست بکەین. لەم دوایانەدا لەلایەن کەژارەوە هەڵمەتی لە  دژی توندوتیژی لە سەر ژنان یەکبگرین، تێکۆشان بکەین، ئازاد ببین ڕاگەیەندرا، وەک ژنانی پێشەنگ ئێمە بانگ لە هەموو ژنان دەکەین، کە هەموو لە دەوری ئەم هەڵمەتەدا کۆببینەوە و بتوانین وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە.

پ: واتە ئێوە وەک پەژاک پشگیری ئەو هەڵمەتە دەکەن؟

- زیلان ڤەژین: ئێمە پێشتریش پشگیریی خۆمان ڕاگەیاندووە، ئەم هەڵمەتە هەڵمەتێکە، کە لەلایەن گشت تەڤگەرەکەمانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیریی لێدەکرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەگەر ئیرادەی ژنان لەناو هەر بڕیارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەشکری دا هەبێت ئەوا دەتوانێت چارەسەری بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە ڕۆژ ئاوای کوردستان هێزی ژنان لەبەر چاو بوو و هەمووان ئەوەمان بینی، لە ناو هێزەکانی یەرەکەدا هێزی پاراستنی ژن (هەپەژە) هەیە، ئەمەش ئیرادەیەکی گەورەیە. ئێمە ئەزموونێکی  گەورەمان وەرگرتووە و ئەو ئەزموونە لە گەڵ داخوازیی گەلەکەماندا بە ئامانج دەگەیەنین."

"ئومێدمان ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان لە ژێر چەترێکی دیمووکراتیکدا کۆبکەینەوە"

پ: لە کۆتاییدا دەپرسم ئێوە وەکو پەژاک تاچەند گەشبینن کە بتوانن لەو پرۆژەیەتاندا سەرکەوتووبن و بتوانن هەموو هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر چەترێکی دیمووکراسیدا کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت خاوەن ئیرادەیەکی سیاسی و لەشکریی یەکگرتوو بێت و وەک ئێوەش وتتان کوردان بتوانن خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆبن، تاچەند گەشبینن کە بتوانن ئەو پرۆژەیە بگەیینە ئەنجام؟

- زیلان ڤەژین: ئێران هەرچەند مانۆڕا بکات و شەڕ لەدەرەوەی سنوری خۆی دوور بخاتەوە و چەند لە دژی کوردان شەڕ بکات و سیاسەتی پارچەکردنی کوردان بەڕێوەببات، ناتوانێت خۆی لە گۆڕانکاری لابدات. کاتێک ئێمەش چاوی لێ دەکەین دەبینین کە  ئێران لە قۆناغی گۆڕانکاریدایە. چەمکی ئەوە لە ناو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، کە  هێزێک هێرشی ئێران بکات و وەک عێراق و سوریا  چارەسەری بۆ کێشەی کورد بهێنێت، ئێمە وەک پەژاک هیچ کات لە گەڵ ئەو بۆچوونەدا نین. ئێمە دەڵێین، کێشەی گەلی کورد بە هێزی خۆمان و  پرۆژەی ئەڵتەرناتیڤی خۆمان چارەسەر دەکەین. لەبەر ئەوەش گرنگە ئێمە وەک هێزی کورد بتوانین لە ژێر چەترێکی ئازاد و دیمووکراتیکدا کۆببینەوە و خۆمان بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا ئامادە بکەین. ئێمە نابێت ئامادە ببین، کە شتێک ڕووبدات، دەبێت ئێمە خۆمان زەمینی ڕوودانی ئاڵوگۆڕەکان ببین لە ئێراندا. لەدەرەوەی هێزە سیاسییەکان بانگەوازمان بۆ پێشەنگەکانی کۆمەڵگا وەک ئەکادیمسییەنەکان  و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان ئەوەیە، کە ئەوانیش گرنگیی ئەم قۆناغە باش بخوێننەوە و بتوانن هاوکار بن لە کۆکردنەوەی هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێبهێنن. دیسان دەمەوێت  ئاماژە بەوە بکەم کە هێزی  ژن لە ناو هێزی حیزبەکاندا چارەنووسسازە، هێزی ژن پێویستە جیاواز لە بەرژەوەندیی حیزبایەتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی ژنان ئەساس بگرن و بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە یەکڕیزیی لایەنەکاندا بگێڕن. کێشەی ژنان سەرچاوەی کێشەکانە، هەربۆیە پێیوستیمان بە بەرەیەکی یەکگرتووی ژنان هەیە.

 

ژ.ت